نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛
ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن!
و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛
ئەی وەزارەتی ناوخۆ!
پێش ٣ ڕۆژ پەیامنێرێکی ڕوداو چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا: لەگەل بکوژی ھاولاتییەک لە ھەولێر، لەسەر ڕووداوێکی بچووکی ھاتووچۆ لە جادەیەکی شارەکە!! کابرای بکوژ وەک عەنتەر دەردەکەوت، ھێشتا جەنابی کوژراوی قوربانی تاوانە گەورەکەی قەرزدار دەکردەوە!!
چۆن دەکرێت دەزگای ڕاگەیاندن چاوپێکەوتن لەگەل تاوانبارێکی ئاوا بکات، لە کاتێک دا جارێ لێکۆلینەوە لە گۆڕێیە و ئەویش بەم شێوەیە پێشانی بینەران بدرێت! نابێت ڕێگە بە کەس بدرێت: بە ناوی “پێشبڕکێی ڕاگەیاندنیی” بەم شێوەیە ھەلسوکەوت بکات، چونکە ئەم کردەوەیە سەرپێچییەکی یاسایی زیانبەخش و نالەبارە، ئاسایش و پرۆسەی دادوەری دەشێوێنێت!!
و پێویستە بەلای کەم پەیامنێرەکە و ئەوەی ئەم داوایەی لێکردووە سزا بدرێن، لەسەر سەرپێچی یاسایی کردوویانە، و تا ببێتە رێگر لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە زیانبەخشە.
سەبارەت بە بابەتی دووەم: فرۆشتنی چەک بە ئاشکرا بە شێوەیەکی نایاسایی و ناڕەوا و کوشندە لە چەند شوێنێکی ھەرێمی کوردستان لەبەر چاوی گشت دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم، بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، نەک تەنیا جێگەی سەرسورمانە، بەلکو مایەی نیگەرانی و نارەزایی زوربەی خەلکی کوردستانیشە، لەبەر ئەوەی کردەوەیەکی یەکجار ترسناکە، بۆیە دەبێت پێش ھەمو لایەنێک بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی سەرشانیان لەم بارەیەوە جێبەجێ بکەن؛ چونکە ئەم کردەوەیە بازرگانی کردنە بە گیان و مال و کەڕامەتی ھەمو خەلکی کوردستانی باشوور !! کابرای بکوژی ھاولاتی قوربانی ئاماژە پێکراو لەسەرەوە، گوایە ٢٠ ڕۆژ پێش ئەنجامدانی تاوانەکەی ئامرازی کوشتنی واتە دەمانچەی لە یەکێک لەم شوێنە مەترسیدار و ناپەسەندانە کڕیوە!! پێویستە لەسەر وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی یەکەمی ئاسایشی ھەریم ئەم پرسە بە جیددی وەربگرن و ئەو فرۆشگایانەی ئامرازی کوشتن و تاوان لەھەرێم دابخەن و قەدەغە بکەن و دەبێت دەسەلاتی دادوەریش بازرگانانی مەرگ بە توندترین ڕێکاری یاسایی سزا بدەن. نابێت حکومەتی ھەرێم چیدیکە چاو لەم سەرچاوانەی تاوان و کوشتنە بپۆشێت. ئەگەر بیانەوێت شوێنی مۆلەتپێدراو لە ناو بازار بەم کارە ھەستیار و مەترسیدارە دیاربکەن؛ لەوێش دەبێت تەنیا چەکی سووک و تەنیا بەوانەی مۆلەتی ھەلگرتنی چەکیان ھەیە بفرۆشرێت. ھەروەھا پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێم دەست بکات بە ھەلمەتی کۆکردنەوەی چەک لە ھاولاتیانی بێ مۆلەتی چەک بەکردەوە و بەڕاستی و بە پێی پلانێکی توکمە و گشتی، و ھەرکەسێکیش چەک بێ مۆلەت ھەلبگرێت یان کرین و فرۆشتنی پێوە بکات بە توندترین شێوەی یاسایی سزا بدرێت. ھەروەھا پێویستە تاوانبارانی بکوژ زوو و بە شێوەیەکی توند لە لایەن دادگاکانی ھەرێم سزا بدرێن. جگە لەمانەش دەبێت یاسای لێبوردنی گشتی لە لایەن سەرۆکی ھەرێم ھەموار بکرێتەوە؛ نا بێت چیدیکە سەرۆکی ھەرێم بکوژ ببەخشێت، دەرکەوت بکوژی کچەکەی دھۆک لە تاوانێکی کوشتنی پێشتر لە لێبوردنێکی گشتی بەخشراوە!
Check Also
لە پێناوی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان
ئەگەر حزبە سیاسییە کوردستانییەکان پشتگیری کاندیدی ھەر کوتلەیەک بۆ سەرۆک حکومەتی عیراقی داھاتوو بکەن(عەید بێت …