لەپێناوی پاراستنی ژیانی ھاولاتیان و سەقامگیریی ھەرێم دەبێت یاسا بە کردەیی سەروەر بێت

لە ماوەی ٣ رۆژ (لە ٢٨-٣٠ حوزەیران / ٢٠٢٢) شەش مرۆڤ بە دەست چوار تاوانبار بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران؛ سێشەم دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین (پرۆفیسۆری یاساناس کاوان اسماعیل و پرۆفیسۆری یاریدەدەری ئەندازیار ادریس حمەخان) کە هەموو ژیانیان بۆ خوێندن و پاشان بۆ فێرکاریی و پەروەردە تەرخانکرد، یەکێکیان لەناو کۆلێجی یاسا و ئەوی دیکەش لەناو ماڵی خۆی لە شاری هەولێر بە دەبانچە هێرشیان کرایەسەر و کوژران؛ لە هەمان رۆژ لاوێک لە شارۆچکەی سەیدسادق بە چەقۆ کوژرا، و پیاوێک لە شاری دهۆک بە دەسترێژی گوللە کوژرا. لە ئێوارەی رۆژی پاشتر بە نارنجۆکی دەنگیی هێرش کرایە سەر مالی پزیشکێکی ژن لە شاری سلێمانی – کە چەکێکی تۆقاندنی دەگمەنە؛ ڕۆژی دواتر ژن و مێردێکی لاو، کە بە خۆشەویستی ببونە هاوسەر لە مالەکەی خۆیان دا لە شاری هەولێر بە ‌هێرشی دەبانچە کوژران، ئەم تاوانە دڕندانەییانەی ئەم سێ رۆژەی دوایی، زەنگێکی ترسناکی بێباکی تاوانبارانە و مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاولاتیان و بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بۆ هێزی یاسا و بۆ هەیبەتی حکومەت. بۆیە پێویستە دەسەلاتی دادوەریی هەرێم خێرا دادگەیی بکوژانی تاوانبار ئەنجامبدات، و یەکسەر سزای شایستەیان بەسەردا بسەپێنێت؛ وەک ئەوەی لە میسر لەم هەفتەیە دا ڕوویدا، لە ماوەی چەند رۆژێک دادگەیی قوتابییە کورە بکوژەکەی قوتابییە کچە کوژراوەکەی زانکۆی مەنسورە (نيره أشرف) کرا و سزای شایستەش بۆ تاوانبار دەرچوو، و بڕیارە لە مانگی تەموز جێبەجێ بکرێت، وەک یەکەم سەپاندنی خێرای سزای دادگە لە میسر، تا لەم حالەتە بەزووترین کات دادپەروەریی جێبەجێ بکرێت و سزاکە ببێتە وانە بۆ تاوانبارانی دڕندە.
بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ و سەقامگیریی کۆمەلگە و ئاسایشی کیانی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پارێزەر و ئەمنییەکانیەتی، پێویستە خێرا بە هێزی یاسا سزای ھەموو بکوژە تاوانباراەکان بدرێت، ئەوانەی ئەو سێ رۆژی دوایی بە تایبەتی، وئەوانەش کە تاوانی دڕندانەی لەم شێوەیەیان پێشتر ئەنجامداوە، بەلام ھێشتا حوکمی دادگەیان بەسەر دا نەسەپێندراوە، ھەرچەندە تاوانەکانیان سەلمێندراون و حوکمی گونجاوی دادگەیان بۆ دەرچووە؛ تا: ھەم تاوانباران سزای تاوانە دڕندانەکانیان وەربگرن و ھەم ببێتە پەند بۆ تاوانباری ھاوتایان، تاوەکو سل لە کوشتن وتاوان بکەنەوە، و ژیان و ئاسایشی خەلک لە ھەرێم لەم جۆرە تاوانانە بپارێزرێن.
ھۆکارەکانی ئەم شەپۆلە دواییەی تاوانی کوشتنە لە ھەرێم لەم خالانەدا ڕەنگدەدەنەوە: ١- سروشتی دڕندانەی کەسانی شەرانگیز، ٢- داب و نەریتی دواکەوتووانەو شڕ، ٣- سزانەدان و لێخۆشبوون لە ھەندێک بەرپرسی تاوانبار یان کۆر و برا ودەستوپێوەندی تاوانباری کەسانی دەسترۆیشتوو، ٤- فرۆشتنی چەکی کوشندەی جۆراوجۆر لە زۆر شوێنی ھەرێم، ٥- ھەلگرتنی بەھەوەسی چەکی جۆراوجۆر و تەقەکردنی بەھەوەس لە بۆنە جۆراوجۆرەکان، ٦- ھەرەشەکردنی مەرگ و لەناوبردن لە پارێزەر و دادوەران (لەخۆیان و ژن و مندالیان) لە لایەن خودی تاوانباران یان خزمەکانیان بە تەلەفۆن یان ڕووبەڕوو بە ئاشکرا، ٧- بردنەوەی چەکی خزمەتی فەرمیی بۆ مالەوە، ٨- پشتگوێخستن و دواکەوتنی دادگەیی کردن، و جێبەجێ نەکردنی سزای لەسێدارەدان دەرھەق بە بکوژانی دڕندە لەبەر چەند ھۆکارێکی نارەوا، ٩- پەنابردن بۆ «سولحی عەشایری و کۆمەلایەتی» بۆ چارەسەرکردنی هەندێک گرفت لەدەرەوەی یاسا، لە حالەتی ئێستاکێش.
ئەم نۆ خالە ناوبراوانە بوونەتە ھۆی نەمانی شکۆ و ھەیبەت و سام و کاریگەریی دادگە و یاسا وحکومەت، ئەنجامەکەشی بێباکیی تاوانبارانە لە کوشتنی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جەرگبر و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی كۆمەلگە!
لە راستیدا «سولحی عەشایری یان کۆمەلایەتی» تەنیا بۆ حالەتە کۆنەکانی «دوژمنداری خوێن» گونجاوە – هەرچەندە پێویستە ئەم دیاردە کوشندەیە ناڕەوایەش بە یاسای پەرلەمان ڕیکبخرێت و بە سزای یاسایی دادگە چارەسەر بکرێت؛ بەلام بۆ حالەتەکانی ھەنوکەیی پێویستە یاسا و سزای توند و خێرا بخرێنەکار، تا شیرازەی ئاسایش و باری سەقامگیری تێکنەچن، و چیدیکە مرۆڤ کوشتن لە لای تاوانبارانی درندە وەک ئاو خواردنەوە نەبێت، وچیدیکە جەرگی دایک و باوک و ھاوسەر و خوشک و برایانی قوربانیان نەسوتێت و ھێشتا مندالی کوردستان ھەتیو نەبن و ژنان پتر بێوەژن و بێ سایە و پارێزەر نەبن. ئەمە ئەرکی سەرەکی حکومەتە، چونکە ئاسایش و سەقامگیریی گەورەترین و گرنگترین پێداویستیی کۆمەلگەیە لە ھەموو کات و شوێنێک.
بۆ بەرھەلستی کردنی کردەیی ئەم دیاردە مەترسیدار و تێکدەرە بەربلاوە پێویستە حکومەتی ھەرێم ئەم رێکارانە خێرا بگرێتەبەر: ١- سەروەرکردنی یاسا بەسەر ھەموو کەسێک بەکردەیی و بێ جیاوازی و بەھەستپێکراویی لەلایەن کۆمەلگە، ٢- دادگایی کردنی تاوانبارانی تاوانی گەورە بەخێرایی و جێبەجێکردنی سزای شایستەی تاوانبارانی بکوژ «بە ئانقەست» بە خێرایی، تا دادپەروەریی زوو بسەپێندرێت و کەسانی دیکەی ھاوشێوەی ئەو تاوانبارە دڕندانە لە تاوانی گەورە بەتایبەتی کوشتن بسلەمێنەوە، و تاوەکو ھێزو ھەیبەتی یاسا و دادگا و حکومەت ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بپارێزرێن، ٣- سزادانی ھەرکەسێکی ھەرەشە لە پارێزەران یان دادوەران یان داواکاران بکات بە توندترین شێوەی یاسایی، و ڕاگەیاندنی حوکم لە دادگاکان، تا تاوانباران بگەنە سزای شایستە، و تاوەکو کەسانێکی دیکەی ھاوشێوەیان لەم تاوانە گێرەشێوێنە تێکدەرە ناپەسەندە بترسن و دووربکەونەوە، ٤-قەدەخەکردنی چەک فرۆشتن لە ھەموو بازار و شوێنێکی ھەرێم وداخستنی ھەموو دوکان و جێگەی فرۆشتنی چەک بەتەواوی، وتایبەتکردنی یەک شوێن لە ھەر شارێکی گەورە بۆ کرینی چەک بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی بۆ خۆپاراستن بە مۆلەت و بە پشتگیریی پزیشک سەبارەت بە گونجان لەبواری دەروونیشەوە، ٥-قەدەخەکردنی چەکھەلگرتن جگە لە کارمەندانی لەشکریی و پۆلیسیی وئەمنی، وسزادانی سەرپێچییکەران بە توندیی و زوو؛ و قەدەخەکردنی بردنەوەی چەک بۆ مالەوە لەلایەن کارمەندانی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم، ٦- دەستپێکردنی ھەلمەتێکی ھۆشیارکردنەوەی فراوانی کۆمەلگە سەبارەت بە ھۆکارەکان و زیانەکان و سزای شایستەی تاوانی کوشتن «بە ھەر ھۆیەک بێت» و تاوانی رێکخراو «قاچاخی ماددە ھۆشبەرەکان و چەک … تاد» و پێویستیی پابەندبوون بە فەرمانی قەدەخەکردنی چەک و بلاوکردنەوەی ماددەی ھۆشبەر ، و روونكردنەوەی ئەرکی ھاولاتی و خێزان و حکومەت لە پاراستنی ژیانی مرۆڤ و ئاسایشی ھەرێم، ولە مەترسیی تاوانی گەورە «بەتایبەتی کوشتن» و ھۆکار و ئەنجامەکانی، و سەبارەت بەو رێکارانەی حکومەت بۆ بەرھەلستی کردنی تاوان دەیانگرێتەبەر لە گشت دەزگاکانی خوێندن و پەرستن و ڕاگەیاندن و لە رێکخراوە سیاسیی و جەماوەریی و پیشەییەکان، بۆ دیارکردن و چەسپاندنی شێوەی دروست و دادپەروەر وکاریگەری چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی کۆمەلگە: شێوەی یاسایی.

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …