پەیامی گرنگیی پێگەی جیۆسیاسیی ھەرێم و ڕەھەندەکانی

سەردانی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزیری بەرگریی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا بۆ ھەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا، پەیامێکی نێودەولەتیی (نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکاو ئەوروپا)ی دیارە:
یەکەم، بۆ گەورە بەرپرسە سیاسیی و حکومییەکانی ھەرێم، کە پێویستە و دەبێت تەبا بن و گرفتە ناوخۆییەکایانیان و کێشە دەرەکییەکانی ھەرێم بەجیدیی چارەسەربکەن، دادوەریی «لە ئیفیلیجبوون»، خوێندن و تەندروستیی «لە بازرگانی پێوەکردن»، سامان و داھات «لە بەھەدەرچوون»، و ئازادی بیروڕا و گوزەرانی خەلکی ھەرێم بەھەموو توانەیەک بپارێزن، یەک لەشکریی فەرمیی بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان دروست بکەن، و ھەلبژاردن کە سەرچاوەی شەرعیەت و بەردەوامیی پەرلەمان و حکومەت و کیانی ھەرێمە، بە زووترین کات ئەنجام بدەن؛
دووەم، پەیامە بۆ حکومەتی عیراق، کە پێویستە واز لە ھەولی لاوازکردنی ھەرێم بھێنێت و گشت گرفتە ھەلپەسێردراوەکان لەگەل ھەرێم بە جیددی و واقیعی چارەسەر بکات، بە تایبەتی گرفتی ناوچە دابرێندراو و «کێشەلەسەرەکان»، بۆیە سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئاشکرا باسی لە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی «کێشەی کەرکوک» کرد، ھەروەھا تەنگژەی نەفت و گاز، کە کێشەی بودجە و گرفتی مووچەشی پێوە بەستراونەتەوە.
سێیەم، پەیامە بۆ تاران و ئەنقەرە، کە ھەرێم پێگەیەکی دەستووری چەسپاوی ھەیە، و پالپشتی دەکرێت، لە لایەن ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان، و پێویستە واز لە ھەولی لاوازکردن و لەھێرش کردنە سەری و لە لەناوبردنی بھێنن، چونکە ئەو کردەوانە: ئاسایشی ھەرێمیی و ئاشتی جیھانیی دەخەنە مەترسیی، واتە پەسەند نین.
بۆیە پێویستە ئەم پەیامە، لە لایەن ھەر چوار لایەن بە جیددی وەربگیرێت و سوودی لێوەربگیرێت.
ھەروەھا پێویستە سەرکردایەتی حزبە کوردییەکانی کوردستانی – تورکیا و کوردستانی – ئیران یش، کە لە ھەرێمن، ڕاچاوی مەبەستەکان و ڕەھەندەکانی پەیامەکە و ڕەوشی ھەستیاری ھەرێم بکەن، و لەم بارەیەوە واقیعی و لە ئاستی بەرپرسیارییەتی بن و ھاوکاری پاراستنی خۆیان و گەلی کورد لە ھەردوو بەش، و خەلک و کیانی ھەرێم بن، چونکە ھەرێمی کوردستان دەرفەت و پشت و پەنای ھەمووانە و دەبێت ھەموو پێکەوە ئاشتی و سەقامگیریی و پێشخستنی بپارێزن.

Check Also

بڕوانامەیەکی راستینە و پلەیەکی شایستە

پاش چەندین سال لە خزمەتی زانست و خوێندکارانی ئازیز و توێژینەوەی ئەکادیمیی، شانبەشانی ھاوپیشەیانی ھێژا …