تاکەی پێوەری ھەلسەنگاندن لە ھەرێمی کوردستان

بە بەرەواژیی بەکاردەھێنرێن؟ پەرلەمان وەک نموونە
ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان: لەجیاتی ئەوەی لە ماوەی چوار سال بە مووچەی زل و ئیمتیازاتی دەگمەن: تەبایی سیاسیی لە نێوان فراکسیۆنەکان سازبکەنەوە، و دەستووری ھەرێمی کوردستان، کە ١٧ سالە لەنێو دەستووری ئیتیحادی عیراق دەرفەتی بۆ رەخساوە، دەربچوێنن، و یاسای خزمەتی لەشکریی زۆرەملێ ئەنجام بدەن، وەک بنەما بۆ دامەزراندنی ھێزێکی لەشکریی نیزامیی نیشتمانیی یەکگرتوو، واتە «ھێزی پاسەوانی ھەرێمی کوردستان»، وەک ئەوەی دەستووری ئیتیحادی رێگەی بۆ خۆشکردووە، و چاودێریی ئەدای حکومەت و حکومەت بە پێشکەشکردنی میزانیە ناچار بکەن …؛
زوربەی زۆریان، واتە بە شێوەیەکی گشتیی و بە ئاشکرا، کەمتەرخەم بوون لە ئاستی بەرپرسیارییەتیان و شکستخواردوو بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەر شانیان، چونکە لەماوەی چوارسالی خولەکە نەیانتوانی «یاسای ھەلبژاردنی پەرلەمان» ھەموار بکەنەوە و «کۆمیسیۆنی ھەلبژاردن وڕاپرسیی ھەرێم» کارا بکەنەوە. بە پێچەوانەشەوە بە شێوەیەکی نایاسایی و نادەستووریی تەمەنی خولی خۆیان سالێک دریژکردەوە، لە کاتێک دا لە ھەموو ولاتانی دیموکراتیی دونیا، ھەلبژاردن پێشدەخرێت نەک پاش.
ئەم سەرپێچییە یاساییە روونەش بووە ھۆی ھەلوەشاندنەوەی پەرلەمانی ھەرێم لە لایەن دادگەی ئیتیحادی بالا لە بەغداد و کردنی حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم بەکاربەرێکەر و دروستبوونی بۆشایی یاسایی، لە پال بۆشایی دەستووریی، لە ھەرێمی کوردستان!!
ئەوجا، لە جیاتی لێپێچینەوە و دەستنیشانکردنی ھۆکار و زیانەکانی ئەم شکستەیان، پاداشکران لەبەرامبەر کەمتەرخەمیی ئاشکرایان لە ئاستی لێپرسینەوە و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، و ھەرچەندە زوربەیان بەردەوامبوون لە سەر مووچە و ئیمتیازاتی نا یاسایی و ناشەرعیی تا کاتی ھەلوەشاندنەوەی خولەکەیان، خەلاتیش کران بە بڕی ٤٩ ملێۆن دینار و ٩٩ کەسیشیان (لە کۆی ١١١ کەس) بە مووچەی شاھانە و ئیمتیازاتی تایبەت خانەنشین کران!!(ھەندێکیان ھێشتا گەنجن، لەنێوان ٣٠-٤٠ سالیی، کە دەبێت بگەرێندرێنەوە سەر کاری پێشوویان)!
لە کوێی دونیا ئەم جۆرە ھەلسەنگاندنە سەقەتە پەیڕە و پیادە دەکرێت؟ تاکەی پێوەری ھەلسەنگاندن لە ھەرێمی کوردستان بە بەرەواژیی بەکاردەھێنرێن؟ تاکەی بەرپرسانی بالای ھەرێم ئامانجی پرینسیپی پاداش و لێپێچینەوە بە پێچەوانە پیادە دەکەن؟ تاکەی پەرلەمانتار لە ئاکامی چوارسال بەناوی ئەندام پەرلەمانیی، بەم شێوەیە نادروستە لەسەر حیسابی گەنجینەی خەلکی ھەرێم خانەنشین بکرێن؟ ھەرچەندە پتر لە نیوەیان کەسی شیاو نین لە جێگەی شیاو، و رەنگە ھەندێکیان ھەر پێناسەی پەرلەمان و مەرجەکانی یاسادانان و ئەرکە بنەرەتییەکانی پەرلەمانتار نەزانن؟
پرینسیپی پاداش و سزا «الثواب والعقاب» بنەمایەکی یاسایی و رەوشتیی و ئاینییە کۆمەلگە لە ئاژاوە و فەساد دەپارێزێت، بۆیە دەبێت بە دروستی نەک بەرەواژیی پیادەبکرێت.
ھیوادارم خەلکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان لە ھەلبژاردنی داھاتوو دا دەرفەتی ھەلبژاردنی نوێنەری راستەقینە و کارای خۆیان واتە کەسی شیاو بۆ جێگەی شیاو لە کاندیدی لێوەشاوە و دەستپاک و ویژدان ئاسوودەیان بۆ بڕەخسێت، و زیاتر لە ٩٠٪‏ بچن بۆ سەر سندوقی دەنگدان، بەلکو بتوانن لەم رێگە رەوایەوە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە نەخشەی سیاسیی و جۆری ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسانی گشت جمگە ھەستیارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەل و نیشتمان بەدەستبھێنن، لە پێناوی پەیرەوکردن و پیادەکردنی پێوەرەکانی ھەلسەنگاندنی کار لە ھەرێمی کوردستانیش بە شێوەی دروست.

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …