سەبارەت بە ڕەوشی ئێستا وداھاتووی ھەرێمی کوردستان
(پەیوەستن بە ھۆکار و تەگەرەکانی
سەر ڕێگەی پاراستن وگەشەسەندنی ھەرێم)
لەم کاتە ھەستیارەی رۆژھەلاتی ناوەراست و جیھان،خەلکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان، بێگومان خۆشحالن و شانازیی دەکەن بە کیانی ھەرێمی کوردستان و بە خەبات و خۆراگری گەل بۆ زیاتر لە یەک سەدە لە کوردستانی باشوور، بەلام بە ئاشکراش نیگەرانی و نارەزایی خۆیان دەردەبڕن: سەبارەت بە سەختی بارودۆخ، و مەترسیی کەلەکەوەبوونی گرفت و کێشەی نێوان سەرکردایەتی ھەردوو حزبی حوکمران، و هێڕش و هەڕەشەی داگیرکەران، وکاردانەوەی زەنگی بەردەوامی ھۆشیاریدانی ھاوپەیمانان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان.
بۆیە پێویستە سەرکردایەتی ھەردوو حزبی دەسەلاتدار و حکومەت و پەرلەمان، کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردن و ئایندەی خەلک و کیانی ھەرێم: ھەست و ترس و خواست و ویستی ھاولاتیان و ھۆشیاریدانی دۆستان، و پەلامار و پیلانی بەردەوامی داگیرکەران بەجیددی وەربگرن، و دەستوبرد بکەن لە چارەسەریی کردەیی گرفت و کێشە سەرەکییەکانى نێوانیان بەتایبەتی و ئی ھەموو ھەرێم بەگشتی، ئەگەرنا ھەرچەندە لەناوناچێت کیانی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، (بە پشتیوانی گەل و یارمەتی ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان), بەلام بێگومان: بەم شێوەیەی ئێستا “داری ئازادیی” کلۆر دەبێت، وچیدیکە «با ھەلناکات بە خواستی کەشتییەکان»، و بارگران دەبێت بە گرفت وکێشەی ناوخۆ و ھێڕش و مەترسیی دەرەکیی، لەبەرئەوە پێویستە ئەمسال ڕووبدات وەرچەرخان، لە شێوازی پەیڕەوکردنی سیاسەت و شێوەی پیادەکردنی حوکمرانیی و لە ئامرازی پاراستنی ھەرێمی کوردستان، بە ھاوکاریی دۆستان، وبە ویستی ئازادی خەلکی ھەرێمی کوردستان. بۆیە بەباشی دەزانم، چەند پرسیار و تێبیینییەک بورژێنم، کە ئاراستەکراون بۆ گەورە بەرپرسان، لەپێناوی بەخۆداچوونەوە و پێشگرتن لە زریان.
[پرسیارەکان: تیشک دەخەنە سەر ھۆکارە ڕێگرەکان لەزەمینەی پرۆسەی نەتەوە- و دەولەتسازیی- کیانی نیمچەسەربەخۆی ھەرێم]
– بۆ (ھەرێمی کوردستان) پاش دوو سال لە دامەزراندنی تا ئێستا کراوەتە دوو پارچە: (زۆنی زەرد و زۆنی سەوز)؟! ئایا بەدوو دەسەلاتی جیا و بە ململانێی بەردەوام،
بەرێوەدەبردرێت کیان؟!
– بۆ ھەموو شتێکی ئەو ھەرێمە، ھەر لە خەلک و خاک، ھێزی بەرگریی و سەرچاوەی ژیان، دادگە و رێکخراوە جەماوەرییەکان، تا دەگاتە «ئینتیمای شەھیدان»: بۆ دوو بەرەباب و دووبەشی جیا دابەشکران؟!
– بۆ نیوەی سامانی سروشتیی و داھاتی گومرگ و ئەرزی ھەرێم و بوارەکانی کار و بازرگانیی و ھاوردەکردن و کۆنترات و وەبەرھێنان: بوونەتە دوو مولکی تایبەت لە دوو لەتی ھاودژ و بێ میزانیە و پڕقەیران؟!
– بۆ خاوەن سەدان «پالاوگەی بێمۆلەت» و «کۆمپانیای تایبەت»، بیست ساڵە، بەئاشکرا، «نەفت» دەبەن بە تاڵان؟!
– چۆن دەیان بەرپرسی حزبیی و “جەنگاوەری شاخ” بوون بە ملیاردێر و ملیۆنێری ئاخیر زەمان؟!
– بۆ چیایەک یان گردێک یان گەرەکێک: بووەتە مالی یەکێک لە گەورەسەرکردان؟!
– بۆ کشتوکاڵ و وژینگەی ولات: (٣٠) سال پشتگوێخران؟! كوا پرۆژەی دانەوێلە و شیرەمەنیی و میوە و سەوزەی گەورە و کێلگەی توتن و شێوەی مۆدێرنی ئاودان؟! کوا رێکاری پاراستنی بەروبوومی نیشتمانیی لە کێبرکێی بەرھەمی ھاوردەکراوی بیانیان؟! کوا رێکاری پێویستی پاراستنی تەندروستی ھاولاتیان و ژینگەی شاران, لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مووەلیدەکان،
– کوا “یاسای کار” و رێکاری پاراستنی گیانی کرێکاران، بەتایبەتی لە بێکاریی وگیان لەدەستدان، بەکەوتنەخوارەوەی بەردەوام لەسەر ئەسکەلەی بالەخانەکان؟!
– کوا پلان و پەیکەری پیشەسازیی سەرەتایی؟! بۆ وای لێهات: چوارھەزار کارگە (٥٥٪) داخران؟! و دەھەزار کرێکار بێ کار کران؟! کوا ئاسانکاریی و ھاوکاریی بۆیان؟! ئەدی چییان لێھات کارگەکانی جگەرە و دارتاشیی و نەسیج و شەکری ھەولێر و سلێمانی و شوێنی کاری ھەزاران کارمەندانیان؟!
– بۆ چەندین باخچە و پارکی بچووکی شاران، لەجیاتی سەوزایی ژینگەپارێز و جێگەی پشوودانی ھاوولاتییان، لەلایەن چەند بەرپرسێک رفێندران؟
– بۆ نیوەی زەوی چاندن کران، بە سیتیی و ڤیلای گران؟ وبۆ لەسایەیانەوە ناسنامەی جوگرافی و سروشتی دیمۆگرافی (پێکھاتەی خەلکی) گەورەشارانی ھەرێم شێواندران؟
– بۆ زوربەی پرۆژەکان تەرخان نەکران، بۆ خانو و شوقەی ئەرزان، بۆ کڕین یان کرێ بۆ چینی ھەژار و حەشامەتی کرێچییان؟!
– بۆ دەوروبەری جادە خێراکان: بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران؟ چوونە ناو کام گیرفان؟!
– بۆ پاش (١٧) سال دەرفەتی دەستوریی – بەپێی دەقی ماددە (١٢٠)ی دەستووری ئیتیحادی، ھێشتا نە دەستوور و نە دادگەی دەستووری ھەیە، ھەرێمی نیوچەسەربەخۆی کوردان؟! کوا رۆلی پەرلەمان و کوا لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمان؟!
– بۆ سزای مرۆڤکوژان، ھەر دابەستنی کاتییە لە زیندان؟! تا رۆژی ڕاگەیاندنی لێبووردنی گشتی لە زوربەیان، لەسەر حیسابی داد و ماف و ویژدان؟! بۆ سزا نادرێن گەورە فاسیدان وگەورەسەرپێچیکەران و گەورەقاچاخچییان؟! ئاوا بەرھەلستی دەکرێت تاوان؟! کوا بەرھەمی کار و مووچەی دەستەکانی دەستپاکیی و چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان؟ ئاوا چاودێری دەکرێت دەستپاکیی کارمەندان و داھات و سەرفی دەرامەت وماف و کەڕامەتی ئینسان؟!
