دوو رێگە لە پێش سەرکردایەتی «پارتی و یەکێتی»ن ڕێگەی سێیەم نییە!

یان دەبێت ھەردوو ھێز واقیعیی بن و رێگەی تەبایی و چاکسازیی و یەکپەیامیی بەرامبەر دۆست و دوژمنی کورد بگرنەبەر: بەسوودوەرگرتن لە ھەلەکانی ڕابردووی ھەردوولایەن و بە ڕاچاوکردنی (مەرجەکانی) چارەسەرکردنی ڕەوشی سیاسیی وئابووریی دژوار و گرفتە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان, و بایەخدان بە بارودۆخ و پێداویستیی و گلەیی و تێبینیی خەلکی ھەرێم و ھۆشیاریدانی ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان،
واتە یان پێکەوە بەم ڕێگە راست و دروستە دەڕۆن؛
یان ھەریەکیان رێگەی زەقکردنی ھەلەی ئەوی دیکە و لەبیرکردنی ھەلەکانی خۆی دەگرێتەبەر؛ ھەردوو لاشیان کەموکورتی گەل و پیلانەکانی داگیرکەران لەبیردەکەن، و بە بەرژەوەندیی تایبەت و مەنسەب و ئیمتیازات خەریک دەبن – لەجیاتی بەرزتر راگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانیی بالا وکۆششی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ھەلپەسێردراوەکانی خاک و نەفت و بودجە و مووچە و یەک ھێزی لەشکریی بەرگریکاری ھەموو خەلک و کیانی ھەرێم — ؛ و شەڕی ڕاگەیاندن دژی یەکدی گەرم دەکەن، دالدەی نەیارانی یەکدیدەن. ئاواش رێگەی لەباربردنی تەبایی سیاسیی و ئیئتیلافی (کۆبەندیی) حکومیی و ئەگەری چاکسازیی، و دیسان قیتکردنەوەی دوو بەرەکیی و دوو حکومەتیی دوو زۆنیی – لێدەگیرێت، کە رێگەی شکستی ئەزموونی خۆبەرێوەبردن و وکیانی نیمچەسەربەخۆی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ھەرێم دەکاتە دوو لەتی لاوازیی دوو پارێزگایی! بۆیە ھیچ رێگەی دیکەی دەربازبوون لەم چەقبەستنە مەترسیدارە لە پێشیان نییە.
برایان: گەورە بەرپرسانی ھەردوو حزبی حوکمران، خەلکی ھەرێم ئەرێنیی و نەرێنیی ھەردوو لایەنی لەبیرە، و پێزانینی ھەیە بۆ کۆششەکان و چاکەکان، وچاوی پۆشیوە لە ھەلەکان و لە کەموکورتییەکانی ھەردوو لایەن لە پێناوی: چەسپاندنی ئاشتی وپاراستنی بەرژەوەندی گشتیی، بۆیە (تەنیا) بە تەبایی سیاسیی و بە یەکھەلوێستیی – سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکان – و بە ھاوکاریی و ھەماھەنگیی ھەردوو لاتان، و بە بەرھەلستی کردنی فەساد (بەکردەیی), و دانانی کەسی شیاو (شایستە) لە جومگە و پۆستە ھەستیارەکانی ھەرێم، و بە ھەبوونی متمانە بەیەکدی کردن، و بە بەدەستھێنانەوەی متمانە و پشتیوانیی گەلی خۆڕاگر: پێکەوە – بە نیازێکی پاک و بە ویستێکی جیددی – دەتوانرێت ھەرێم باشتر بەرێوەبچێت و دەکرێت بەرپەرچی ھێرش و پیلانەکانی دوژمنانی کورد و کوردستان بە شێوەیەکی گونجاو بدرێتەوە، و خەلک و کیانی ھەرێم بپارێزرێن. (تەنیا) بەم شێوەیە دەتوانرێت: ھەرێم وەکو پێویست بەڕێوەببردرێت و چاکسازیی لە ھەرێم لە (دروشمەوە) بکرێتە (کردار), و کاروانی ھەرێمی کوردستان لە ھەورازی سەختی دا سەربکەوێت.
پشتی یەکدی شکاندن و ڕسواکردنی یەکدی: بە شەڕی ڕاگەیاندن و بە ناپاک (خائین)کردنی یەکدی: پێکەوەکارکردنی سەرکردایەتی ھەردوو حزبی دەسەلاتدار لە ھەردوو زۆنی ھەرێم بەتەواوی لەناودەبات، و درزی نێوانتان قوولتر و گەورەتر دەکات، و قەیرانەکانی ھەرێم زیاتر دەکات، وبەم شێوەیەش تەنیا دوژمنانی کورد لە ھەر چوار دەولەتی داگیرکەر سوودبەخش و خۆشحال دەبن، و گەلی کورد و گشت خەلکی ھەرێمیش گەورەترین زەرەر دەکەن و تووشی نەھامەتیی ونەکبەتیی زیاتر دەبن، وئێوەش ھەردوو لایەن زیانێکی لەڕادەبەدەر دەکەن!
ڕێزداران: ئێوە سەرکردایەتی ھەردوولایەن پێکەوە، لە بەرامبەر خودا و گەل و مێژوو بەرپرسیارن لە حوکمرانیی و ئاییندەی ھەرێم و لە ژیان و گوزەرانی گەلی گیرۆدە بە ڕەوشی دژواری سیاسیی و بارودۆخی ئابووریی سەخت و زیان و مەترسییەکانی ھێرش و ھەرەشەی داگیرکەران، بۆیە نابێت لەم بارودۆخە ناخۆش و مەترسیدارە دا، سەرلەنوێ ناتەبایی سیاسیی و دووبەرەکیی ھەردوو ھێزی دەسترۆیشتوو لە ھەردوو دەڤەری ھەرێم ببێتە سەرباری گرفت و تەنگژە و ھێرشی دوژمنان، واتە رێگەی نەمان بگرنەبەر.
گەلی کورد و خەلکی ھەژار و دلسۆزی ھەرێم خوازیاری رێگەی یەکەمن: (تەبایی و سەقامگیریی و چاکسازیی)، تاوەکو تەڕ و وشکی خەلکی ھەرێم پێکەوە نەسوتێن، بەلکو (پێکەوەژیان و ئاسایش و ژێرخان و ژینگەی ھەرێم) کە چاکترن لە ئی ناوچەکانی دیکەی دەولەتی عیراق و لە ئی ناوچە کوردستانییەکانی دەولەتە داگیرکەرەکان، ببنە مایەی پاراستنی خەلک و کیان و سامانی ھەرێمی کوردستان، و پالنەر و سایەی ئەنجامدانی (چاکسازیی سیاسیی و ئیداریی و ئابووریی)، بە ویست و کۆششی (پێویستی) ئێوە هەردوو لایەنی حوکمران، پێکەوە (بەکردەیی و ھەستپێکراویی)، تا ببنە ھۆکاری پاراستن و پێشکەوتنی ھەرێم و مایەی خۆشگوزەرانی خەلکی قوربانیدەر و خۆڕاگری، و جێگەی دەستخۆشییان لێتان؛ لەجیاتی نیگەرانیی و نائومێدیی و بێزاریی و نزاکردنیان لێتان!
ھەرێمی کوردستان چی لە سنگاپووری کۆن، و ڕواندای کاولبوو کەمترە؟ ئا، ئەوان دەولەتن، بەلام ھەرێمی کوردستانیش کیانێکی نیمچە سەربەخۆیە، و ئەو سامانە سروشتییە و ئەو خاکە بەپیتە و ئەو ئاوە سازگارەی ھەرێم ھەیەتی، ئەو دوو دەولەتە نیتیان. ئەزموونەکانی وان بە (ئیدارەی شیاو و دەستپاک و پتەو) لە نەبوونیی و نەھامەتییەوە سەرکەوتوون، بۆیە گەورە حوکمرانانیان بوونەتە مایەی پێشکەوتنی ولاتەکانیان و خۆشگوزەرانی دانیشتووانیان؛ و بوونەتە جێگەی پێزانین و شانازی گەلەکانیان و گشت مرۆڤدۆستان و چاکەخوازانی جیھان.
گەلی ھەرێم دەمێکە بەخۆڕاگریی و پشوویەکی درێژەوە چاوەروانی: گرتنەبەری رێگەی (تەبایی و چاکسازیی ودادپەروەرییە) لێتان.
دەیان سالە دروشمی «کوردستان یان نەمان» بەرزکراوەتەوە، رێگەی یەکەم رێگەی کوردستانە، واتە رێگەی بەخۆداچوونەوە و تەبایی و چاکسازییە؛
بەلام رێگەی دووەم ھەلدێرە و دەبێتە ھۆکاری گەورەترین نوشوستیی و زیان لە مێژووی نوێێ کورد و کوردستان.

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *