ڕیزداران ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش
ئەم کورتە باسەی من چەند تێبیینیەک دەخاتە بەرچاو کە ئاشکران، هێشتا لایەنە نەڕێنییەکانی ژیانی سیاسی لە عیراق دووبارە دەبنەوە، کە دیارە ئەنجامی کۆی گشتی سفرە. {مەبەستی ئەوەیە کە سیاسەت لە عیراق لە بازنەیەکی بۆش دا دەسوڕێتەوە و کۆی ئەنجامی کردەوەی سیاسەتوانە دەسەلاتدارەکان بۆ خەلکی ولات سفرە}.
بەلام پێش ئەوەی دەست بە باسکردنی بکەم، دەمەوێت هاوبەشتان بکەم لە چەند سەرنجێک لەبارەی شەپۆلی دوایی و بەردەوام و گەورەی باهۆزی تۆزوخۆلی گشت عیراقی گرتووەتەوە.
جا، هەرچەندە باهۆزی تۆزوخۆل دیاردەیەکی نوێ نییە لە ولات، بەلام شەپۆلەکەی ئێستا زۆر گەورەترە لەوەی عیراق لەم سالانەی دوایی دا پێیدا تێپەڕیوە. و لەنێو ئاگاداریەکەی لە مانگی شوبات دا پێشکەش بە ئەنجومەنم کرد، باسم لە مەترسییەکانی گۆڕانی ژینگە و کارتێکردنەکانی کرد، کە بە لەبەرچاوگرتنی (گرفتی) بەبیابانیبوون سەرچاوەی دڵەڕاوکێی سەرەکییە. لەو کاتەوە عیراق دووچاری باهۆزی تۆزوخۆڵی توند بووە کە ئاسمانی داپۆشیوە و وای لە خەلک کردووە بە دوای پەناگەدا بگەڕێن، و بووەتە هۆی نەخۆش کەوتن یان مردنی چەندین کەس. هەروەها، لەوانەیە ئەم باهۆزە لەم رۆژگارەدا سەختتر ببێت، بە واتایەکی دیکە بەردەوامبوونی پشتگوێخستنی کارکردن بۆ بەرهەلستی کردنی زۆر بە گران لەسەر خەلکی ئەم ولاتە دەکەوێت.
گەورەم سەرۆک: من کە ئەم بابەتە دەورژێنم، ئەم باهۆزە تەنیا سەرچاوەی دلەڕاوکێی خەلک نییە لە عیراق.
هێشتا خەلک لە عیراق لە چاوەروانی چینێکی سیاسین، کە لە جیاتی خەریکبوون بە شەڕ لەسەر دەسەلات، کە باوی نەماوە. {مەبەستی ئەوەیە: ئەم شێوە سیاسەتبازییە لە ولاتانی خاوەن سیستەمی حوکمرانیی شارستانی و پێشکەوتوو زۆر لەمێژە لە ڕێگەی هەلبژاردنی ئازاد و پاک و دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەسەلات کۆتاییپێهێنراوە}، هێشتا خەلک چاوەروانی چینێکی سیاسین، هەولبدات دەستوباسکی لێهەلبمالێت بۆ بەدیهێنانی لیستی درێژیی پێویستییە ژیارییە لەپێشینە هەلپەسێردراوەکان لە ولات. هەروەک دەزانن هەلبژاردنی سەرتاسەر پێش زیاتر لە هەفت مانگ ئەنجامدرا، بەلام وادە کۆتاییە جۆراوجۆرەکان (واتە دەستوورییەکانیش) بۆ پێکهێنانی حکومەت بەسەرچوون و پابەند نەبوون پێیان. ڕاستە کە عیراق تەنیا ولات نییە کە ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی درێژ بووەتەوە بۆ دامەزراندنی حکومەت، بەلام وا باشترە بۆ سەرکردە سیاسییەکان لە عیراق کە خۆیان لە پشت ئەم بیانووە نەشارنەوە، کە سەرنج لەسەر ئەوەی لە گۆرێیە وەلادەنێت. ئەمە پاساوی داخستنی پرۆسەی سیاسییە، لە کاتێک دا گروپی چەکداری دەرەوەی دەسەلاتی دەولەت بە هەوەسی خۆیان موشەک دەهاوێن و سزاش نادرێن. ئەم بیانووە پاکانەی چەقبووستوویی سیاسیی دەکات، کەچی خەلک بە گشتی تووشی نەهامەتیی بوون. ئەمە پاساوی ڕێگەی داخراوە، بەلام تۆرەیی زۆربووی گەل لەوانەیە لە هەموو ساتێک دا بتەقێتەوە. بۆیە دەمەوێت پرسیارێک بکەم: بۆچی تێگەیشتنی پرسەکە وازۆر زەحمەتە، کە هەر بەرگری لێبکرێت؟ (واتە تاکەی بێدەنگ یان هەلوێستن بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی گەورە لەو دەولەتە؟)
تا ئێستا،سەرکردە سیاسییەکان پشتگیریی بیرۆکەی گفتوگۆ دەکەن یان ئەنجامدانی خولێکی دیکەی دانوستان. بەلام ئایا ئامادەبوونی پێویست هەیە بۆ سازش بۆ یەکدی؟ (مەبەستی ئەوەیە: هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان دوو لایەنی ناکۆک، بێ سازش بۆ یەکدیی ناهێتەدی) بەداخەوە ئەمە لە گۆڕێ دا نییە. ئەگەر سەردانی هەر بازارێک بکەن لە عیراق خەلک پێتان دەلێن: ئەمجارەش بەرژەوەندی گشتی دەکرێتە قوربانی چەند خواستێکی کورتبینانە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەرامەتەکان و گەمەی دەسەلات.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە (لێرەدا من دووپاتی ئەوەی پێشتر ورژاندوومە دەکەمەوە)، کاتی ئەوە هات جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە دەبێت تەرکیزی لەسەر بکرێت: خەلکی عیراق و بەرنامەیەک، بەشێوەیەک کە ئەمانەی خوارەوە بەرجەستە بکات بۆیان:
• پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ هەموو هاوولاتیان.
• دانانی سنوور بۆ گەندەلی بەربلاو، واتە دیاردەی گروپکاریی و تالانکردنی دەزگا و دامەزراوەکانی دەولەت.
• جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست و خوازراو.
• فراوانکردنی (بوارەکانی) ئابووریی.
• دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمرانیی کە پێشبینی ڕێرەوەکانی بکرێت، لەجیاتی بەردەوامیدان بە ئیدارە بە تەنگژە. {مەبەستی ئەوەیە: ئیدارەکردن یان حوکمکردن بە تەنگژە لە جیاتی ئیدارەی تەنگژە بۆ چارەسەرکردنی، پیشەی حوکمرانە فاسید و چەوسێنەرەکانە، بەمەبەستی پشتگوێخستنی چارەسەرکردنی تەنگژە سەرەکییەکان و ئیدارەی ناسەرکەوتوو و خەریک کردنی خەلک بەبەردەوامی بە تەنگژەی نوێ}
• کۆتایی هێنان بە دەربازبوون لە سزا (واتە دەربازبوونی تاوانباران لە سزای یاسایی)، چونکە لێپێچینەوە یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەولەت.
• هەروەها، وەستاندنی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە دەولەت نین، و جەختکردن لەسەر پتەویی دەسەلاتی دەولەت.
گوێتان لە من بوو، و بەدرێژایی سێ سالی ڕابردوو، بەردەوام ئاماژە بەم خالانە دەکەم، بەلام تەنیا شتێک کە بە ئاشکرا ماوەتەوە: بەردەوامبوونی پشتگوێخستنی پێویستییە بنەڕەتییەکانی دانیشتووانە و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ. {مەبەستی ئەوەیە: فەرموون ڕێزداران دەستوبردێک بکەن و بەهانای ئەو خەلکە بێدەرەتانە بکەون}
جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، پێنەکرایی سیاسیی لە عیراق نرخێکی زۆر گرانی دەبێت، لە مەودای کورت نا، بۆ ئەوانەی لەسەر دەسەلاتن، بەلام بۆ ئەوانەی رۆژ بەرۆژ کۆششی سەخت دەکەن (ڕەنجی زەحمەت دەدەن) بۆ دابینکردنی گوزەرانیان. {واتە بۆ خەلکی هەژار و چەوساوە و سامان و قووت تالانکراو}.
گەورەم سەرۆک، هەندێک تێبینیم هەیە بە شێوەیەکی وردتر ئاراستەیان دەکەم، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر {واتە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان}؛ هێشتا ئەو شێوازەی دانوستانی لەبارەی بابەتێکەوە پێدەکرێت زاڵە کە جێگەی داخە، لەجیاتی ئەو شێوازەی زۆر پێویست و خوازراوە: کە بریتییە لە دیاریکردنی میکانیزمێکی دامەزراوەیی کە دەکرێت پێشبینی پێبکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ هەموو پرسە هەلواسراوەکان. {لێرەدا ئاشکرایە کە پلاسخارت لە شێوازی دانوستان بە تایبەتی سەبارەت بە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار نەڕازییە – کە دواتر باسی لێوە دەکات}
جا هەرچەندە پێویستیی ئەم بابەتە ڕوونە، کەچی هێشتا میکانیزمەکە بەئاشکرا بزرە، ئەم کەموکورتییەش بەداخەوە وابەستەیە، بە ناکۆکیی ناوخۆ لە نێو هەردوو لایەنیش دا. (مەبەستی ئەوەیە کە جگە لەوەی هەردوو لایەنی عیراقی و کوردستانی لەگەل یەکدی لەسەر چەندین پرس ناکۆکن، هەردوو لایەنی عیراقی و کوردستانی لە نێوان خۆیانیشیان دا ناکۆکن).
هەروەک جاری پێشوو گوتم: دەکرێت و دەبێت هەموو لایەنە دیارەکان بە گیانی هاوبەشیی و هاوکارییەوە پێکەوە کاربکەن، سەبارەت بەوەی پەیوەستیشە بەو حوکمەی لەم دواییەدا لە دادگەی ئیتیحادی بالاوە لەبارەی یاسای نەفت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە. و پاش ئەوەی لەگەل هەردوو لایەن سەبارەت بەم پرسە کارم کرد، دلنیام لەوەی کە ڕێگەیەکی دەرچوون (لەم کۆلانە بنبەستە) هەیە.
بەلام ئاشکرایە کەوا ئەو پێشهاتانەی لە ڕابردوو ڕوویاندا متمانەی بەرامبەر بە یەکدی بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازکرد، بۆیە پێویستە متمانە (لە نێوان هەردوو لایەن) بنیاتبنرێتەوە، بە بەڵێنیش بە نەگرتنەبەری هیچ ڕێکارێکی تاکڕەوانە بە مەبەستی سیاسیی لە داهاتوو.
گەورەم سەرۆک، تیشک دەخەمە سەر ڕەوشی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان: پار بەشداریم کرد لە چالاکییەکی زانکۆی کوردستان، کە گشت حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادە بوون.
لەو گوتارەی لەوێدا پێشکەشم کرد، ئاماژەم بە کاریگەریی زۆر خراپی دژایەتی (دووبەرەکیی) سیاسیی و گروپیی، وجەختم لەسەر یەکگرتن و تێکەلاونەکردنی لەگەل وەک یەکبوون کردەوە، و بەڕاشکاوی لە پێویستیی دوورکەوتنەوە لە دابەشبوون لە نێوان “زەرد و سەوز” – ڕەنگەکانی هێمای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، و لە بەرپرسیاریی سەرکردەکان لە ئاراستەکردنی بەیەکگەیشتن و کۆکردنەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان، و تەرکیزکردن لەسەر چارەسەریی کە بەرژەوەندیی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە – چ لە هەولێر بن یان لە دهۆک یان لە سلێمانی.
بەلام پاش تێپەڕبوونی سالێک، وادیارە ئەم پێشهاتە مژدەبەخشە (واتە تەبایی و ڕاچاوکردنی بەرژەوەندی هەموو خەلک) هیچ بایەخێکی پێنەدرا ، بەلکو بە پێچەوانەی ئەوەوە، دابەشبوونەکان قوولتر بوون، و بە شێوەیەکی نەرێنیی کاریانکردە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
و ئێستا، نامەوێت ئەوەی لە گوتاری پار گوتم دووبارەی بکەمەوە، بەلام دەبێت ڕوون بێت، هەرێمی کوردستان بژاردەی هەیە: هەلبژاردنی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەم سال ئەنجام بدرێت – بۆیە ئامادەکردنی مەیدانی هەلبژاردن {مەبەستی ئازادی دەنگدان و پاکێ پرۆسەی ئەنجامدانە} زۆر گرنگە – لەگەل بوونی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان- بە گەورە و بچووکیانەوە، واتە دابینکردنی ژینگەیەکی هەلبژاردنی دروست بۆ هەمووان.
جگە لەمە، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کەوا جیۆگرافیا هەمیشە تایبەتمەندییەک پێکناهێنێت کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا بێت، واتە دەبێت بارودۆخی جیۆسیاسیی تایبەتی هەرێم هۆیەکی دیار بێت بۆ بیرکردنەوەی جیددی سەرکردەکانی – بێگومان ڕاچاوکردنی ئەم بارە بۆ عیراق بەگشتیش پێویستە. جا هەروەکو لە زۆر بۆنەی دیکە گوتومە: بمانەوێت یان نەمانەوێت، لاوازیی بەرەی ناوخۆی ولات تەنیا دەبێتە هۆی ژینگەیەکی لەبار بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی بەردەوام.
لە بابەتێکی پەیوەندیداری دیکەدا، ڕێگەم بدەن کە لە تۆپباران کردن و کەوتنی مووشەکەوە بدوێم، ئەمە پرسێکی نیگەرانبەخش و دەردەسەریی و مەترسیدارە.
لەگەل دیارکردنی “فەیلەقی پاسەوانی شۆڕشگێریی ئیرانی” (مەبەستی سوپای پاسدارانە) بەرپرسیاریی خۆی لە هاوێشتنی دوازدە موشەکی بالیستی نزیک مەودا، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمی ١٣ی ئادار، سەردەمێکی ترسناک دەستی پێکرد. لە کاتێک دا “پاسەوانی شؤڕشگێریی ئیرانی” شوێنی بۆردمانکراوی وا پێشان دا کە “سەنتەری ستراتیجی پیلان و کاری شەرانگیزی سەهیۆنییەکانە”، هیچ بەلگەیەک بۆ سەلماندنی بانگەشەی ئەم تۆمەتە نەدۆزراوەتەوە، و شوێنی بە ئامانجکراو ناسراوە کەوا ناوچەیەکی سیڤیلە و بریتییە لە نیشتەجێیەکی تایبەت.
هەرچەندە هەردوو لایەن – عیراق و ئیران – لە گفتوگۆدان (لەم بارەیەوە) و نایانەوێت پرسەکە هەلبکشێت، عیراق هەقە لە ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی مامەلەکردن لە گەڵی وەک حەوشی پشتەوەی ناوچەکە، کە بەردەوام دراوسێیەکانی و ئەوانی دیکە سەروەریی و سەلامەتی خاکیی تێدا پێشێل بکەن. نموونەی دیکەش لەو کردەوەیە بۆردمانەکانی تورکی و ئیرانی بەردەوامن لەو بەری سنوورەوە لە باکوور. کەواتە دەبێت دیتنی چ بارودۆخێک پێشبینیی بکەین؟ کەوا بوردومان و مووشەک وەشاندن لەودیوی سنوورەوە بارودۆخێکی سروشتیی نوێیە بۆ عیراق؟ (ئاشکرایە کە مەبەستی لێرەدا لادێ وخاکی هەرێمی کوردستانە کە بەردەوام لەلایەن هێزە لەشکرییەکانی ئەم دوو دەولەتەوە بۆردمان دەکرێن). ئەمە ڕێگەیەکی مەترسیدارە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان، و ئەم ڕێگەیە دەولەتی عیراق لاوازتر دەکات.
ئاشکرایە کەوا هەر ولاتێک یان لایەنێک هەولی چارەسەرکردنی کێشە دەدات، ئامرازی دیپلۆماسی لەژێر دەستدایە، لەوانە کۆششی چاکەخوازی ئێمە.
بۆ ئاخفتن لەبارەی ئەو لایەنە چەکدارانەی لەدەرەوەی چوارچێوەی کۆنترۆلی دەولەت کاردەکەن، کە تایبەتمەندییەکی بارودۆخی عیراقە: هاوێشتنی سەرشیتانەی مووشەک، لەوانە بەئامانجگرتنی پالاوگەی نەفت لە هەولێر نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، هۆشیاریدانی مەترسیی و کردەوەی بێپاساون. ئامانجی ئەم هێڕشانە تێکدانی ئاسایشی و سەقامگیریی هەموو عیراقە لە چوارچێوەی ڕەوشی پاش هەلبژاردن، کە هەر خۆی پڕهەلپە و بارگرژیی سیاسییە.
ڕاستیەکە ئەوەیە: “ناردنی پەیام بە هاوێشتنی مووشەک”، “دیپلۆماسیەتی مووشەک” – ئەمە بەدکارییە، و ئاکامی تێکدەرانەی لێ چاوەروان دەکرێت. هەروەها، ڕێگەم بدەن دووپاتی بکەمەوە، عیراق پێویستی بە دەسەلاتداری چەکدار نییە (مەبەستی چەکداری نانیزامی واتە میلیشیا)، کە خۆیان بە پێشەوا دادەنێن. و جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرنگی زۆریی هەیبەتی دەسەلاتی دەولەت دەکەمەوە. ئەگەر تاوانباران ناسراون، دەبێت دەسنیشان بکرێن، ئەمە پێویستە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
——————–
* تێبینیی:
ئەم ڕەوشەی خانم پلاسخارت باسی لێوە دەکات ئی پاش تێپەربوونی (٣١ سال بەسەر دامەزراندنی “پەناگەی ئارام”ی کوردستان * – واتە بناخەی هەرێمی کوردستان و ١٩ ساڵ بەسەر ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و وەلانانی باڵادەستیی عەرەبی سوننە و دامەزراندنەوەی دەولەتی عیراقی نوێ و چەسپاندنی بالادەستیی عەرەبی شێعە)”یە.
* سەرچاوەی گوتارەکە مالپەری ئینگلیزی و عەرەبی نەتەوەیەکگرتووەکان.
Check Also
شەریف پاشای خەندان و پەیمانی سیڤەر
تا ئێستا کورد تەنیا یەک سیاسەتوانی ھەبووە، کە ھەم لە بواری سیاسیی و ھەم لە …