– بۆ بەدواداچوون و لێکۆلینەوە و لێپێچینەوەی تەواو ناکرێت لە تاوانی بەربلاو لە ھەرێم – بەتایبەتیی لە تاوانی لەڕادەبەدەری چەکھەلگرتنی بەرەللاو لە بەردەوامیی کوشتنی کیژ و ژنان؟! بۆ ناپارێزرێت سەربەخۆیی دەزگای دادوەریی «إستقلالية القضاء» و بۆ پاکناکرێتەوە لە فاسیدان، وبۆ پاکەکان ناپارێزرێن لە ھەرەشەی مەرگ لەخۆیان و مال و مندالیان، لەپێناوی جێبەجێکردنی داد وسلەمینەوەی تاوانباران لە تاوان؟!
– بۆ کونسلخانەکان رەخنەیان ھەبێت لە پاشەکشەی رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و لە سزای ڕادەربڕینی ئاشتیخوازانەی نارازییان؟!
– کوا پێگە و سەنگی یاسا، کوا هەیبەت و کارایی دادگە، کوا ھەلوێست و رۆلی ھەر سێ دەسەلاتەکان؟! کێ بەرپرسە لە پاراستنی ژیان و ئازادیی و سامان؟!
– بۆ (١٧) سالە دانەمەزرێندراوە سوپای فەرمیی ھەرێم، واتە: «ھێزی پاسەوانیی ھەرێمی کوردستان»؟!، بە سوودوەرگرتن لە مۆلەتی دەستووری ئیتیحادی – بەپێی خالی پێنجەم لە ماددەی (١٢١)، و بەپشتبەستن بە یاسایەکی خزمەتی لەشکریی زۆرەملێی پەرلەمان؟! تا وەزارەتی پێشمەرگەش ببێتە: «وەزارەتی پاراستن و پاسەوانیی ھەرێمی کوردستان»؟!
– تاکەی ھێزی پێشمەرگەی دووحزبیی رۆژگاریی شۆرش، لە جیاتی سوپای فەرمیی و دەستووریی سەردەمی خۆحوکمران؟! تاکەی پێشمەرگە نەبنە سەرباز و ئەفسەری (سوپای) دەستووریی ھەرێم، و مووچە و دەرمالەیان یەکسان نەبێت لەگەل ئی سەرباز و ئەفسەرە عیراقییەکان؟! ھەشت سالە ھاوپەیمانان، ھیچ ماوە نەیکەن بەم نیازە بۆتان؟! چۆن یەکدەگرن ھێزی چەکداری دوو حزبی لە ھەموو شتێک جیان؟! ئەمە رویداوە لە ھیچ ولاتان؟! بۆ ھەنگاو نانێن بەرەو «لەشکری پاسەوان»، کە تەنیا رێگەیە بۆ دامەزراندنی (سوپای پارێزەری کوردستان) بە ڕاوێژ و مەشقی ھاوپەیمانان؟!
– بۆ ھەردوو ئیدارەی ھەردوو زۆن دروستیان نەکرد لەماوەی بیست ساڵ: چوار وێستگەی کارەبای حکومیی وەک چوارە تایبەتەکان، بۆ هاوولاتیی و کارگەکان؛ ھەروەھا چوار بەنداوی گەورە بۆ ئاوی پێویست، و وەک گرنگترین کارتی دانوستان؟!
– بۆ دروست نەکران ھەشت سایلۆی گونجاو بۆ کڕین و ئەنبارکردنی گەنمی جووتیاران، تا دابینبکرێت کەرستە و ئاسایشی نان، وتا لەوەرزی خۆی لە ھەرێم وەربگیرێت رەنجی شان، نەک پاش چوار پێنج سال چاوەروانی وپاڕانەوە لە پایتەختی شاگردانی تاران؟!
– کوا چوار نەخۆشخانەی حکومیی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشیی و نەشتەرگەریی گران، لەسەنتەری ھەر چوار پارێزگاکان؟! بۆ نەخۆشانی خۆشتان!! لەجیاتی ناچاربوونی نەخۆشانی داماو، پاش ٣٠ سال لە خۆبەڕێوەبردن بە گەڕان، بەدوای چارەسەریی لە تورکیا و ئوردن و ھیندستان؟!
– کێ لێنەگەڕا، پێش دوازدە سال «ترام و سیتی پاس» دروستبکرێن بەھاوکاریی کۆمپانیای ئەوروپییان، بۆ باشترکردنی سیستەمی ھاتووچۆ و تۆڕی ڕێگەوبان؟! ھەرچەندە ملیۆنان دۆلار بۆ نەخشەکانیان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرفکران؟!
– بۆ ٣٢ سالە دانەمەزراوەتەوە «کۆریی زانیاریی کوردیی» بۆ پاراستن و پێشخستنی زمان؟! و بۆ بەدیھێنانی «زمانی نووسینی کوردیی یەکگرتوو – ستانداردی کوردان؟! تاکەی دوو زار، و پڕ لەھەلەی وشە و رێنووس و رێزمان، بۆ نووسین بەکاربھێنرین لە ئیدارە و ڕاگەیاندن و فێرگەکان؟! کەی بەرپرسیارییەتی ئەم کارە دەگرنە ئەستۆ حکومەت و پەرلەمان؟! پێشتر دەگوترا رێگرن لەم کارە حوکمرانانی داگیرکەران، ئەدی ٣٢ سالە کێ رێگرە لەم پێداویستییە نەتەوەییە ستراتیجییە لە واری خۆبەڕێوەبەری نیشتمان؟!
– ٣٢ سال بەس نەبوو، بۆ چەسپاندنی یەک ناو بۆ “مەکتەب” و یەک ناو بۆ “تەلەبە”؟! تاکەی لەملا “قوتابخانە” لەو لا “خوێندنگە” / لێرە “قوتابی” و لەوێ “خوێندکار”؟! ئایا حالەتی وا ھەیە لە ھەموو جیھان؟! ئەگەر دوو وشە بە ٣٢ سال یەکنەگرنەوە، بەچەند سالی دیکە لە پلانتان، یەکدەگرنەوە دوو دەڤەری خاکی باب و باپیران؟!
– بۆ (٣٠) سالە «سندوقی خانەنشینیی» نەماوە، ھەرچەندە شایستەکەی بەردەوام وەردەگیرێت لە مووچەی فەرمانبەران؟!
– بۆ مووچەی نەدراوی چەندین سال تا ئێستا نەکراوەتە «پاشەکەوت» بۆ کارمەندان، بەدانانی لەسەر حیساب لە بانکەکان؟! کوا وەعدی سەرەتای ئەم لێبڕینە، و کوا دروشم و دیمانەی کاتی ھەلبژاردنەکان؟!
– بەکورتیی: بۆ زەوی و سەروبنی، بەم دەردەبران و ناخیان بەھەدەردران؟! بۆ ھاولاتیان و کیان بە مەبەستی کورتبینی «ئابووریی سەربەخۆ» لە گێژاوی کێشە و قەیران نوقمکران؟! و بۆ ھێشتاش دەسترۆیشتووان، لەگەل یەکدی ناتەبان؟!
– بۆ ھەلبژاردن، کە «پەناگەی ئارام»ی ھاوپەیمانانی دەسکەوتی ڕاپەرینی گەلی کردە «ھەرێمی کوردستان»، و سەرچاوەی شەرعییەتی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمە، پاش ٣٠ سال فرێدرایە سەبەتی “کاتێکی نادیار”و بێباکانە لە مەترسی و زیان؟!
بۆ وایلێکرا بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی پەنا ببردرێت بۆ دادگەی «باغی ناداد» لە «سەنتەری بێسەروبەری داگیرکەری ناوچە دابرێندراوەکان»؟! ھەرچەندە لەمێژە گشت ولاتانی دۆست زەنگی ھۆشداریی لێدەدەن بۆتان؟!
– ئایا ئەم بارودۆخە دژوارە بەرھەمی سیاسەت و شۆرش و کوردایەتیی و فیدرالییەتە؟ یان، خراپ بەکارھێنانی ھەرچواریان؟!
– ئەمەیە پاداشی پتر لە ١٠٥ سال خەبات و ئازار و قوربانیی کوردان، لە ناوەراستی کوردستان؟! (١٩١٨-٢٠٢٣)
– بۆ وای لێبێت، دەیان هەزار هاونیشتمانیی، بەتایبەتی لاو، ئەوھەندە بێزار و بێ ئومێد بن، ئاوارەوسەرگەردان بن یان بیانەوێت بگەرێنەوە باوەشی عیراقی «حەوشی پشتەوەی ئیران»؟! لەبیربکەن چەوسانەوەی پتر لە سەد سالی نەتەوەیان: کارەساتی ھەلەبجە و کۆمەلکوژیی ئەنفال و خۆشی کەرنەڤالی یەکەم ھەلبژاردنی پەرلەمان؟! بۆ وای لێبێت شانازیی (نیمچەسەربەخۆیی) ھەرێم، ھەر بەراورد بکرێت لەگەل ئارەزووی سەرلەنوێ دیلیی ژێردەستی داگیرکەران؟!
– ئەدی ئێستا بەتەمان، بەزنجیرەیەک کۆبوونەوەی «تا کاتێکی نادیار»: چارەسەری رەوشی دژوار، بکەن دیار، و پێشبگرن لە کارەساتی چاوەروانکراو قوربان؟!
یان پێکھاتن کە «ھەتا ھەتایە» نەبنە تەبا و ھاوپەیمان؟! و «قيري سيا» لە ویست و پێداویستیی گەل و لە داوا و ھۆشیاریدانی دۆستان؟!
***
* بەھەرحال، ئاشکرایە، تەنیا چارەسەریی ئەم رەوشە مەترسیدارە و ئاییندەی لێلی ھەمووان: تەبایی و چاکسازیی ئیداری و ئابووریی و سیاسییە یان ھەلبژاردنێکی ئازاد و پاکە، بەسەرپەرشتیی و چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان،
– لە پێناوی «پەرلەمانێکی کارا» و «حکومەتێکی پتەو» و «سوپایەکی فەرمیی” پاسەوان،» و «دەستوورێکی گونجاو» و «سیاسەتی دروست و تەبا و پەیوەندیی دەرەوەی ھاوبەش و ھاوسەنگ» بۆ سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان.
– کە توانای مرۆیی و سامانە سروشتییەکەی و ئاو و کشتوکال و گشت داھاتی بە پاکیی و جوان؛ بەکاربھێنن بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان:
– بە دانانی کەسی شیاو (لێھاتوو و دەستپاک) لە جمگە سەرەکییەکان، بۆ سەروەرکردنی یاسا، و بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی کۆمەلایەتیی، و بۆ دابینکردنی ئارامیی و خزمەتگوزاریی و گوزەران، بۆ گشت خەلکی خۆراگر و بەستەزمان،
– ئەگەرنا، بە دوو دەسەلاتداریی (دوو پارێزگایی) و چەندین گرێ و گرفتی دووبەرەکیی و دەیان کێشەی بەرێوەبردنی سەخت و گران: بەرێوەیە گەردەلول و زریان، بۆ ھاولاتیانی گیرۆدە و بێ دەرەتان، بەلام گەورەترین زەرەر دەکەن سەرقافلەچیانی کاروان،
– جا یان بەخۆیان دادەچنەوە گەورەبەرپرسان، و بە ھاوکاری گەل و بەیارمەتی دۆستان، ھەموو پێکەوە ھەلدستنەوە سەرپێیان،
– یان ھەموو دەبنە سەرنشینی پاپۆری شڕی بەر تەوژمی شەپۆلی دەریای داگیرکاریی بێ ئەمان، لەھەرچوار لای دەورەدراو و بێ دەرچە و دوور لە فریادرەسان؛
– چونکە فریادرەس وەرس بوون لەفریاکەوتن و لە ھاوکاریی و لە ھۆشیاریدانی بێوچان: لە خڕبوونەوەی گرفت و کێشەکان، و لە زیانی نەزیفی فەساد، و لە بەردەوامیی ناتەبایی، و لە کات بەفیرۆدان. و لە بایەخ بەکەس نەدان!!! بۆیە تەنیا رێگەی دەربازبوون: (ھەلبژاردنێکی ئازاد و پاک)ە، وەک وەرچەرخان.
– ————————————–
* پاشان، چەند پرسیارێکیش بۆ بەرپرسانی حزبەکانی ھەردوو بەشی کوردستانی سەر بە تورکیا و ئیران – نیشتەجێ لە ھەرێم،
و ئامۆژگارییەک بۆ بەرپرسانی ئیدارەی خۆیی بەشی کوردستانی سەر بە سوریا:
– برایانی باکوور کە ناتانەوێ و ناخوازن: سەربەخۆیی و فیدرالیی و خۆحوکمران بۆ باکووری کوردستان، ئەدی بۆ دەستتان داوەتە چەک و لە ھەرێمی کوردستان؟ سەرباری ھەموو کێشە و دەردو خەفەتان، چوونەتە سەرسنوورەکان، و دەستتان گرتووە بەسەر دەیان گوند، و خۆتان و خەلکی لادێییشتان خستووەتە ژێر زەبری ھێرش و ھەرەشەی سوپای زەبەلاح و فرۆکەی شەرکەری تورکان؟! چییە ئامانجتان؟! روونی ناکەنەوە بۆ ھەمووان؟!
– بۆ لە رۆژئاوا و شنگال بەم شێوەیە دەکەن دەستێوەردان؟ لەبەرژەوەندی کێ، کە ناتانەوێت دابەشبکرێن دەولەتانی داگیرکەری کوردستان؟!! ناشتانەوێت بەدیبھێت (دەولەتی کوردستان)؟!!
* برایانی رۆژھەلات ئێوە بەتەمان، بەشەڕ چارەسەربکەن دۆزی کورد لەگەل رژێمی تیۆکراتی ئاخوندان؟! کەبایەخ نادەن بە ماف و گوزەرانی گەلی فارسی خۆشیان؟! بۆ بەس کورد ببنە نێچیری مووشەک و دڕۆن و سێدارەی دڕندان؟! بۆ ئازەر و بەلوج و عەرەب لە ئیران، ئەم رێگەیەی ئێوە ناگرنەبەر، ترسنۆک و نەزان و بێتوانان ئەوان؟! یان واقیعین، چونکە خەباتی چەکداریی گەلان، تەنیا بۆ سەربەخۆیی دروستە، و بەکوشتدانی رۆلەی گەل و کاولبوونی مال و واریان، بەس بۆ دەولەتێکی سەربەخۆ و دەسەلاتێکی دادپەروەر ھەیە پاکانەیان؛ ئەم ئامانجەش مەرج و دۆخ و پشتی متمانەپێکراوی دەوێت بەرێزان، نەک تەنیا ھەست و سۆز و دروشم یان سینگی رووت و تفەنگ و بارەگای ئاشکرا لە ھەرێمێکی لاواز و پڕ گرفت و دەورەدراو و بارگران؟!
* تێبینییەکیش بۆ برا وخوشکانی رۆژئاوا، کە رەخساوە دەرفەتی خۆبەرێوەبردن بۆیان: (دەسکەوت گرنگە لە ژیان، بەلام گرنگتر ئەوەیە بپارێزرێت لە لەدەستدان)؛ وانەی عەفرین و سەرێ کانی و گردەسپی بھێننە بەرچاوان، ئەرک و کاری خۆتان دانایانە ڕاپەرێنن بەخۆتان؛ بە تەدبیریی بیرمەندانی خۆتان، و بە دەست و ڕای کەسایەتیی خۆتان، و لەسێبەری ئالا و ئامانج و وێنەی تایبەتی خۆتان / ئەگەر یارمەتیدان خزمتان، نابێت ببێتە خاوەن ماڵتان، وبتانکاتە دێجامەی ھەردوو راوچییە ناسراوەکانتان (لە ئەنقەرە و دیمەشق)، دەنا کار وکۆششی کورتبینانە و پێچەوانەی ئەقل و مەنتیق رەنج بەخەسارە و لە کۆتایی دەتانبات بەرەو فەوتان، بە دەرفەت و دەسکەوت لەدەستدان!! بۆیە فریای خۆتان بکەون، تا کات ماوە لەپێشتان.
– ————————————
* ھەرێمی کوردستان – عیراق، کیانێکی دەستوریی و جێگیرە، ھاوپەیمانانی لە (١٩٩١)وە دایانمەزراندوە، و تا ئێستا دەیپارێزن، وایان کرد لە دەستووری ئیتیحادی عیراق (٢٠٠٥), بە شێوەیەک بچەسپێت، کە بێ رازیبوونی دوولەسەرسێی دەنگدەرانی (٣) پارێزگا ھەموار نەکرێت – خالی چوارەم لە ماددە (١٤٢)؛ واتە بێ رەزامەندیی خەلکی ھەرێم، نە پێگەی ھەرێم و نە ھیچ ماددەیەکی ئەو دەستوورە ناگۆردرێت. بەلام کیان بەڕێوەنابدرێت بەتەنگژە، و گەل دەتوانێت لە ھەلبژاردنی داھاتوو، بەچاودیریی نەتەوەیەکگرتووەکان و یارمەتی ھاوپەیمانان، نوێنەری ڕاستینەی خۆیان، بە ئازادیی و بەویستی خۆیان ھەلبژێرن (وەک وەرچەرخان)، وبە ویستی گەلیش پێکبھێندرێت حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان. بۆیە پێویستە گەل داوای ھەلبژاردنێکی ئازاد و پاک بکات لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ھاوپەیمانان، وپتر لە ٩٠٪ بچن بۆ سەر سندوقی دەنگدان. ئەگەرنا دیارە کە هەر کیانێک، باری لەڕادەبەدەر گرانبێت: بە گرفت و کێشە و تەنگژە، بەجێدەمێنێت لە کاروانی پێشکەوتنی جیھان.
_ _ _ _ _
* کیانی سەربەخۆ، واتە (دەولەتی کوردستان), لە بەشێکی نیشتمان، خواستێکی دروست و ئامانجێکی ڕەوا و داوایەکی واقیعییە، و ڕاستییەکی نەشارەوایە، نەک خەیالی نووسەران و خەونی شاعیران، یان ئاواتی مەحالی خەباتگێران؛ چونکە بناخەی ھەیە و کەس ناتوانێت ھەتاھەتایە زەفت بکات ئەو مافە ڕەوایەی کوردان؛ وەک ھەموو گەلانی جیھان. بەلام بەرجەستەکردنی گەرەکیەتی قۆستنەوەی دەرفەتی ڕەخساو و هەلومەرجی گونجاو و خزمەتکاری رێنیشاندەری خاوەن ئامراز و راوێژ و ھاوکار و پلان، وگەلی خۆڕاگر؛ مێژووش سەلماندویەتی کە چەند قوربانیدەر و خۆڕاگرە گەلی کوردستان.
* ئەم ئامانجە (بە بەرجەستەکردنی مەرجەکان) لە ئاییندە ھەر دەھێتەدی، و ئالای کوردستانیش دەشەکێتەوە، رۆژێک لە رۆژان، لە بەر دەروازەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.
Check Also
نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لەدووا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چی خستەڕوو؟
(جنین پلاسخارت – Jeanine Plasschaert) لە رۆژی ٢ / ٢ / ٢٠٢٣، چی بە پێویست …