یەکلاکردنەوەی پرسەکانی خاکی دابڕێندراو و بودجە و یەک لەشکر گرنگترن بۆ گەل و نیشتمان لە مەنسەبی سەرۆک کۆمار و چەند وەزیرێک لە بەغداد

تەنیا بە دوو مەرج بوونی بەرپرسان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد – کە کەمتر لە نیوەی گەل لە ھەلبژاردن دەنگی پێداون- بایەخدار و کاریگەر دەبێت:
یەکەم، یەک فراکسیۆن یان یەک ھاوبەندیی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغداد دروست بکەن، تا بتوانن بە یەک ریز و یەک بەرنامە و یەک ھەلوێست واتە پێکەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە بەرژەوەندی بالای ھەموو خەلک و گشت خاکی ھەرێمی کوردستان بکەن، و گرنگترین داوای ڕەوای کورد لە بەرنامەی حکومەتی داھاتووی عیراق بچەسپێنن.
دووەم، گرنگترین داوای ئەو فراکسیۆنە یان ھاوبەندییە یەکدەنگە لە ھەر لایەنێکی عەرەبی شیعی کە لە چوارسالی داھاتوو سەرۆکایەتی حکومەتی داھاتوو و سەرکردایەتی ھێزە چەکدارەکانی عیراق دەکات، واتە حوکمرانی فەرمی وکردەیی عیراق دەکات، دەبێت ئەم سێ داوایانە واتە مافە لەپێشینەییانەی گەل و نیشتمان بن:
(١)تەواکردنی جێبەجێکردنی چارەسەریی دەستووریی پرسی ناوچە دابڕێندراوە “کێشە لەسەرەکان” بەپێی مادەەی (١٤٠), لە ماوەی یەک سال، و بە ئیدارە و پاراستنی ھاوبەش لەو ماوەیە دا، و بە زەمانەتی نوێنەرایەتی UN- بۆ نەھێشتنی نەھامەتی کورد لەو ناوچە دابڕێندراوانە، و چەسپاندنی سنووری ھەمیشەیی ھەرێمی کوردستان،
(٢)چارەسەرکردنی پرسی بودجەی ھەرێم بە شێوەیەکی ھەمیشەیی، کە پەیوەستە بە بژێوی ژیانی خەلکی ھەرێم و ئابووریی و خزمەتگوزاریی – و سەرف کردنی بە شەفافی و دوورخستنەوەی لە فەساد و بەھەدەردان،
(٣) چارەسەرکردنی پرسی رێکخستنی پێشمەرگەی ھەردوو حزب لە ھەرێم لە یەک دەزگای لەشکریی ھەرێمی کوردستان وەک “ھێزی پاسەوانی ھەرێمی کوردستان”ی رێگە پێدراو لە دەستوور، و بە یارمەتی ھاوپەیمانان کە لە ٢٠١٤ وە ئامادەن؛ بۆ بوونی سوپایەکی دەستووریی یەکگرتووی پارێزەری ھەرێم؛
بۆیە دەبێت ئەم سێ پرس و مافە سەرەکییانەی گەل ونیشتمان داوای لەپێشینەی حزبەکانی فراکسیۆنە یان ھاوبەندییە ھاوبەشە کوردستانییەکە بن، نەک مەنسەبی شەخسیی و دەسکەوتی لاوەکیی حزبیی، ھەر حزبێک بە تەنیا.
ھێزی ھەموو گەلێکی ژێردەست تەنیا لە یەکریزیی و یەکدەنگییە، ئەگەرنا نەیارانی ژیان و ماف وکەرامەتی بەردەوام دەبن لەسەر سیاسەتی «پەرتیان بکە و زاڵ بە».

Check Also

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ ئەی وەزارەتی ناوخۆ!

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *