شەریف پاشای خەندان و پەیمانی سیڤەر

تا ئێستا کورد تەنیا یەک سیاسەتوانی ھەبووە، کە ھەم لە بواری سیاسیی و ھەم لە بواری لەشکریی و ھەم لە بواری دیپلۆماسیی، وھەم لە بواری زانیاریی مێژوو و جیۆگرافیا و ھەم لە توانای زمان و ھەم لە بەھرەی گفتوگۆ، پر بە واتای ئەو ھەموو وشانە: زانا و دانا و سیاسیی و دیپلۆمات و پسپۆریی لەشکریی و زمانزان (تورکیی، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزیی، فەرەنسیی، سویدیی و ئیتالیی) و لێزانی ھونەری دانوستان بووە: جەنەرال شەریف پاشای خەندان (١٨٦٥ – ١٩٥١)،
لە سالی ١٨٩٨ تا سالی ١٩٠٨ بالیۆزی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو – لە ستۆکھۆلم (سوید).
لە پاش جەنگی یەکەمی جیھانیی، نوێنەری گەلی کورد بوو لە گفتوگۆکانی کۆنگرەی ئاشتیی؛ بە زانیاریی و ژیریی خۆی (بەتەنیا) توانی وابکات سەبارەت بە داننان بە مافی بەخۆبریاردانی گەلی کورد لە ئاییندەی خۆی و دامەزراندنی دەولەتی کوردستان لەسەر خاکی پارچەیەکی گەورەی «کوردستانی عوسمانی» لە ھەردوو بەشی باکوور و باشووریەوە (لەماوەی سالێک) سێ ماددە (٦٢ و ٦٣ و ٦٤) بخرێنە پەیمانی سیڤەری «کۆمەلەی نەتەوان» (١٠ / ئاب / ١٩٢٠).
شەریف پاشا داینابوو دەولەتی کوردستان، بەپێی پەیمانی سیڤەر، وەک دەولەتێکی مەدەنیی و پێشکەوتووخواز بەرێوەببات، و بیکاتە خاوەن سوپایەکی مۆدێرن، و ئابوورییەکی پتەو، بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فورات و نەفتی کەرکوک و ناوچە کوردستانییاکانی موسل و دەشتە بەپیتەکانی ھەولێر و کەرکوک. بەلام بەداخەوە، لە دوا ساتی ئامادەکاریی بۆ دەرچوونی پەیمانە نێودەولەتییەکە، نوێنەرانی رێکخراوی (جەمعیەتی تعاون و ترقی کورد), کە بارەگاکەی لە ئیستانبۆل بوو، لە ژێر کاریگەری پروپاگاندەی تورکە ناسیۆنالیستەکان، لەبەر رێکەوتنی لەگەل وەفدی ئەرمەنەکان بە چارەسەرکردنی دوا تەگەرە (پرسی چەند ناوچەیەکی کێشەلەسەر لەگەل ئەرمێنیا) بە پێی چارەسەریی «کۆمەلەی نەتەوان» پاش دامەزراندنی کوردستان و ئەرمێنیا؛ بە دوو نامە، دووریانخستەوە لە جەمعیەکە و لە دۆسیەی پرۆسەی دانوستان: لە نامەی یەکەم پێیان راگەیاند کە ئەو چیدیکە سەرۆکی کۆمەلە و نوێنەری گەلی کورد نییە (لە سیڤەر)! لە نامەی دووەمیش بە ھاوپەیمانانیان راگەیاند کە ئەو چیدیکە نوێنەری کورد نییە لە دانووستانەکانی سیڤەر!
لە ھەمان کات دا ھاوپەیمانانیش (ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا) بەرەبەرە لە پرسی سەربەخۆیی کورد و دامەزراندنی دەولەتی کوردستان پاشگەزبوونەوە!
شەریف پاشا لە ھەلوێستی نادروستی سەرکردە خێلەکیی و ئایینییەکانی «جمعیە» زۆر نیگەران و نائومێد بوو و بریاری دا واز بھێنێت.
بەلام لەگەل ئەوەی کە رووشی دا، تا دوا سالانی ژیانی لە ئیتالیا، بە نامە لەگەل سەرکردەی دەولەتان خەرێکی ھەولدان بوو بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بەگشتیی.
ئەگەر کورد بێبەخت نەبوا، واتە سەرکردە ناسیاسییەکانی ئەو کاتی کوردان، بە ھۆشیاریی و دروستی مامەلەیان لە گەل دۆزی کورد و نوێنەرە زیرەک و لێھاتووەکەی کردبوایە، و ئەگەر ھاوپەیمانانی جەنگی یەکەمی جیھانییش (بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا) پرسی بەخۆبریاردانی ئاییندەی گەلی کورد و دامەزراندنی دەولەتی کوردستانیان بە پێی “پەیمانی سیڤەر» پشتگوێ نەخستبا، دەولەتی کوردستان پێش دەولەتەکانی عیراق و تورکیا و سوریا دادەمەزرا، و بە سەرۆکایەتی شەریف پاشا دەبووە دەولەتێکی شارستانیی و بەھێز و دەولەمەند و پێشکەوتووی نموونەیی لە رۆژھەلاتی ناوەراست.
ئاشکرایە، جارێ ئەم پرۆسەیە پەکی کەوتووە، تا گیانی شەریف پاشا لە جەستەی کۆرپەیەکی کوردی لە شێوەی وی بەرجەستە دەبێتەوە؛ بێگومان دایکانی کورد شەریف پاشایەکی دیکەیان دەبێتەوە.
ئەو دەرفەتە دووەمەی لە سالی ١٩٩٢وە، لە لایەن ھاوپەیمانان (ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا) لەئەنجامی راپەرێنی گەل لە بەھاری ١٩٩١، و بەھەلبژاردنی سالی دواتر – وەک نیمچەقەرەبوونەوەیەک بۆ یەکەم دەرفەتیی نێودەولەتیی – بۆ کورد لە بەشێکی کوردستان رەخسێندراوە، خەریکە بە ناتەبایی سیاسیی و نەزیفی فەساد لەدەست بچوێندرێت، و تەنیا تەبایی سیاسیی و راگرتنی نەزیفی فەساد: خەلک و خاک و کیانەکەی لە کارەساتێکی یەکجار گەورە دەرباز دەکەن و دەیانپارێزن.
بەھەرحال نابێت گەلی کورد بێئومێد بێت، ئەو رۆژە ھەردادێت، زوو یان درەنگ، چونکە وەک سیاسەتوان و خەباتگێری ھیندی جەواھیر لال نەھرۆ لە نامەیەک بۆ کچەکەی ئەندێرا لەبارەی ستەمی سەرکوتکردنی گەلی کورد لە لایەن تورکە کەمالییەکان نووسیویەتی و لە کتێبی (Glimpses of World History) بلاوکراوەتەوە: «مەحالە بتوانرێت گەلێک ھەتاھەتایە لە ئازادیی و سەربەخۆیی بێبەش بکرێت، کە ئامادەیە پربەھاترین شت لە ژیان واتە گیانی خۆی بۆ ئەم ئامانجە ببەخشێت».

Check Also

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ ئەی وەزارەتی ناوخۆ!

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ …