سیاسەتی واقیعیی لەپێناوی پاراستنی

خەلک و خاک وکیانی ھەرێمی کوردستان
سیاسەت، واتە ھونەری بەرێوەبردنی ولات یان حزب؛
سیاسەت دوو مەرجی سەرەکیی ھەیە بۆ سەرکەوتن:
رێبەری دانا وپەیڕەوی واقیعی. ئەگەرنا، سیاسەت بەسۆز و ئەندێشەو کورتبینیی دەبێتە مایەی: شکست ونەھامەتیی.
کورد نەتەوەیەکی بێ دەولەت و بێ پشتوپەنای دەرەکییە؛ خاکی نیشتمانەکەی لە لایەن چوار داگیرکەری ڕەگەزپەرست و ستەمکار ، زۆر لەمێژە داگیرکراوە؛ و جگە لە بورای سیاسیی، لە بورای نەتەوەیی و لەبواری مرۆڤایەتیش بەوپەڕی دڕەندەیی -لەپێش چاوی دونیا – دەچەوسێندرێتەوە و لەناودەبردرێت.
بۆیە دەبێت بەرپرسی سیاسیی کورد بە گشتی و لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەئاستی بەرپرسیارییەتی ئەم پرسە چارەنووسسازە بن:
دەبێت پێش ھەموو شتێک سەرکردەکانی حزبە سیاسییەکان (پڕ بە واتای وشەکە) سیاسیی بن، واتە دووربین و واقیعی بن، بە رێکخستن و پلانی گونجاو، و بەڕاچاوکردنی رەوشی دژوار، لەبەر رۆشنایی ئەقل و مەنتیق، بەپشتیوانیی ڕاوێژی شیاو و بەھێزی رێکاری دروست: سیاسەت پەیرەو و پیادە بکەن؛ تا گیانی خەلک و سەقامگیریی وار و کیانی نیمچەسەربەخۆی کە تەنیا پشتوپەنای ھەمووانە بپارێزن.
ئەگەرنا، سیاسەت، بەکورتبینیی وپەرتەوازەیی و وەک کەسابەت، دەبێتە سەرکێشیی بەرەو ھەلدێر و تەڵە و مەرگەسات.
ھەروەھا، ئاشکرایە کە شەڕی چوارداگیرکەری دڕندە لە یەک کات، خۆکوژییە!!!!
پێویستە گشت کورد، بەرپرس و تاک، بزانن ھەرێمی کوردستان – لە ناوچەیەکی توندوتیژو شلەژاو – تەنیا نیشتنگە و ژینگە و پەناگەی نیمچە سەربەخۆی گشت خەلکی ھەرێم و ھەموو نەتەوەی کوردە، بۆیە دەبێت پێکەوە و بەدلسۆزیی، وەک بیلبیلەی چاویان بیپارێزن.
جا چونکە ئەم پشتوپەنایە یەتیمە ھێشتا دۆزی کوردیی لە عیراق «بەتەواوی» بۆ یەکلانەکراوەتەوە،
و ھێشتا سێیەکی خاکی بەزەبری ھێز و چەکی قورس و ھەماھەنگیی سێ دەولەت داگیرکراوە، ھێشتا چەندین گرفت وکێشەی ھەلواسراوی لە گەل حکومەتی عیراق ھەیە، ھێشتا حوکمرانەکانییشی تەبا نین و بەرنامەیەکی ھاوبەش و پتەویان بەرامبەر حکومەتی عیراقیش نییە، و ھێشتا ھەرێم لەبواری لەشکریی لاوازە، و ناتوانێت بەرپەرچی ھێرشی ناھاوسەنگی ھەردوو حکومەتی تورکیا و ئیران (بە سوپایەکی یەکگرتوو و خاوەن چەکی مۆدێرن) بداتەوە: ھێشتا ئێستاو پاشەرۆژی ھەمووان لە ھەرێم لە مەترسیی جیددی دایە.
بۆیە جگە لە دانایی و واقیعبینیی وتەبایی سیاسیی و دەستپاکیی حوکمرانانی، پاراستنی خەلک و کیانی ھەرێم پێویستی بەوەشە کە بەرپرسانی ھەموو حزبەکانی کوردانی کوردستانی باکوور «تورکیا» و کوردستانی رۆژھەلات «ئیران»، بەتایبەتی ئەوانەی کە ھەرێم نیشتەجێ و پەناگە و مەلبەندی خەباتی سیاسییانە، بەکردەیی ھاوکاری بن.
نابێت دووبەرەی جەنگی دیکەش دژی حکومەتی دوو دەولەتی داگیرکەری دڕندە، لە بەرامبەر خۆیان و بەرامبەر خەلک و کیانی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە (لە کاتێکدا یەک بەرەش دژوارە)!
نابێت بیانوو بدەن بەو دوو رژێمە رەگەزپەرست و مەزھەبییە توندرەوانە، کە بۆ دەرفەت و پاساو دەگەرێن، بۆ ھەناردنەدەرەوەی گرفت و کێشەکانیان، لەجیاتی چارەسەرکردنیان، و “”«ئیدارە بەتەنگژە کردن»، و بەردەوام بە ھێرشی لەشکریی یان بوردمان، بە فرۆکەی بەفرۆکەوان و بێ فرۆکەوان و بە مووشەک و تۆپ … ، گیان و ئاسایشی ھەموو خەلک و خاکی ئەو نیشتمانە ھاوبەشە یەتیمە لاوازە لەناوببەن و ئاسایشیان بخەنە مەترسیی، رۆژانە کەسانی خەباتگێر و خەلکی سیڤیل خەلتانی خۆێن بکەن و واریان کاول بکەن.
ئەقل و مەنتیق و واقیعییەت، وا دەخوازن کە ئەو حزبانە لە ھەرێم تەنیا خەباتی سیاسی لەھەرێمەوە پیادەبکەن، و بارەگای ئاشکرایان لە ھیچ جێگەیەکی ھەرێم نەبێت «بەلای کەم لەپێناوی پاراستنی گیانی خۆیان و خەلکی سڤیلی دەوروبەریان». با بەراوردێکیش لە نێوان خۆیان و سیاسەتوانانی ئازەر و بەلوچ و عەرەبیش بکەن لە ئیران؛ بۆ ئەوان دەستیان نەداوەتە تفەنگ، لە کاتێک دا ئەوانیش، ھەم لە بواری سیاسیی و ھەم لە بواری نەتەوایەتیی دەچەوسێندرێنەوە؟ ئایا ئەوان ترسنۆکن و نازانن چەک بەکاربھێنن؟ یان ئەوان واقیعی و دووربینن و تەنیا بواری خەباتی سیاسیی بۆ مافە رەواکانیان بەدی دەکەن؟
لەم بارەیەوە دەبێت حکومەتی ھەرێمیش ڕاشکاو و واقیعی بێت، و بەفەرمی ئەو دوو رێنماییە وەک فەرمان بەھەمووان ڕابگەیەنێت و بەپێی توانا «بەقەناعەت پێھێنان پێیان» جێبەجێی بکات.
لە ھەمان کات پێویستە حکومەتی ھەرێم پەیوەندی لەگەل ھەردوو دەولەتی دراوسێ بە فەرمی رێکبخات، واتە فەرمانگەی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ئەنقەرە و تاران ھەبن، نەک نووێنەرایەتی حزبەکان؛
و ھەولی جیددی بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنووریی و ھێرشەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بەپێی یاسای نێودەولەتیی و لە رێگەی دیالۆگ، و داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق بکات «بەتایبەتی ئێستا، چونکە وەزیر کوردە و نوێنەری ھەرێمیشە» کە ھاوکاربن، ھەم بۆ کردنەوەی فەرمانگەی پەیوەندیی فەرمی لەو دوو ولاتە و ھەم بۆ وەستاندنی ھێرش و بۆردمان.
ھەروەھا حکومەتی ھەرێم خۆیشی وەک ناوبژیکار لە نێوان حزبە کوردییەکانی ئەو دوو دەولەتە و ھەردوو حکومەتی ئەو دوو دەولەتە پێشنیار بکات: لە پێناوی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو دوو دەولەتە بە شێوەی دروست، واتە بە شێوەی ئاشتیخوازانە و لە رێگەی دانوستان لەسەر دوو مێزی گفتوگۆ، چونکە پرسی کورد لەو دوو ولاتە فرە نەتەوە و فرەئایین و فرەمەزھەبە، بە ھێز و سەرکوتکردن و بەھیچ شێوازێکی توندوتیژیی و بەشەڕ چارەسەر ناکرێت، دەبێت ھەم ئەو دوو حکومەتە و ھەم ھەموو حزبە کوردییەکانی ئەو دوو دەولەتە ئەم راستییە تێبگەن، وبەکردەیی کۆشش و کاری بۆ بکەن، و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ببێتە ھاوکار و ھەماھەنگیان بۆ ئەم ئامانجە ستراتیجییە.
سیاسەتی واقیعیی بۆیە پێویست و دروستە، چونکە ئامرازی کەمکردنی دوژمن و پترکردنی دۆستە، واته رێگەی ڕاستی پاراستن و پێشخستنە.

Check Also

شەریف پاشای خەندان و پەیمانی سیڤەر

تا ئێستا کورد تەنیا یەک سیاسەتوانی ھەبووە، کە ھەم لە بواری سیاسیی و ھەم لە …