دوو وەلام بۆ دوو پرسیار: * – چۆن کورد تا ئێستا وەک گەل ماوە؟ – چۆن ئەو کیانەی ئێستا ھەیەتی دەپارێزرێت و پێشدەخسترێت؟

بە ڕای من سێ فاکتەر دەوری سەرەکییان لە مانی کورد وەک گەل دیتووە:
١-شانازییەکی لەڕادە بەدەر بە ناسنامەی نەتەوەیی واتە «کوردبوون» و بە زمان و وێژە و داب و نەریتی کراوە و جلوبەرگی رەنگارەنگ و خەسلەتی گەشبینانە، کە رەنگدانەوەی سروشتی جوانی نیشتمانەکەشیانە، و زوربەی گەرۆک و نووسەرانی بیانیش ئاماژەیان پێ کردووە؛
٢- ئامادەیی دەگمەن بۆ قوربانی دان و خۆڕاگرییەکی بێ وێنە بەرامبەر ئازار و سەختیی خەبات و ژیان لە پێناوی مان و ئازادیی، بۆیە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەم میرنشینییەکانیان مابوون، و بۆیە سەرکردەی خەباتگێری ھیندی جەواھیر لال نەھرۆ لە نامەکەی بۆ ئەندێرا گاندی کچی کە لە کتێبی «چەند نیگایەک لە مێژووی جیھان» دا بلاوکراوەتەوە سەبارەت بە رەخنە لە تورکە رەگەزپەرستە کەمالییەکان نووسییوەتی: چۆن دەکرێت گەلێک، کە بۆ ھەمان مەبەست «ئازادی» ئامادەیە پر بەھاترین شت واتە ژیانی بکاتە قوربانی، ھەتا ھەتایە بێ بەش بکرێت لەو مافە؟؛
٣- چیا سەرکەشەکانی کوردستان کە ھەمیشە لانە و قەلغانی بەرگری لەخۆکردن و ڕاپەرین و شۆرشی بووە، بۆیە گوتراوە: «تەنیا دۆستی کورد چیایە».
سەبارەت بە وەلامی پرسیاری دووەم: ھەرچەندە بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکیی «خویی و بابەتیی» تا ئێستا بەو شێوەیە گونجاو نەبووە کە دەرفەتی ئازادیی تەواوی گەل و سەربەخۆیی نیشتمان برەخسێنێت.
بۆیە دەبێت ئەو دەرفەتەی لە سالی ١٩٩٢ وە لە کوردستانی باشوور بە شێوەی کیانی نیمچەسەربەخۆی ھەرێمی کوردستان، ھاتووەتە پێش، بە بیرکردنەوەیەکی واقیعیی و سیاسەتێکی دانایانە و لە رێگەی خۆبەرێوەبردنێکی دادپەروەرانە، لە سایەی پاکیی و تەبایی و ھاوکاریی و پشتبەخۆبەستن و پتەوکردنی پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەل ھاوپەیمانانی نێودەولەتیی و پابەندبوون بە ھەلومەرجی پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سنووری نێودەولەتیی (ھەر سێک کیان: ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئیران) بە پێی بنەماکانی یاسای نێودەولەتیی و بە شێوەیەکی واقیعی، واتە جگە لە پاکیی و تەبایی ھێزە کوردییەکانی ھەرێم و یەکگرتنەوەی کردەیی ئیدارە و خاکی ھەردوو زۆن؛ دەبێت حزبەکانی کوردی ھەردوو دەولەتی زلھێزی دراوسێی ھەرێم « ھی کوردستانی باکوور و کوردستانی رۆژھەلات» واتە کوردستان – تورکیا و کوردستان – ئیران یش ھاوکار و پشتیوان بن، و بەرەی دووەم و سێیەم بۆ ھەرێم لە جەنگ لە دژیان لە خاکی ھەرێمەوە کۆتایی پێبھێنن، و خەباتی خۆیان بە شێوەیەکی واقیعی و گونجاو بەردەوام بکەن، نەک لە روانگەیەکی ناواقیعی و بەشێوەی سەرکێشیی و خۆکوشتن و بە شەڕ لە سێ بەرەی جەنگ لەگەل سێ دەولەتی پرچەک و ھاوپەیمان دژی کورد کە دەبێتە ھۆی وێران بوونی ناوچە سنوورییەکانی سێ پارچەی کوردستان و لەناوچوونی ئەوکیانە، کە پەناگە و وار و ئومێدی ھەموو کوردانە. بۆیە دەبێت ھەموو پێکەوە و دلسۆزانە و زانایانە بیپارێزن و پێشی بخەن، نەک ھەر یەک لای خۆی بناخەی بکۆلێت، بە پاساوی ناواقیعی و نارەوا!
*(پرسیاری یەکەم لە لایەن رێزدار د. جەبار قادرەوە وروژێندراوە)
پرسیاری دووەمیش پەیوەستە بە ئەرکی حزبە کوردستانییەکانی لە ھەرێم دەسەلات یان سیاسەت پیادە دەکەن.

Check Also

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ ئەی وەزارەتی ناوخۆ!

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *