بە لێدوانی زبری تەلەفزیۆن و شەڕەجنێوی فێسبووک ڕەوشی ھەرێم دژوارتر نەکەن

بە لێدوانی زبری تەلەفزیۆن و شەڕەجنێوی فێسبووک ڕەوشی ھەرێم دژوارتر نەکەن.
ئەو کەسەی ناتوانێت بەشداریی لە چاککردنی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بکات، بەلای کەم بە قسەیەکی جوان، با ڕەوشی سەختی خەلکی ھەرێم ئالۆزتر و خەرابتر نەکات، بە لێدوان و ئاخافتنی زبر و فیتنەئامێز !
ئاشکرایە ئەو جۆرە کەسانە ئەگەر ئەندامی دەروێشئاسای حزبێکیش بن، نە خێریان ھەیە بۆ حزبەکەیان و نە بۆ گەل و نیشتمان، تەنیا دەبنە ھۆکاری خۆ ناشیرین کردن و ھاندانی توندوتیژیی لە کۆمەلگەی کوردەواریی و لەباربردنی تەبایی سیاسی و شێواندنی سەقامگیریی لە ھەرێم!
بێی تەبایی حزبە کوردییەکان و بێی یەکدەنگیی و یەک ھەلوێستیی، نە یەک حکومەتی ھاوبەش و بەھێز لە ھەرێم دروست دەبێت، و نە ھیچ چاکسازییەکی سیاسی و ئابووریی و ئیداری (کە زۆر پێویستە بۆ پێشخستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ھاولاتیانی پەرێشان و خۆڕاگر، وپێش ھەموو شتێک بە بەرھەلستی کردنی جیددی فەسادی ئیداری و مالی) لە ھەرێم روودەدات، و نە کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراق (کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەلکی ھەرێم بەتایبەتی و کورد لە عیراق بە گشتی)چارەسەر دەکرێن، و نە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنیش لە ھەرێم سەردەکەوێت،
بۆیە پێویستە لەسەر سەرکردایەتی ھەردوو حزبی حوکمران (پارتی و یەکێتی) پێش لەم ئاژاوەیە ترسناکە بگرن و ڕەوشەکە ھێور بکەنەوە و بگەنە چارەسەریەکی گونجاو بۆ گشت گرفتە کەلەکبووەکانی نێوانیان، بە وتووێژ:
لە پێناوی چارەسەرکردنی نەھامەتی خەلکی ناوچە دابڕێندراوەکان و کێشەی بودجەی ھەرێم و پرسی مووچەی کارمەندان و پرسی کرینی گەنمی جوتیاران،
کە ئەرکی سەرەکیی سەرکردایەتی ھەردوو حزب و کاری لەپێشینەی حکومەتی ھەرێمن.
یەکەم ھەنگاویش بۆ ئەم ئامانجە پێویستە فەرمانی سەرکردایەتی ھەردوو حزب بێت: بۆ ڕاگرتنی یەکسەری گشت لێدوان و ھێڕشێک بۆ سەر یەکدی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ھەموو شەڕەجنێوێک لە فێس بووک!! چونکە ئەم کردەوانە نە حزبایەتین و نە سیاسەت و
نە رۆشنبیریی.
با چیدیکە بارودۆخی خەلکی ھەرێم دژوارتر نەبێت و با زەمینەی لەباربردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەم ئاژاوەیە ناپەسەندە خۆشتر نەکرێت، چونکە دوژمنانی داگیرکەریش ھەمیشە لە بۆسەدان بۆ پێداکردنی بەنزین بە ئاگری دووبەرەکی، ئەگەر ژیلەمۆش بێت.
با بەس بێت ململانێی دووبەرەکیی و با نەھامەتییەکانی ئەم ململانێیە شومە کۆتاییان پێبھێت، چونکە ململانێی ناوخۆی حزبی تەنیا مایەی سەرگەردانی لایەنگرانی دووبەرەبابەکە، و ھۆکاری سەرەکیی مالوێرانی گەلی کورد بووە و دەبێت.
بەکورتی: (خەلکی خۆڕاگری ھەرێم ئێستا پێویستی بە بەڕێوەبردنی -ئیدارەکردنی-سەرکەوتووانەی تەنگژە هەیە، نەک بەڕێوەبردن -ئیدارەکردن- بە تەنگژە.)

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …