بۆ لەبەر «پاچەنەمان» و «فوول لایت» و لەپێناوی رسوانەکردنیان

بۆ لەبەر «پاچەنەمان» و «فوول لایت» و لەپێناوی رسوانەکردنیان، تاوانباران ھەولدەدەن ژیان و گوزەران و سەقامگیریی لە ھەرێمی کوردستان تێکبدەن؟
کێشەکە لەوە دانییە، کە دانیشتووانی شار یان قەبارەی شار و شێوەی گەڕەک و خانوو و فەرمانگەکان لە ھەولێر یان سلێمانی یان دھۆک یان ھەلەبجە …، وەک سالانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو نەماون، و زۆر خەلکی ولات و شار و گوند و غەریبیان ھاتوونەتێ، وەک ھەندێک کەس وای تێدەگات و لێکدەداتەوە. ئەم بانگەشەیە قوڕەکە خەستتر دەکات، چونکە کارتێکردنێکی نەرێنی سەبارەت بە دۆخی پێکەوەژیانی دانیشتووانی ئێستای شارەکان پەیدا دەکات، ئاواش لێکدانەوە ھەلەکە دەچێتە خانەی تیخدانی خەلکی دژی یەکدی «تحريض» و جیاوازیخوازیی «تمییز» لە نێوان ھاونیشتمانیان!
ھیچ شارێکی دونیا ھەمان دانیشتووانی جارانی شارەکە و ھەمان شێوەی گەرەک و خانوو و کۆلان و جادەی ئەو کاتەی نەماوە؛
من بەش بە حالی خۆم (لە ١٩٥٧ تا ١٩٨٢) – بە ھۆی خوێندن و کار و خزمەتی لەشکریی ناچاریی و پێشمەرگایەتی و نەفی و ئاوارەیی دەرەوەی ولات – لە شارەکانی دیانا و رواندز و ھەولێر و بەغداد و سلێمانی و سەنگەسەر و کەرکوک و ھەلەبجە و چوارتا و چۆمان و ناوپردان، پاشان دیوانیە، و دیسان ھەولێر، و پاشتر خانەقین و شنۆ و تاران و بەرلین و دوسلدۆرف و گەڤەرێ، و دیسان ١٣ سال لە ھەولێر و بەرلین؛ ئێستاش لە بەرلین و ھەولێر دەژیم؛ و زوربەی شارەکانی کوردستانی باشوور و ھەمو شارەکانی ناوەندی پارێزگاکانی عیراقیشم لە حەفتاکان دیتیە، و سەردانی زۆر شاری ئەوروپاشم پتر لە جارێک کردیە؛ دیتیتم و دەبینم، کێشەکە لەمە دایە:
یاسا لە دەولەتی عیراقی ھەلوەشاوە و دەیان دەڤەریی و دەیان دەسەلاتیی و بە میلیشیا کراوی بەگشتی و لە ھەرێمی کوردستانی ھێشتا دوو دەسەلاتی دووزۆنیی بە کردەیی سەروەر نییە، بۆیە حکومەت و دادگە ھەیبەت و کاریگەریی پێویستیان نییە؛
کێشەکە لەمە دایە:
چەکھەلگرتنی نایاسایی و بەرەللایی و شەقاوەیی کەسانی فاشیل لە حالەت تێپەڕیوە و بووەتە دیاردە بگرە عادەت، و بە جیددی و بەکردەیی پێشی لێ ناگیرێت!؛
کێشەکە لەوە دایە:
لە کوچە و دوکانان چەک «کە ئالەت و ئامرازی کوشتن و تاوانە» وەک کالایەکی سادە، بگرە وەک ئارو و تەماتە، بەئاشکرا دەفرۆشرێت!
کێشەکە لەوەدایە:
لێپێچینەوە و سزای شایستە و لە کاتی خۆی بۆ تاوانبارانی بەڕەللا لە ھەرێم نییە! ئەگەرنا تاوانی دژەمرۆڤانە و دڕندانە جاروبار لە شارەکانی ولاتانی پێشکەوتووش ڕوودەدات، بەلام لەو ولاتانە – کە دەولەتی سەروەریی یاسان – لێپێچینەوە و سزادانی پێویست لە لایەن پۆلیس و دادگەکان دەکرێن و دەزگای جێبەجێکردنیش ڕێکارەکان بەخێرایی جێبەجێی دەکەن.
لە سالی ١٩٧٤ لەسەردەمی شۆرشی ئەیلول(کە ھەرێمی دانپێدراویش نەبوو)، رۆژێک لە وەرزی زستان بەرامبەر پردی ناوپردان، کابرایەکی شەقاوە شوفێرێکی لەسەر جادە کوشت؛ کابرای کوژەر لە لایەن پێشمەرگەوە گیرا، دادگای بالای شۆرش بۆی ڕوون بوەوە، کە کوژەر بە ناھەق و بە پالنەری رک و شەقاوەیی شوفێرە کاسبەکەی کوشتووە، بۆیە دادگا بریاری دا کە کابرای تاوانبار لە ھەمان جێگە گوللەباران بکرێت و تەرمەکەشی ٢٤ سعات لەو شوێنە بمێنێتەوە، تا ببێتە پەند و رێگر بۆ شەقاوە و تاوانباران. بۆیە پاش ئەم حوکمە دادپەروەرانەی یاسا ھیچ کەسێک نەوێرا تاوانی لەم شێوەیە و بەخۆ تۆلەسەندنەوەی خۆێن واتە کوشتن لە سنووری شۆرش ئەنجام بدات؛ ھەر بۆیەش پێشینان گوتوویانە: «کوتەک دەزانێت قۆناخ لە کوێیە».
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دەھێتە پێش:
ئایا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەقەد سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولیش دەسەلات و توانا و یاسای نییە؟
ئەو کەسانەی گلەیی لەوە دەکەن گوایە ئەم سەرپێچیی و تاوانانە لەبەر نەمانی جۆری دانیشتووان و شێوەی جارانی شارەکانە، پێویستە بەدوای ھۆکاری راستی گرفتەکەدا بگەرێن و بە دەنگێکی بەرز داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن تا زووە ئەم تاوانانە بە ھەند وەربگرێت و گشت تاوانەکانی دیکەش (لە سەرووی ھەموویانەوە فەساد کە بە سەرچاوەی گشت تاوانەکان دادەنرێت) بە زەبری سەروەریی یاسا چارەسەر بکات، بە توندترین شێواز و لەکاتی گونجاو و بە ئاشکرا.
بۆ نموونە چۆن دەبێت تاوانبارێک خێزانێکی کوردی ئاوارەی رۆژئاوای لە ھەولێر لەناو بردبێت «لەسەر کرێ» و تا ئێستا حوکمی دادگای بەسەر جێبەجێ نەکرێت؟!
چۆن دەکرێت تاوانبارێک دوو ھاولاتی لەسەر رێگەی دێگەلە بەناھەق و بەئانقەست بکوژێت «لەسەر تەماعی پارە» و دانیش بە تاوانەکەی دا بنێت، پاش چەند سالێک گیران بە لێبوردنی گشتی بەرەللا بکرێت؟!
چۆن دەبێت دوو بێژەری تەلەفزیۆن ومندالە بچووکەکەیان بە کوژراوی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیان لە سلێمانی بدۆزرێنەوە و لێکۆلینەوەی دروست لە تاوانەکە نەکرێت و دۆسییەکە دابخرێت؟!
چۆن دەکرێت بە تۆماری دەنگ سووکایەتی و ھەرەشەی مەرگ لە رۆژنامەنووس لە کەلار بکرێت و پاشان بشکوژرێت، تەنیا نمایشێکی لێکۆلینەوە لەگەل تۆمەتباری دەسترۆیشتوو بکرێت وتاوانەکە لەبیربکرێت؟!
رێزداران ئێوە گلەیی لەم دەردی یاساناسەروەرییە بکەن، نەک گۆرانی جۆری دانیشتووان و شێوەی گەرەکەکانی شارەکان. دەنگتان بە ئاراستەی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرزبکەنەوە، بۆ یاساسەروەریی بە کردەیی پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت و شیرازەی ئاسایش و ژیانی دانیشتووانی خۆڕاگری ھەولێر و گشت شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان لەباربچێت و کارەساتی زۆر لەو رووداوە دلتەزێنانە شارەکان بھەژێننەوە و ئاسایشیان ھەلتەکێنن.
دەسکەوتی سەرەکیی خەلکی قوربانیدەر و جوامێری ھەرێمی کوردستان سەقامگیریی و پێکەوەژیانە، نابێت ئەم دوو بەھا ژیارییانە لاواز بکرێن و لەبەرچاوی خەلکی لەبارببردرێن.
منیش دەنگی خۆم خستووەتە پال دەنگی ئێوە و بە یاداشت داوام لەسەرکردایەتی سیاسی و سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم کردووە، کە ئاگاداری ئەم پرسە ھەستیار و مەترسیدارە بن: «سەروەریی یاسا»،
ئەگەرنا شەقاوە و ئاژاوەگێران و فاسید و بەکرێگیراوانی داگیرکەران ئاسایش و سەقامگیریی و ژیان و پێکەوە ژیانی خەلکی ھەرێمی کوردستان دەشێوێنن و تێکدەدەن.

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …