پەیمانی سیڤەر – پەیمانی لۆزان / ھەرێمی کوردستان / …؟

پەیمانی لۆزان (٢٤/ ٧ / ١٩٢٣)ی «کۆمەلەی نەتەوان – عصبة الأمم – league of Nations» سەد سالە تاپۆی نێودەولەتیی «کۆماری تورکیا»یە، لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای دا؛ بە ھاوکاریی ھاوپەیمانانی سەرکەوتوو لە جەنگی جیھانیی یەکەم (بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا، …)
لە ھەمان کات دا حوکمی وەلانانی بریاریی نێودەولەتی ھەمان «کۆمەلەی نەتەوان»ە، سەبارەت بە سەربەخۆیی بەشێکی گەورەی باکووری کوردستانی ژێر دەسەلاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ھەموو باشووری ئەو بەشەی کوردستان و پاشگەزبوونەوەیە لە داننان بە مافی دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان)، کە دەبوایە لە سالی ١٩٢١، بە پێی ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ ی پەیمانی سیڤەر (١٠ / ٨/ ١٩٢٠) لە بەشێکی گەورەی “کوردستانی عوسمانیی”, پێش دامەزراندنی دەولەتەکانی: عیراق وتورکیا و سوریا دابمەزراندرابوا. ھەروەھا حوکمی دابەشکردنی کورد و کوردستانە لە نێوان چوار دەولەتی نەتەوەیی نوێی تورک و عەرەب و فارس لە رۆژھەلاتی ناوەراست (تورکیا، عیراق، ئیران، سوریا).
پەیمانی لۆزان، نەک تەنیا پەیمانی سیڤەر و دامەزراندنی دەولەتی کوردستانی سڕیەوە، بەلکو ھەردوو وشەی کوردو کوردستانی ھەر تێدا نییە!! واتە بە پێی پلانی دروستکەرانی: «وەفاتنامەی گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان»ە، لەسەر داوای مستەفا کەمال ی دوژمنی ژمارە یەکی کورد و کوردستان و بەرەزامەندیی و واژۆی حکومەتەکانی ھاوپەیمانانی بەرژەوەندیپەرست! چونکە دەولەتە زلەکان ھەمیشە سیاسەتی دەرەوەیان بەپێی بەرژەوەندی ستراتیجی خۆیان پەیرەو و پیادە کردووە و دەکەن.
بەلام مێژوو سەلماندی کە گەلی (کورد) و نیشتمانی (کوردستان) لە کاغەزی پەیماننامەی لۆزان و پەڕاوی میساق و دەستووری ئەتاتورک بەھێزتر و چەسپاوترن، و ھێشتا پاش سەد سال کورد ھەر زیندوون و زۆرترن و وشەی(کوردستان)یش پرشەنگدارترە: ئێستا لە دەولەتی عیراق کیانێکی فەرمی و دەستووریی ھەیە بە ناوی (ھەرێمی کوردستان) – ھەرچەندە جارێ چەند ناوچەیەکی لێدابڕێندراوە؛ بەلام پرسەکە دەبێت بەشێوەیەکی یاسایی و دەستووری چارەبکرێت، ئەگەر کورد وەک پێویست ئیدارەی کیانەکەی خۆیان و پارادیپلۆماسییەت بکەن، و بەرژەوەندی ولاتانی دامەزرێنەری پەناگەی ئارام، واتە ھەرێمی کوردستان ڕاچاو بکەن، و ھاوسەنگیی پارادیپلۆماسیەت لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەلەتیی ڕابگرن.
لە دەولەتی ئیرانیش پارێزگایەک (سنە) بە فەرمی ناوی ئوستانی (کوردستان)ە – ھەرچەندە کوردستانی ئیران چەند ئوستانێکی دیکەش لەخۆدەگرێت؛ لە ئاییندە، دەولەتی ئیرانیش ھەر دەبێت دۆزی کورد و نەتەوەکانی دیکە لەو دەولەتە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دەستووریی چارە بکات، بەلام دەبێت کورد لەوێش بە دانایی و دووربینیی و واقیعیانە سیاسەت پەیرەو و پیادە بکەن، چونکە پرسەکەیان بە سۆز و کلاشینکۆف چارە ناکرێت؛
لە دەولەتی سوریاش کورد ئێستا خاوەنی ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرن، ھەرچەندە ھێشتا بە شێوەیەکی رێک و یاسایی نەچەسپاوە و پاشەرۆژی ناڕوونە، بۆیە دەبێت کورد لەوێش واقیعی و دووربین بن، و نابێت چیدیکە سیاسەتوانانی بەشەکانی دیکەی کوردستان – سەر بە دەولەتانی دیکەی دراوسێ – دەستێوەردان لەو ئەزموونەی وێ بکەن، دەبێت بە دروستی سیاسەتی دەولەتانی ھەرێمیی و زلھێز تێبگەن و یاری بە ئاگر نەکەن، چونکە زلھێزانی رۆژئاوایی و رۆژھەلاتیی بەرژەوەندی خۆیان و پێگەی جیۆپۆلیتیکی تورکیا بەقوربانی کوردی بێ دەولەت ناکەن.
ھەول و دوژمنکارییەکانی نەتەوە پەرستە رەگەزپەرستەکانی ئێستاکەی تورکیا دژی کورد و کوردستان وەک ئی ئەتاتورک لەگەل خۆیان دەبەنە گۆڕ، چونکە نە کورد و نە کوردستانیان پێ لەناونابردرێت. بەلام ئەگەر سیاسەتوانانی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان واتە لە ھەر چوار دەولەت دانا و وریا نەبن، لە ئێستادا حکومەتەکانی ئەو چوار دەولەتە، لەبەر چاوی جیھان، زیانی کوشندە بە کورد و کوردستان دەگەیەنن. لەپاشەرۆژ حکومەتی تورکیاش ناچار دەبێت دۆزی کورد لەوێ بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دەستووریی چارە بکات، ئەگەر بیانەوێت ئاشتی و سەقامگیریی لە تورکیا بچەسپێن، بەلام دەبێت کورد لەوێش دانا و وریا بن و بەباشترین شێوە سوود لە دەرفەتی ئێستاکێی چالاکی سیاسیی بۆیان ھەلکەوتووە ببینن، وبزانن کە دۆزەکەیان بەشەڕ {لەدوورڕا} نەک تەنیا چارەناکرێت، بەلکو گورزی بەردەکەوێت و ئالۆزتر دەبێت.
سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی یاسای نێودەولەتیی و دەستووریی چەسپاوە لە دەولەتی عیراق، بەلام ھەرێم ئێستا بارگرانە بە گرفتی ناوخۆیی و ھەڕەشەی دەرەکیی!
بریاری «کۆمەلەی نەتەوان -عصبة الامم» (١٦/ ١٢ / ١٩٢٥) – جنیف – كە پەیوەست بوو بە گرفتی ویلایەتی موسل، لەسەر داوای بەریتانیا «کوردستانی باشوور »ی بە دەولەتی عیراق لکاند.
بەلام بڕیاری (688) ی ئەنجومەنی ئاسایشی «نەتەوەیەکگرتووەکان – الأمم المتحدة””» (5 / 4 / 1991) لە – نیویۆرک – بنەڕەتی «پەناگەی ئارام – Safe Haven»ە، لە بەشێکی گەورەی «کوردستانی باشوور»، پەناگەکەش بناخەی (ھەرێمی کوردستان)ە، لە ١٩٩٢وە وەک ئەمری واقیع (de facto) و لە ٢٠٠٥وە بەشێوەیەکی یاسایی (de Jura)و دەرفەتێکە و ئاسۆیەکە واتە کەلێنێکە (بۆ گەلی کورد و خەلکی ھەرێم) لە پەیمانی لۆزان کرایەوە- وەک ڕەھەندێکی پەیمانی سیڤەر و وەک راستکردنەوەی بڕیاری “کۆمەلەی نەتەوان”ی ١٩٢٥ – پاش ٦٦ سال – بە یارمەتی و ھاوکاریی ھاوپەیمانانی رۆژئاوایی سەرکەوتوو لە جەنگی سێیەمی کەنداو (بەتایبەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا)؛ و ھێمای ژیاندنەوەی مافی ڕەوای گەلی کوردە لە بەخۆدیاریکردنی ئاییندە، بەبەخۆبەڕێوەبردن لە بەشێکی نیشتمانی، وبە دامەزراندنی کیانێکی کوردستانی نیمچەسەربەخۆ, وەک نیمچەقەرەبوونەوەیەکیش بۆ غەدری پێش ھەفتا سال؛
بەلام پاراستن و گەشەسەندنی کیانی ھەرێمی کوردستان، واتە بەرھەمی ئەم وەرچەرخانە بەندە بە چەند مەرجێک، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەند تەحەددایەکی تووشی ھاتووە و قۆزتنەوەی چەند دەرفەتێک کە تا ئێستاش خراونەتە پێشی لە لایەن ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان بەرجەستە دەبن، لادان لێیان ھەلدێرە و سەرکێشیش لە ئاستیان جەرگبڕە، سەبارەت بە پاشەرۆژی خەلک و کیانی ھەرێم.
بەکورتیی گەلی کورد و گشت خەلکی ھەرێمی کوردستان، ئێستا لە (ھەرێمی کوردستان – عیراق)، خاوەنی کیانێکی نیمچە سەربەخۆی دەستوورین، بەلام لەم کاتە دژوار و ھەستیارەدا، لە بەرامبەر چەند تەحەددا و ئەگەرێکن (ھەرەشە و دەرفەت)، کە پێویستیان بە رێکاریی کردەیی حکومەت و ھێزە سیاسییە دەسترۆیشتووەکانە،بەتایبەتی سەبارەت بە دەستەبەرکردنی تەبایی سیاسیی و چاکسازیی ئابووریی، لەو چەند مانگەی لە پێشیان ماوە – تا بەھاری سالی ٢٠٢٤، ئەگەرنا تای ھەڕەشەکان لە تای دەرفەتەکان قورستر دەبێت، چونکە رەوشیی ناوخۆ زۆر ناڕێکە و دامەزرێنەرانی پەناگە و پارێزەرانی ھەرێمیش سەبری ئەیوبیان نییە – بەتایبەتی سەبارەت بە داواکان و ھۆشداریدانەکانیان لەبارەی ھەلبژاردن، کە سەرچاوەی شەرعییەتی ھەر سێ دەسەلاتەکانی ھەرێمە، و ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان ھەتکیان کرد، و لەبارەی کردنی ھێزی چەکداریی دوو حزب بە ھێزی گشتی و نیزامیی مەشقپێکراو و پڕچەککراوی کیانی ھەرێم، بۆ پاراستنی دروستی ھەرێم و بەرژەوەندییەکانی وانیش لە ھەرێم بە چاکترین شێوە؛ بێگومان ئەوانیش (بەتایبەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) بەرژەوەندی و ئەولەوییەتی خۆیان ھەیە، لە ناوچەی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و لە دەولەتی عیراق و لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر چاوی ڕەشی کورد و بۆ خۆشگوزەرانیی حوکمرانانی کورد پەناگەی ئارامیان دروستنەکردووە و ھەرێمیان دانەمەزراندووە و نایپارێزن و مەسرەفی ناکەن، بۆیە دەبێت حوکمرانانی ھەرێم ئەم جارە تا کات ماوە خێرا دوو ئەرک جێبەجێ بکەن: چاککردنەوەی نێوماڵی کورد لە ھەرێم و خوێندنەوەی سیاسەتی ھاوپەیمانانی پارێزەر بە دروستیی; ئەگەرنا ئەم جارە کار لە کار دەترازێت، و ئەوەی ھاوپەیمانان، بە تایبەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سالی ١٩٩٧ نەیانکرد (دەستبەردان لە ھەرێم), ئەگەرێکی زۆر ھەیە لە سالی ٢٠٢٤ بیکەن. ئەمە خوێندنەوەی منە، پاش پتر لە بیست سال توێژینەوە و کتێب وانە و سیمینار لە بواریی پەیوەندیی نێودەولەتیی.
تەحەدداکان:
تەحەددا خودییەکان
– ناتەبایی سیاسیی «بەتایبەتی لەنێوان سەرکردایەتی ھەردوو حزبی دەسەلاتدار و حوکمران لە سیاسەتی ناوخۆ و پارادیپلۆماسییەتی دەرەوە»،
– شێوازی حوکمرانیی جیا «سیستەمی یەکحزبیی دەسەلات و داھات و ھێز ی چەکدار و ئاسایش و رێکخراوە جەماوەریی و سەندیکا پیشەییەکان و سیاسەتی ڕاگەیاندن» لە چوارچێوەی «دوو زۆنیی»
– نایەکگرتوویی ئیداریی ولەشکریی وھەوالگریی «لە ھەردوو زۆنیی ھەرێم، لەسەر گشت ئاستەکان»
– تەنگژەی دارایی ئالۆز: نارێکیی بودجە ومووچە و قەرزی کەڵەکەبووی حکومەت و لاوازیی سیستەمی بانکیی،
– فەسادی ئیداریی و مالیی «لە دامو دەزگاکانی حکومیی و سیاسیی و لە کەرتی بازرگانی و بینا – وەک دوو کرمی رزاندن؛
و دەستەوەستانی دەسەلاتی دادوەریی»،
– نارێکی کەرتی کشتوکال – کە بڕبڕەی ئابووریی ھەرێمە / «نەپاراستنی بەرھەمیی خۆمالیی و نەبوونی سایلۆ و بەنداو و سیستەمی ئاودێری مۆدێرنی پێویست»،
– بێپلانیی کەرتی خانووبەرە «ھەرەمەکیی دروستکردنی سیتی و شوققە بێ گوێدان بە گۆرینی باری دیمۆگرافی (پێکھاتەی خەلکی) شارە گەورەکانی ھەرێم و بێ حیسابکردنی خزمەتگوزاری پێویست بەتایبەتی ئاو و ئاوەرۆ و كارەبا،
– نەبوونی رێکاری پێویستی ژینگە پارێزیی « لە دۆکەلی موەلیدە و ئۆتۆمۆبێل و نەبوونی ریساکلینگی زبل و کەمیی پانتایی سەوزایی پێویست»،
تەحەددا بابەتییەکان
– پرسە ھەلپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی عیراق «پرسی ناوچە دابرێندراو و کێشەلەسەرەکان / پرسی بودجە و مووچە / پرسی وزە / پرسی ھێزی پاسەوانی ھەرێمی کوردستان»،
– ھێرش و ھەرەشەی میلیشیا شیعییە وەلائییەکان «باسکی چەکداری رژێمی تیۆکراتی ئیران» لە عیراق،
– ھێرش و ھەرەشەی بەردەوامی سوپای تورکیا و ئیران،
– ھۆشداریی و فشاری بەردەوامی ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان «سەبارەت بە بەرھەلستی کردنی فەساد و ئەنجامدانی ھەلبژاردن و یەکخستنی ھیزی پێشمەرگە و فەراھەمکردنی ئازادیی ڕادەربرین»،
– پابەندنەبوونی سەرکردایەتی حزبە کوردییەکانی کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئیران بە مەرجەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ھەرێم و خۆیان / لە جیاتی قیتکردنەوەی زۆنی سێیەم لە گوندەکانی سەر سنوورە نێودەولەتییەکانی ھەرێم و کردنەوەی دوو بەرەی ھێرش وھەرەشەی دیکە لەرووی ھەرێمی کوردستان (بەرەی تورکیا و بەرەی ئیران)، واتە ھارساندنی حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئیران، لە ھەرێمێکی لاواز و بارگران بە گرفت، سەرباری بەرەی ھێشتا کراوە لە ڕووی (بەرەی عیراق)؛ لە کاتێکدا ئەرکی سەرشانیانە کە پابەند بن بە: تەنیا خەباتی سیاسیی لە ھەرێم و پشتگوێ نەخستنی ئەرکی ھەرێم لەبارەی پاراستنی سنووری نێودەولەتیی ھەردوو دەولەتی دراوسێی ھەرێم، و حسێبکردن بۆ ئەنجامی کاردانەوە مەترسیدارەکانی ئەو دوو دەولەتە زلھێزە ھەریمییانە و ھەماھەنگیان لەگەل حکومەتەکانی عیراق و سوریا دژی کیانی کوردیی «نیمچەسەربەخۆ» لەو دوو دەولەتە.

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …