لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراق
و ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی «ئابووریی سەربەخۆ »؟
ئەگەر رێککەوتنەکە بە دروستیی پیادەبکرێت، وادەکات:
١- چیدیکە نەفتی ھەرێم بە ئەرزانتر لە نرخی نەفتی عیراق نەفرۆشرێتە کڕیارەکان – جگە لەمە بازرگانە دەلالەکەی دەیفرۆشت، چیدیکە پارەی دەلالی لە فرۆشتنی نەفتی ھەرێمی دەستناکەوێت، بۆیە نەفتی ھەرێم گرانتر لە پێشان دەفرۆشرێت،
٢- لەمەوپاش نەفتی ھەرێمیش بەنرخی ئۆپێک لە لایەن کۆمپانیای «سۆمۆ»وە دەفرۆشرێت، بەلام کۆمپانیاکە نوێنەرانی ھەرێمیش لەخۆدەگرێت، بە دامەزراندنیان وەک جێگری سەرۆکی کۆمپانیا و چەند بەرێوەبەرێک؛ ھەروەھا نرخی نوێ یان کڕیاری نوێ لە لایەن وەزارەتی نەفتی عیراقەوە مسۆگەر دەکرێت، واتە فرۆشتنی بەگرانتر مسۆگەر دەبێت،
٣- چیدیکە تورکیا سێ ھەند کرێی ترانسیت لە نەفتی ھەرێمی دەستناکەوێت، واتە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ سەر نرخی نەفتی ھەرێم،
٤- گرێبەستەکانی کۆمپانیاکان لە لایەن وەزارەتی نەفتی عیراق، بە ئاگاداریی و ھەماھەنگی حکومەتی ھەرێم، ھەمواردەکرێن، چونکە بە شێوەی «ھاوبەشیی – sharing» کراون و تا ئێستا نزیکەی نیوەی داھاتی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بووە، ئەوەی دەگەرێندرێتەوە دەھێتەوە سەر داھاتی ھەرێم،
٥ – چیدیکە پارەی نەفتەکە لەسەر حیساب لە خەلک بانکی تورکی (Halkbank) دانانرێت، ئەمەش دوو خالی ئەرێنیی ھەیە: یەکەم ھەرێم ناکەوێتە ژێرباری ئیستیغلالی ئەو بانکە و فشاری حکومەتی تورکیا لەم بارەیەوە؛ دووەم لە حیسابێکی متمانەپێکراو لە لایەن ھەردوو حکومەتەوە دادەنرێت، داھاتەکەی روون (شفاف) دەبێت، و حکومەتی ھەرێمیش مافی بەکارھێنانی بۆ کاروباری ھەرێمی دەبێت،
٦- ئەگەر داھاتەکە لە بڕی پارەی پشکی ھەرێم لە بودجەی ئیتیحادی (١٢,٦٧٪) کەمتر بوو، حکومەتی عیراق بودجەی ھەرێم لەپارەی بودجەی ئیتیحادی تەواو دەکات. ھەرچەندە ئەم پشکە کەمترە لە پشکی شایستە، کە جاران بە سازان بە ١٧٪ چەسپێنرا بوو، تا ئەنجامدانی سەرژمێریی لە عیراق، و دیاربوونی رێژەی دانیشتواانی ھەرێم!
٧- ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم کە خاوەنی نەفت بن، پشکی پیترۆدۆلاریان لە لایەن حکومەتی عیراقەوە پێدەبرێت، ئاواش داھاتی ھەرێم زیاتر دەبێت،
٨- بەم شێوەیە بودجەی ھەرێم ھەم دەچەسپێت و ھەم مسۆگەر دەبێت، و ھەم روون دەبێت، و داھاتی نەفتیش زۆر زیاتر دەبێت لەوەی تا ئێستا ھەرێم لە ناردنەدەرەوەی نەفت دەستی دەکەوێت،
٩- گەورەترین تەگەرە و پاکانەی کەمکردن و دواخستنی مووچە لە ھەرێم وەلادەنرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی خەلکی ھەرێم، بەتایبەتی مووچەوەرگران و بزوتنەوەی بازار و باری ئابووریی و دۆخی کۆمەلایەتی ھەرێمی کوردستانە،
١٠- بە چارەسەربوونی گرفتی بودجە و گرفتی مووچەی ھەرێم، ھۆیەکی گەورەی ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی ھەردوو حزبی حوکمران لە ھەرێم، کە پەیوەستە بە دارایی واتە مەسرەفی زۆنی سەوز لە چوارچێوەی بودجە و پەیوەست بەمووچە لادەچێت،
١١- بەم (ڕێککەوتنە) پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراق باشتر دەبێت لە پێشان، و ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی گرفتە ھەلپەسێردراوەکان، بە تایبەتی گرنگتیرینیان: گرفتی «ناوچە کێشەلەسەرەکان»؛ لەسەرووی ھەموویانەوە گرفتی پارێزگای کەرکوکی دابڕێندراو, ئەگەر حکومەتی ھەرێم کۆمسیۆنێکی راوێژی بالا لە پسپۆرانی شارەزا لە زانستەکانی سیاسەت و یاسا و ئابووریی و لەشکری بۆ گفتوگۆ لەگەل لایەنی عیراقی دابمەزرێنێت.
١٢- دۆستانی ھەرێم رۆلیان ھەیە لەم پێشھاتە، بەتایبەتی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش پەیوەندی نێوان ھەرێم و ئەو دەولەتانە پتەوتر دەکات، ئەگەر حکومەتی ھەرێم تێبینییەکانیان سەبارەت بە بەرھەلستی کردنی فەساد و راچاوکردنی تەواوی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی ئازادی بیروڕادەربرین پیادەبکات.
١٣- دەرچوونی یاسای نەفت و گازی ئیتیحادی ئاسانتر دەبێت،
و ئاواش زۆر لە گرفتەکانی دیکەی نەفت وگازی ھەرێم یەکلادەبنەوە. لەم حالەتە دەبێت گشت «پالاوگە بێمۆلەتەکان» لەھەرێم دابخرێن و نەفتەکەی چیدیکە تالان نەکرێت، ھەروەھا قاچاخکردن بە نەفت زۆر سەخت دەکرێت، ئاواش دوو ئامرازی فەساد و بەھەدەردانی سامان و داھاتی نیشتمانیی تەگەرەی یاسایی جیدییان دەخرێنە پێش.
١٤- سەبارەت بە ٣ پرسیار کە لە لایەن زۆرکەس دەکرێن: ئەدی «ئابووریی سەربەخۆ» چی لێدەھێت؟ یان ئایا شێوەی پێشان لە فرۆشتنی نەفت شێوەیەکی «ئابووریی سەربەخۆ » بوو؟
یان بۆ ئەم رێککەوتنە ئێستا دەکرێت؟
– ئابووریی سەربەخۆ، مەرجی تایبەتی خۆی ھەیە. ھیچ کیانێک کە سەربەخۆیی سیاسیی و سەروەریی نیشتمانیی نەبێت، واتە دەولەتێکی سەربەخۆ نەبێت، ناتوانێت ببێتە خاوەن «ئابووریی سەربەخۆ»؛ نەخاسمە ھەرێمێکی نادەولەتیی دەورەدراو بە دەولەتانی دابەشکەری کوردستان، و بێ دەرچە بۆ سەر دەریا، و بێ سەروەریی بەسەر خاک و ئاسمانی.
– ئابووریی تەنیا بواری بازرگانیی، یان کەرتی نەفت ناگرێتەوە، بەلکو بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار … ھتد لەخۆدەگرێت؛ و دەبێت بگاتە ئاستی خۆبژێویی و کیفایەت، و لەسایەی دەسەلاتی سەربەخۆ و ئامرازی خویی ورێگەی مسۆگەر بەدیدەھێت.
– نەفتی ھەرێم کە تا پێش بریاری دادگەی پاریس، لەرێگەی تورکیا وبەسوودی زۆری کۆمپانیا بیانییەکان و تورکیا و کریار و دەلال دەفرۆشرا، و داھاتی ڕوون نەبوو، شێوازێکی ئابووریی سەربەخۆ نەبوو، چونکە ئاشکرایە کە لە چوراچێوەی مەرجەکانی ئابووریی سەربەخۆ نەبوو، کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، ھەرکاتێک تورکیا بیویستبا رایبگرێت، دەیتوانی رایبگرێت، واتە بەند بوو بە بەرژەوەندیی تایبەتی تورکیا و سیاسەت و ئارەزووی حکومەتەکەیەوە؛ وەک ئەوەی ئێستا کردی.
– ھەموو مامەلەیەک لەسەر بنەڕەتی سوود و زیان (قازانج و زەرەر) ھەلدەسەنگێندرێت، دیارە کە ئەزموونی واتە شێوازی پێشتر، زیانی زیاتر بوو لە سوودی؛ زیانی زۆری گەیاند بە ماف و بەرژەوەندی خەلک و کیانی ھەرێم … و بە داھاتی ئەم سامانە نیشتمانییە، کە مولکی نەوەکانی داھاتووشە، نەک تەنیا نەوەی ئێستا. بۆیە پێشینان گوتەنی: «زەرەر لە نیوەش بگەرێتەوە قازانجە».
– پاش دەرچوونی بڕیاری دادگەی ناوبژیکاری ژووری بازرگانی پاریس و پابەندبوونی تورکیا پێیەوە، کۆتایی ھات بە شێوازی پێشانی فرۆشتنی نەفتی ھەرێم، وھیچ بژاردەیەکی دیکەی فرۆشتنی نەفت لە پێش حکومەتی ھەرێم نەماوەتەوە، جگە لە رێککەوتنی فرۆشتنی لەرێگەی عیراق.
حکومەتی عیراقیش دەبێت بە پێی ماددەی ١١٢ ی دەستوور، پێکەوە بە ھاوکاریی و ھەماھەنگی ھەرێم نەفتی ھەرێمیش لە رێگەی کۆمپانیای فرۆشتنی نەفتی عیراقی (SOMO) بفرۆشێت، و دەبێت نوێنەری ھەرێمیش لەمەولا بەشدار بن لە بەرێوەبەرایەتی ئەم کۆمپانیایە، داھاتیشی بە روونی لە حیسابێکی تایبەت و لە بانکێکی متمانەپێکراو دابنرێت؛ و حکومەتی ھەرێمیش مافی تەواوی سەرفکردنی پارەکەی بۆ کاروباری ھەرێم دەبێت.
Check Also
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …