ھۆی کردنی قەزای دھۆک بە پارێزگا و کردنی قەزای ھەولێر بە لیوا چ بوو؟

لە سالی ١٩٦٩ حکومەتی بەعس قەزای دھۆکی کرد بە پارێزگا، ھەرچەندە رژێمی بەعس ئەم ھەنگاوەی بە چاکە لەگەل کورد پێشان دا، بەلام ئەم رێکارەی بەعس بەمەبەستی پێشگرتن بوو لەوەی لیوای موسل لە ئەگەری سەرژمێریی بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان، ببێتە بەشێک لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان، چونکە پلانی دانا بوو بۆ رێکەوتن لەگەل سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلول، سەبارەت بە چارەسەر کردنی ئاشتییانەی دۆزی کورد لە عیراق: لەسەر بنەڕەتی ئۆتۆنۆمی، بۆ ئەو لیوایانەی زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن؛
ھەروەک پاشان لە رێکەوتنی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ رووی دا؛ چونکە لە ئەگەری سەرژمێری بێ جیاکردنەوەی قەزاکانی دھۆک و ئاکرێ و ئامێدی و زاخۆ، کورد لە لیوای موسل زۆرینە دەبوون، لە بەر ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی قەزاکانی شنگال و شێخانیش کورد بوون، و دانیشتوانی کوردی نێو شاری موسل و کوردی ئێزدی و کوردی شەبەکی مەرکەزی مووسلیشیان دەھاتە سەر.
کەواتە ھۆی کردنی قەزای دھۆک بە پارێزگا، بە دابڕاندنی چوار قەزا لە لیوای موسل: تەعریب کردن و دابڕاندنی یەکجارەکی پارێزگای موسل بوو لە کوردستان،
بۆ زانین تاسالی ١٩٢٠ سنجاقی (ليوای) موسل شەش قەزای کوردنشینی ھەبوو: دھۆک، ئاکرێ، زاخۆ، ئامێدی، زێبار و شنگال، بەشێکی گەورەی ناو شاری موسلیش (کەناری رۆژھەلات)کورد بوون. ھەموو ویلایەتی موسلیش لەسەر نەخشەی ئیداری دەولەتی عوسمانی بە کوردستان دانراوە؛ و ویلایەتی بەسرە و ویلایەتی بەغدادیش (جگە لە ناوچەی خانەقین و مەندەلی) بە عیراقی عەرەبی دەناسرا.(بروانە نەخشەی ھاوپێچی دەولەتی عوسمانی سالی ١٨٩٣)
ئینگلیزی داگیرکەر لە ١٩٢١ قەزای زێباری
لە لیوای موسل دابڕاند و بەناوی قەزای مێرگەسۆر خستیە سەر لیوای تازە دروستکراوی ھەولێر: بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە لیوای موسل. ئینگلیزی داگیرکەر لیوای ھەولێریشی بە دابڕاندنی چوار قەزا لە (سنجاقی)لیوای کەرکوک دامەزراند، واتە قەزاکانی ھەولێر و ڕواندز و ڕانیە و کۆیە، نەک وەک چاکە بۆ کورد، بەلکو بەمەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە لیوای کەرکوک (لەبەر بوونی نەفت)؛
بەعسیش ھەمان کردەوەی ئینگلیزی لە سالی ١٩٦٩ لە موسل دووبارەکردەوە و بە ھەمان مەبەست: بۆ تەعریب کردن و دابڕاندنی یەکجارەکی لیوای موسل لە کوردستان.
پاشانیش حکومەتی بەعس خۆی لەسەرژمیریی لە پارێزگای کەرکوک دزیەوە، چونکە ئەنجامەکەی دەزانی (ھەرچەندە سەرژمێرییەکە بەپێی ماددەیەکی رێکەوتنی ئاداری ١٩٧٠ بوو)، وپاش نسکۆی شۆرشی ئەیلول، بەعس جارێکی دیکە ھەمان سیناریۆی ئینگلیزی لە کەرکوکی بچووککراوە دووبارەکردەوە، و لە سالی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ چوار قەزای دیکەی لە پارێزگای کەرکوک جیاکردنەوە: چەمچەمال و کەلار و کفری و دوزخۆرماتۆ، بۆ ئەوەی ھەندەی دیکە رێژەی کورد لە پارێزگاکە کەم ببێتەوە (ئەویش ھەر لەبەر نەفت)، چونکە بەپێی ئاماری سەرژمێریی ١٩٥٧ رێژەی دانیشتووانی کورد لە چەمچەمال و کەلار ١٠٠٪‏ و لە کفری و دووزخورماتۆش پتر لە ٥٠٪‏ (٥٣٪؜ و ٥٤٪؜)بوو (بڕوانە ئەنجامەکانی سەرژمێریی فەرمیی ١٩٥٧).
کەواتە ھۆی دامەزراندنی لیوای ھەولێریش کەمکردنەوەی رێژەی کورد بوو لە لیوای کەرکوک؛
بەلام ئێستاش پاش پرۆسە رەگەز پەرستەکانی تەعریب و ئەنفال و دروستکردنی پتر لە ٤٠ گەڕەکی نوێ (مستوطنة)بۆ عەرەبی ھاوردە لەنێو شاری کەرکوک لە ھەشتاکان، ھێشتا نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووکی دووجار پارچەپارچەکراو و دابەشکراو: کوردن. (بڕوانە زانیارییەکانی ھەلبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پارێزگای کەرکوک).

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …