واتا و گرنگیی ڕاپۆرتی خانم پلاسخارت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان

( بۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی ڕەوشی هەرێمی
کوردستان و مەترسیی گرفت وکێشەکان گفتوگۆکرا؟)
جینین پلاسخارت (Jeanine Hennis-Plasschaert)، نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق، لە ڕۆژی ١٧ ئایاری ٢٠٢٢ لە ڕاپۆرتی وەرزیی ئاگادارکردنەوەی دا چەند بابەتێکی گرنگ وهەستیاری (لە پێنج تەوەردا) خستە ڕووی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، چواریان پەیوەستن بەتایبەتی بە ڕەوش و دۆخی هەرێمی کوردستان.
تەوەری یەکەم: ڕەوشی عیراق بەگشتی و گرفتە سەختەکانی خەلک لە سایەی “سیاسەتی کۆ سفر”ی سیاسەتمەدارانی حکومەتی ئیتیحادی. تەوەری دووەم: ڕەوشی پەرتەوازەیی هەرێمی کوردستان لە سایەی دوو ناوچەیی (زەرد و سەوز) وناتەبایی سەرکردەکانی حزبە سیاسییە کوردییەکان. تەوەری سێیەم: گرفتە ئالۆز و مەترسیدارە هەلپەسێردراوەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی عیراق. تەوەری چوارەم: گرفتی وەشاندنی موشەک بۆ سەر شوێنی تایبەت لە عیراق و بۆ هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن گروپە چەکدارە بەڕەللاکان لە عیراق. تەوەری پێنجەم: دەستدرێژیی هەردوو دەولەتی ئیران و تورکیا بۆ سەر ژیان و ئاسایشی خەلک و خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەریی هەموو دەولەتی عیراق، لە سایەی بەکارهێنانی هێزوتوندوتیژیی حکومەتەکانی ئەو دوو دەولەتە دراوسێیە، لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی یاسای نێودەولەتیی و شێواز و عورفی دیپلۆماسیی.
خالە سەرەکییەکان لەبارەی تەوەری یەکەم و چوارەم کە پەیوەستن بە ڕەوشی خەلکی عیراق بەگشتیی بریتی بوون لە: گرفتی کەمیی خزمەتگوزاریی گشتیی و کێشەی داخستنی پرۆسەی سیاسی و گرفتی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی ئیتیحادی و پرسی مەترسیداری بوونی میلیشیا بەڕەللایەکان وکردەوە تێکدەرەکانیان و سزانەدانیان واتە چاوپۆشی لێکردنیان. لێرەدا پلاسخارت جارێکی دیکە بە ڕاشکاویی و بەجورئەت نەهامەتی و گرفتەکانی خەلکی عیراق بەگشتیی و گرفتاربوونیان بە سیاسەت و دەسەلاتی سەرکردەی سیاسیی ناشایستە لە کۆبوونەوەی باڵاترین دەزگای نێودەولەتی خستە ڕوو، بە نیازی ڕوونکردنەوەیان و بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزم بۆ چارەسەرکردنیان، ئەگەرنا کارەسات بەڕێوەیە لە سەرانسەری دەولەت. لێرەدا لێهاتوویی و ئازایی ئەم ژنە سیاسەتمەدار و دیپلۆماتە هۆلەندییە کە نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانە لە عیراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەرکی زۆر سەخت و پڕمەترسیی پێڕاسپێردراوی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە دەولەتێکی هەلوەشاوە و بێ سەروەریی و پڕ میلیشیا بە ڕوونی دەردەکەوێت. خانم پلاسخارت ڕەوشی سەختی خەلکی عیراق و پێویستی بەپەلەی چارەسەرکردنی گرفتە مەترسیدارەکانی بە وردیی ڕوونکردەوە و هۆشیاری چارەسەرنەکردنی جیددی ئەو گرفت و کێشانەی سەرلەنوێ لە ئەنجومەنی ئاسایش خستەڕوو.
سەبارەت بە ڕەوشی هەرێمی کوردستان کە تەوەری دووەم وسێیەم وبەشێکی چوارەم و تەوەری پێنجەمی ڕاپۆرت و ئاگادارکردنەوەکەی لەخۆدەگرێت، خانم پلاسخارت سێ گرفتی زۆرگرنگی دەستنیشانکرد: یەکەم: گرفتی دوو پارچەیی کیانی هەرێم و نالەباریی پەیوەندیی سیاسی ناوخۆی هەرێم – واتە ناتەبایی وپەرتەوازەیی حزبە سیاسییە کوردییەکان، کە بە گەورەترین مەترسی لەسەر کیانی هەرێمیان دادەنێت.{ئەو هەرێمەی بناخەکەی “پەناگەی ئارام”ە، کە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش، لە (٥ / ٤ / ١٩٩١)، بە دەستپێشخەریی فەرەنسا دەرچوو، و چەند ڕۆژێک پاشتر لەسەر دەشتپێشخەریی و پێشنیاری جۆن مێجەر (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا) و لە لایەن جۆرج بوش (سەروک کۆماری ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) بڕیاری دروستکردنی درا، و لە لایەن هاوپەیمانانی جەنگی دووەمی کەنداو (ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) لە ناوەندی نیسانی ١٩٩١، بە پشتیوانی هێزێکی لەشکریی گەورەی هاوپەیمانان، کە پێکهاتبوو لە بیست هەزار سەرباز وئەفسەر و بە پارێزگاریی هێزی ئاسمانی لەسەرووی هێلی ٣٦ ی ئاسمانی هەموو باکووری عیراق، بەکردەیی لەسەر خاکی پارچەیەکی گەورەی کوردستانی باشوور (کوردستان – عیراق) بە ناوی “پەناگەی ئارام” (الملاذ الآمن – safe haven) دامەزرێندرا}. ئەم ئاگادارکردنەویەی خانم پلاسخارت بووە پالنەری پەسەندکردنی دەستپێشخەریی بۆ کۆبوونەوەی وی لەگەل لایەنە سیاسییە کوردییەکان، لە پێناوی هاندانیان وگەیاندنیان بە ڕێکەوتن لەسەر پرسە نیشتمانییە گرنگەکان؛ بەتایبەتی پرسی هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێم – بۆ ئەوەی لە شێوەی یەکەم هەلبژاردنی رۆژی (١٧ / ٥ / ١٩٩٢) ئازاد و پاک بێت، کە بەپشتیوانیی هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام درا و بووە هۆی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت و چەسپاندنی بناخەی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی نیمچە سەربەخۆ – بەپێی ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) و پاشان لە دەستوور (٢٠٠٥) شێوەی یاسایی وەرگرت (دیجورا)}؛ هەر بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش هاتووەتە سەر خەت، تا گرفتە سەختە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی تەبایی سیاسی و ئەنجامدانی هەلبژاردنێکی ئازاد و پاک لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان چارەسەر بکرێن، چونکە خانم پلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەی دا سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەلێت: “هەرێمی کوردستان بژاردەی هەیە، هەلبژاردن”. هەروەها بۆ ئەوەی گرفتە هەلپەسێردراوەکانی لەگەل حکومەتی ئیتیحادی عیراق لەڕێگەی دیالۆگی جیددی لە هەردوو لایەنەوە ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێن، و تا ھەردوو حکومەتی ئیران و تورکیا تێبگەن کە پاراستنی ژیان وئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەروەریی دەولەتی عیراق ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکانە – بە هەردوو دەولەتی ئەندامیشەوە. دەستنیشانکردنی ئەم بابەتە لە لایەن خانم پلاسخارت بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگە ناوخۆییەکان و لەپێناوی بەدیهێنانەوەی تەبایی سیاسییە، کە مەرجی بنەڕەتیی پاراستنی ئاسایش و مانی هەرێمن؛ سەرکەوتنیشی لەم ئەرکە دەکەوێتە سەر ویست و ئامادەبوونی سەرکردایەتی لایەنە سیاسییە کوردییەکان، بە تایبەتی سەرۆکایەتی هەردوو حزبی دەسەلاتداری گەورە لە هەردوو زۆنی زەرد و کەسک، کە بە ئاشکرا لە ڕاپۆرتەکەی دا باسی لێوەکرد و داوای کۆتایی پێهێنانی دووزۆنیی واتە دوو ئیدارەییە ئاشکراکەی کرد: لەپێناوی هەرێمێکی یەکگرتوو و بەهێز و یەک ئیدارەی دادپەروەر و پاک وپتەو، کە بە پێویستیانی دەزانێت و ئەنجومەنی ئاسایشی لێ ئاگارکردەوە، چونکە ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی خالی هەشتەمی بریاری (٦٨٨) ئەرکی چاودێری و بەدواداچوونی ڕەوشی خەلکی چەوساوەی ناوچەکەی لەئەستۆیە. هەروەها ئامانجی هاوپەیمانان لە دروستکردنی “پەناگەی ئارام” لە سالی ١٩٩١ گەڕاندنەوە و حەواندنەوە و پاراستنی خەلکی ستەملێکراو و دەربەدەر وکۆڕەوە: لە قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەری سەقامگیر و یەک پارچە، نەک دوو پارچە و بە دوو ئیدارەی ئاشکرا و بارگرانیش بە ناتەبایی سیاسی ناوخۆیی وبێ بووجەیی و بێسەروبەریی ئابووریی (لەهەر سێ بواری کشتوکالیی و پێشەسازیی و بازرگانیی) و نالەباریی و مەترسیی پەیوەندییش لەگەل حکومەتی عیراق سەربار. لێرەدا هۆشیاریی ودلسۆزیی ئەم کەسایەتییە بۆ ئەرکی سەرشانی و بۆ پاراستنی ئارامی و ژیان و گوزەران و پەیوەندییەکان و پاشەڕۆژی خەلک و کیانی هەرێمی کوردستان بە چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەڕوونی دەردەکەوێت.
بابەتی بایەخداری دووەمیش بریتی بوو لە ئاماژەکردنی بە مەترسیی پشتگوێخستنی گرفتە هەلواسراوەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی عیراق، بە تایبەتی گرفتی ئالۆزی نەفت و گازی هەرێم، کە بەڕای وی دەرچە بۆ ئەم گرفتە سەخت و ترسناکە هەیە. گرنگی ئەم ئاماژەیە بەم شیووەیە و لەم جێگەیە دا لە دوو شت دایە، یەکەم ئەم هەنگاوەی خانم پلاسخارت سەرەتای بە نێودەولەتیی کردنی ئەم گرفتانەی هەرێمی کوردستانە لەگەل حکومەتی ئیتیحادی عیراق، چونکە زۆریان بەسەرداچووە و تەشەنەیان کردووە و مەترسیدارن؛ دووەم کە دەلێت بە ڕای من دەرچە هەیە بۆ ئەم گرفتە، ئەوا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ میکانیزمی چارەسەریی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەخوازێت – لەبەر مەترسیی حالەتی نەگەیشتنی هەردوو حکومەت بە چارەسەرییەکی ئاشتیخوازانەی گونجاو. بەلام سەرکەوتنی ئەم هەولەشی بەندە بە دوو فاکتەر: یەکەمیان سەرکەوتنی لە هەولی بەدەستهێنانەوەی تەبایی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێم و ئەنجامدانی هەلبژاردنی داهاتوو لە وادەی خۆی دا ، بە شێوەیەکی ئازاد و پاک، و دووەمیشیان ئاستی هاوکاریی و هەماهەنگی سەرکردە سیاسییە کوردە بڕیاربەدەستەکان لەگەل کۆششی وی کە بووەتە ڕێکارێکی گرنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. هیوادارم هەول و کۆششی خانم پلاسارتی هۆلەندی بە دەردی هەول و کۆششی مێجەر نوێلی بەریتانی نەکەوێت، کە لە هەولی دامەزراندنی حوکمدارییەکی دروست لە کوردستانی باشوور لە سالی ١٩١٩ دا سەرنەکەوت، چونکە ئاشکرایە کە ناتەبایی و ناواقیعبینیی گەورەترین و زیانبەخشترین دەردی سەرکردەکانی کوردن لە مێژووی دوورودرێژی کورد و کوردستان دا. بۆیە دەبێت سەرکردە سیاسییە بڕیاربەدەستەکانی هەرێم لە سێ ڕاستی تێبگەن: یەکەمیان سیاسەت تەنیا لەسایەی تەبایی و لەبەر ڕۆشنایی واقیعبینیی و دیپلۆماسیەت دا سەردەکەوێت، و دووەمیان ئیدارە بەگشتیی و خۆبەڕێوەبردن بەتایبەتیی تەنیا لەسایەی شایستەیی و پاکیی بریاربەدەستان دا سەردەکەوێت، و سێیەمیشیان دەولەتمەدار، جگە لە تایبەتمەندیی دانایی و دووربینیی خۆی، لە ڕێگەی ڕاوێژی بیرمەندانی پسپۆر و ئازای خۆیی و هاوکاریی و هەماهەنگیی لەگەل دۆستانی بیانی مرۆڤپەروەر سەرکەوتن بۆ ولاتەکەی و بەختەوەریی بۆ گەلەکەی و شانازیی بۆ خۆی بەدەستدەهێنێت، هەر ئاواش ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەلگە بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی و پەیوەندی نێودەولەتیی کیان بەگشتیی دەپارێزرێن. پێچەوانەکانیشیان شکست و نەهامەتی و کارەساتی بەردەوامیان لێدەکەوێتەوە، و مێژووی نەتەوەی کورد و گەلانی تا ئێستا ڕزگارنەبووی جیهانیش پڕە لە وانە و پەند، کە نابێت چیدیکە پشتگوێ بخرێن.
بابەتی سێیەمیش کە خانم پلاسخارت خستیەڕوو و سەر بە تەوەری پێنجەمە: پرسی دەستدرێژیی هەردوو حکومەتی ئیران و تورکیایە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی خەلک و سەلامەتی خاکی هەرێمی کوردستان و پێشێل کردنی ئاشکرایانە بۆ سەروەریی هەموو دەولەتی عیراق، بە بۆردمانکردن بە موشەکی بالستی و بە هێڕش و بۆردمانی لەشکریی. {لێرەدا خانم پلاسخارت وەک داکۆکیکارێک لە سەروماڵ وسەقامگیریی خەلکی هەرێم دەرکەوت، و جگە لە دروستیی بەجێگەیاندنی ئەرکی سەرشانی لەم بارەیەوە، وەک نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، پاساوی دەستدرێژیی حکومەتەکانی ئەو دوو ولاتە دراوسێیەی هەرێمیشی بە ئاشکرا ڕەتکردەوە و ڕسواکرد. لەم پرسەدا پێویستە سەرکردایەتی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان (عیراق) و ئەوانەی سەر بە کوردستانی باکوور (تورکیا) و کوردستانی ڕۆژهەلات (ئیران)یشن دان بەو ڕاستییە دابنێن، کە پاراستنی ژیان و ئاسایشی خەلک و خاکی هەرێمی کوردستان و بنەماکانی یاسای نێودەولەتیی سەبارەت بە ئەرکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پاراستنی سنووری نێودەولەتیی و لە نەهێشتنی هێڕشی چەکداریی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەولەتانی دراوسێ لە نێو خاکی هەرێمەوە، ئەرکی ئەوانیشە و نابێت چیدیکە کرداری چەکداری لەنێو خاکی هەرێم دژی ئەو دوو دەولەتە ئەنجام بدەن، کە کاردانەوەی کوشندەی بەرامبەر خەلک و خاکی هەرێمی کوردستان و پاساوی دەستدرێژیی لێدەکەوێتەوە. دەبێت ئەو سیاسەتمەدارانە لەم بارەیەوە واقییعی بن و پابەند بن بە مەرجێکی سەرەکیی پاراستنی خەلک وکیانی هەرێم.} لەمەش گرنگتر خانم پلاسارت دەستدرێژیی هەردوو دەولەتی دراوسێی وەک سکالایەکی ناڕاستەوخۆ خستە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان- لە کاتێک دا ئەمە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی عیراقە، کەچی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بە ئاشکرا و بێباکانە ئەم ئەرکەی خۆی پشتگوێ خستووە، هەرچەندە وەزیری دەرەوەی عیراق کوردە! بۆیە دەپرسم ئەدی سوودی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بۆ خەلک و خاکی هەرێمی کوردستان چیە؟ لێرەدا خانم پلاسخارت وەک پارێزەرێکی ئازای ژیان و ئاسایشی خەلکی هەرێم و سەروەریی هەرێمی کوردستان و هەموو دەولەتی عیراق ئاخفت، و ئەم کردارە توندوتیژانەی ئەم دوو دەولەتە دراوسێیەی – بەهەر بیانووێک بێت – بە هاودژ لەگەل یاسای نێودەولەتیی و ڕێسای دیپلۆماسیی دانا، کە ناکرێت مووشەکی بالستی و بۆردمان جێگەیان بگرنەوە، و ئاماژەی بە ئامادەیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش کرد بۆ یارمەتی چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ڕێگەی “کۆششی چاکەخوازانەش” (مساعي حمیدة).
* سەرچاوەی ئاگادارکردنەوەکەی خانم پلاسخارت ماڵپەڕی نەتەوەیەکگرتووەکانە (هەردوو بەشی ئینگلیزیی و عەرەبی)
** “پەناگەی ئارام – الملاذ الآمن – safe haven” و “ناوچەی دژەفرین – منطقة الحظر الجوي – none fly zone” دوو شتی جیاوازن، ھەرچەندە زوربەی کارمەندانی ڕاگەیاندن وزۆر لە سیاسەتوانان و ئەکادیمیان تێکەلیان دەکەن و لە یەکدییان جیاناکەنەوە. یەکەمیان چوارچێوەی ئەو کیانەیە کە لەسەر ئەرز دروستکرا و دوای سالێک -پاش یەکەم ھەلبژاردن – بووە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان؛ بەلام دووەمیان ئەو ناوچەیەیە کە لە سەرووی ئاسمانی باکووری ھەموو عیراق دەسنیشانکرا و ڕاگەیاندرا، و دەکەوێتە سەرووی ھێلی پانی ٣٦ لە ئاسمان، و وەک ناوچەیەکی قەدەخەکراو بۆ فرینی فرۆکەی جەنگیی عیراق لێی، و بەمەبەستی پاراستنی “پەناگەی ئارام” و پاشان ھەرێمی کوردستان لە ئاسمان دا جێگیر کرا، و لە رێگەی فرۆکەی جەنگیی ھاوپەیمانانەوە لە بنکەی لەشکریی (ئینجەرلیک) تا روخاندنی رژێمی بەعس لە سالی ٢٠٠٣ پارێزرا.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە: ئەم ناوچە ئاسمانییە دژەفرینە ناوچەکانی خوارووی پەناگەی ئارام و پاشان خوارووی ھەرێمی کوردستانی نەدەگرتەوە.
————————————————-
پوختەی ڕاپۆرتەکەی خانم پلاسخارت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٧/٥/٢٠٢٢
ڕیزداران ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش
ئەم کورتە باسەی من چەند تێبیینیەک دەخاتە بەرچاو کە ئاشکران، هێشتا لایەنە نەڕێنییەکانی ژیانی سیاسی لە عیراق دووبارە دەبنەوە، کە دیارە ئەنجامی سیاسەتی کۆی گشتی سفرە. {مەبەستی ئەوەیە کە سیاسەت لە عیراق لە بازنەیەکی بۆش دا دەسوڕێتەوە و کۆی ئەنجامی کردەوەی سیاسەتوانە دەسەلاتدارەکان بۆ خەلکی ولات سفرە واتە هیچە}. بەلام پێش ئەوەی دەست بە باسکردنی بکەم، دەمەوێت هاوبەشتان بکەم لە چەند سەرنجێک لەبارەی شەپۆلی دوایی و بەردەوام و گەورەی باهۆزی تۆزوخۆلی گشت عیراقی گرتووەتەوە.
جا، هەرچەندە باهۆزی تۆزوخۆل دیاردەیەکی نوێ نییە لە ولات، بەلام شەپۆلەکەی ئێستا زۆر گەورەترە لەوەی عیراق لەم سالانەی دوایی دا پێیدا تێپەڕیوە. و لەنێو ئاگاداریەکەی لە مانگی شوبات دا پێشکەش بە ئەنجومەنم کرد، باسم لە مەترسییەکانی گۆڕانی ژینگە و کارتێکردنەکانی کرد، کە بە لەبەرچاوگرتنی (گرفتی) بەبیابانیبوون سەرچاوەی دڵەڕاوکێی سەرەکییە. لەو کاتەوە عیراق دووچاری باهۆزی تۆزوخۆڵی توند بووە کە ئاسمانی داپۆشیوە و وای لە خەلک کردووە بە دوای پەناگەدا بگەڕێن، و بووەتە هۆی نەخۆش کەوتن یان مردنی چەندین کەس. هەروەها، لەوانەیە ئەم باهۆزە لەم رۆژگارەدا سەختتر ببێت، بە واتایەکی دیکە بەردەوامبوونی پشتگوێخستنی کارکردن بۆ بەرهەلستی کردنی زۆر بە گران لەسەر خەلکی ئەم ولاتە دەکەوێت.
گەورەم سەرۆک: من کە ئەم بابەتە دەورژێنم، ئەم باهۆزە تەنیا سەرچاوەی دلەڕاوکێی خەلک نییە لە عیراق.
هێشتا خەلک لە عیراق لە چاوەروانی چینێکی سیاسین، کە لە جیاتی خەریکبوون بە شەڕ لەسەر دەسەلات، کە باوی نەماوە. {مەبەستی ئەوەیە: ئەم شێوە سیاسەتبازییە لە ولاتانی خاوەن سیستەمی حوکمرانیی شارستانی و پێشکەوتوو زۆر لەمێژە لە ڕێگەی هەلبژاردنی ئازاد و پاک و دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەسەلات کۆتاییپێهێنراوە}، هێشتا خەلک چاوەروانی چینێکی سیاسین، هەولبدات دەستوباسکی لێهەلبمالێت بۆ بەدیهێنانی لیستی درێژیی پێویستییە ژیارییە لەپێشینە هەلپەسێردراوەکان لە ولات. هەروەک دەزانن هەلبژاردنی سەرتاسەر پێش زیاتر لە هەفت مانگ ئەنجامدرا، بەلام وادە کۆتاییە جۆراوجۆرەکان (واتە دەستوورییەکانیش) بۆ پێکهێنانی حکومەت بەسەرچوون و پابەند نەبوون پێیان. ڕاستە کە عیراق تەنیا ولات نییە کە ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی درێژ بووەتەوە بۆ دامەزراندنی حکومەت، بەلام وا باشترە بۆ سەرکردە سیاسییەکان لە عیراق کە خۆیان لە پشت ئەم بیانووە نەشارنەوە، کە سەرنج لەسەر ئەوەی لە گۆرێیە وەلادەنێت. ئەمە پاساوی داخستنی پرۆسەی سیاسییە، لە کاتێک دا گروپی چەکداری دەرەوەی دەسەلاتی دەولەت بە هەوەسی خۆیان موشەک دەهاوێن و سزاش نادرێن. ئەم بیانووە پاکانەی چەقبووستوویی سیاسیی دەکات، کەچی خەلک بە گشتی تووشی نەهامەتیی بوون. ئەمە پاساوی ڕێگەی داخراوە، بەلام تۆرەیی زۆربووی گەل لەوانەیە لە هەموو ساتێک دا بتەقێتەوە. بۆیە دەمەوێت پرسیارێک بکەم: بۆچی تێگەیشتنی پرسەکە وازۆر زەحمەتە، کە هەر بەرگری لێبکرێت؟ (واتە تاکەی بێدەنگ یان هەلوێستن بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی گەورە لەو دەولەتە؟)
تا ئێستا،سەرکردە سیاسییەکان پشتگیریی بیرۆکەی گفتوگۆ دەکەن یان ئەنجامدانی خولێکی دیکەی دانوستان. بەلام ئایا ئامادەبوونی پێویست هەیە بۆ سازش بۆ یەکدی؟ (چونکە ئاشکرایە کە هیچ ڕێکەوتنێک لە نێوان دوو لایەنی ناکۆک، بێ سازش بۆ یەکدیی ناهێتەدی) بەداخەوە ئەمە لە گۆڕێ دا نییە. ئەگەر سەردانی هەر بازارێک بکەن لە عیراق خەلک پێتان دەلێن: بەرژەوەندی گشتی ئەمجارەش دەکرێتە قوربانی چەند خواستێکی کورتبینانە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەرامەتەکان و گەمەی دەسەلات.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە (لێرەدا من دووپاتی ئەوەی پێشتر ورژاندوومە دەکەمەوە)، کاتی ئەوە هات جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە دەبێت تەرکیزی لەسەر بکرێت: خەلکی عیراق و بەرنامەیەک، بەشێوەیەک کە ئەمانەی خوارەوە بەرجەستە بکات بۆیان:
• پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ هەموو هاوولاتیان.
• دانانی سنوور بۆ گەندەلی بەربلاو، واتە دیاردەی گروپکاریی و تالانکردنی دەزگا و دامەزراوەکانی دەولەت.
• جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست و خوازراو.
• فراوانکردنی (بوارەکانی) ئابووریی.
• دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمرانیی کە پێشبینی ڕێرەوەکانی بکرێت، لەجیاتی بەردەوامیدان بە ئیدارە بە تەنگژە. {مەبەستی ئەوەیە: ئیدارەکردن یان حوکمکردن بە تەنگژە لە جیاتی ئیدارەی تەنگژە بۆ چارەسەرکردنی، پیشەی حوکمرانە فاسید و چەوسێنەرەکانە، بەمەبەستی پشتگوێخستنی چارەسەرکردنی تەنگژە سەرەکییەکان و ئیدارەی ناسەرکەوتوو و خەریک کردنی خەلک بەبەردەوامی بە تەنگژەی نوێ}
• کۆتایی هێنان بە دەربازبوون لە سزا (واتە دەربازبوونی تاوانباران لە سزای یاسایی)، چونکە لێپێچینەوە یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەولەت. {بەلام سیستەمی دەولەت لەسەر دووبنەمای سەرەکیی بنیاتدەنرێت: دامەزراوە و یاسا (سەروەریی یاسا بەسەر هەمووان)، بەلام کە دەولەت هەلوەشابێتەوە تایبەتمەندی دەولەتیی لە کوێوە دێت؟}
• هەروەها، وەستاندنی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە دەولەت نین، و جەختکردن لەسەر دەسەلاتی دەولەت.
گوێتان لێم بوو، و بەدرێژایی سێ سالی ڕابردوو، بەردەوام ئاماژە بەم خالانە دەکەم، بەلام تەنیا شتێک کە بە ئاشکرا ماوەتەوە: بەردەوامبوونی پشتگوێخستنی پێویستییە بنەڕەتییەکانی دانیشتووانە و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ. {مەبەستی ئەوەیە فەرموون ڕێزداران دەستوبردێک بکەن و بەهانای ئەو خەلکە بێدەرەتانە بکەون}
جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، پێنەکرایی سیاسیی لە عیراق نرخێکی زۆر گرانی دەبێت، لە مەودای کورت نا، بۆ ئەوانەی لەسەر دەسەلاتن، بەلام بۆ ئەوانەی رۆژ بەرۆژ کۆششی سەخت دەکەن (ڕەنجی زەحمەت دەدەن) بۆ دابینکردنی گوزەرانیان. {واتە بۆ خەلکی هەژار و چەوساوە و سامان و قووت تالانکراو}.
گەورەم سەرۆک، هەندێک تێبینیم هەیە بە شێوەیەکی وردتر ئاراستەیان دەکەم، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر {واتە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان}؛ هێشتا ئەو شێوازەی دانوستانی لەبارەی بابەتێکەوە پێدەکرێت زاڵە کە جێگەی داخە، لەجیاتی ئەو شێوازەی زۆر پێویست و خوازراوە: کە بریتییە لە دیاریکردنی میکانیزمێکی دامەزراوەیی کە دەکرێت پێشبینی پێبکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ هەموو پرسە هەلواسراوەکان. {لێرەدا ئاشکرایە کە پلاسخارت لە شێوازی دانوستان بە تایبەتی سەبارەت بە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار نەڕازییە – کە دواتر باسی لێوە دەکات}
جا هەرچەندە پێویستیی ئەم بابەتە ڕوونە، کەچی هێشتا میکانیزمەکە بەئاشکرا بزرە، ئەم کەموکورتییەش بەداخەوە وابەستەیە، بە ناکۆکیی ناوخۆ لە نێو هەردوو لایەنیش دا. (مەبەستی ئەوەیە کە جگە لەوەی هەردوو لایەنی عیراقی و کوردستانی لەگەل یەکدی لەسەر چەندین پرس ناکۆکن، هەردوو لایەنی عیراقی و کوردستانی لە نێوان خۆیانیشیان دا ناکۆکن).
هەروەک جاری پێشوو گوتم: دەکرێت و دەبێت هەموو لایەنە دیارەکان بە گیانی هاوبەشیی و هاوکارییەوە پێکەوە کاربکەن، سەبارەت بەوەی پەیوەستیشە بەو حوکمەی لەم دواییەدا لە دادگەی ئیتیحادی بالاوە لەبارەی یاسای نەفت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە. و پاش ئەوەی لەگەل هەردوو لایەن سەبارەت بەم پرسە کارم کرد، دلنیام لەوەی کە ڕێگەیەکی دەرچوون (لەم کۆلانە بنبەستە) هەیە.
بەلام ئاشکرایە کەوا ئەو پێشهاتانەی لە ڕابردوو ڕوویاندا متمانەی بەرامبەر بە یەکدی بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازکرد، بۆیە پێویستە متمانە (لە نێوان هەردوو لایەن) بنیاتبنرێتەوە، بە بەڵێنیش بە نەگرتنەبەری هیچ ڕێکارێکی تاکڕەوانە بە مەبەستی سیاسیی لە داهاتوو.
گەورەم سەرۆک، تیشک دەخەمە سەر ڕەوشی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان: پار بەشداریم کرد لە چالاکییەکی زانکۆی کوردستان، کە گشت حزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادە بوون.
لەو گوتارەی لەوێدا پێشکەشم کرد، ئاماژەم بە کاریگەریی زۆر خراپی دژایەتی (دووبەرەکیی) سیاسیی و گروپیی، وجەختم لەسەر یەکگرتن و تێکەلاونەکردنی لەگەل وەک یەکبوون کردەوە، و بەڕاشکاوی لە پێویستیی دوورکەوتنەوە لە دابەشبوون لە نێوان “زەرد و سەوز” – ڕەنگەکانی هێمای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، و لە بەرپرسیاریی سەرکردەکان لە ئاراستەکردنی بەیەکگەیشتن و کۆکردنەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان، و تەرکیزکردن لەسەر چارەسەریی کە بەرژەوەندیی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە – چ لە هەولێر بن یان لە دهۆک یان لە سلێمانی.
بەلام پاش تێپەڕبوونی سالێک، وادیارە ئەم پێشهاتە مژدەبەخشە (واتە تەبایی و ڕاچاوکردنی بەرژەوەندی هەموو خەلک) هیچ بایەخێکی پێنەدرا ، بەلکو بە پێچەوانەی ئەوەوە، دابەشبوونەکان قوولتر بوون، و بە شێوەیەکی نەرێنیی کاریانکردە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

THE BREAKDOWN

DESIGN - 9.2
DISPLAY - 8.6
RECEPTION / CALL QUALITY - 9.1
PERFORMANCE - 8.9
SOFTWARE - 8.6
BATTERY LIFE - 9.4
ECOSYSTEM - 8.2

8.9

Love it

You don't believe in the Force, do you? Obi-Wan is here. The Force is with him. I call it luck. Look, I can take you as far as Anchorhead.

User Rating: 3.15 ( 5 votes)

Check Also

بڕوانامەیەکی راستینە و پلەیەکی شایستە

پاش چەندین سال لە خزمەتی زانست و خوێندکارانی ئازیز و توێژینەوەی ئەکادیمیی، شانبەشانی ھاوپیشەیانی ھێژا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *