# تا بگەین بە زمانی نووسینی یەکگرتووی (ستانداردی) کوردیی
# تا بۆ نموونە: یەک وشەی (زمانەوانی) بۆ ناوی (مدرسة – school) لە زمانی نووسینی کوردی، وەک زمانەکانی ھەموو گەلانی جیھان، بچەسپێنێت؟ لەجیاتی دوو وشەی (سیاسیی) دابەشکەری کۆمەلگە و نیشتمان:
قوتابخانە / خوێندنگە؟ / قوتابی / خوێندکار؟
واتە تاوەکو کوردیش لەم رێگەیەوە -لە ڕێگەی کۆری زانیاریی زمانەوە – ببێتە خاوەنی زمانی نووسینی یەکگرتوو (ستاندارد) بۆ خوێندن و ئیدارە و ڕاگەیاندن، و تا گرفتی دوو و سێ وشە بۆ یەک زاراوە بە نووسین یەکلابکاتەوە، و تا ھەلەی بلاوبووەوە (أخطاء شائعة) لە زمانی کوردی وەلا بنێت!
بۆنموونە: بەرامبەر وشەی (عسكري – military) وشەی (لەشکریی) ڕاستە یان وشەی (سەربازی)؟
بێگومان (لەشکریی) ڕاستە،
چونکە (سەرباز) بە عەرەبی = جندی
و بە ئینگلیزیش = solder
بە عەرەبی = عسکري یە نەک جنديي
بە ئینگلیزیش = military یە نەک soldery
راستكردنەوەکە ئەرکی کۆڕی زانیاری کوردییە، ئەو دەبێت ھەموو ھەلە زمانییە بلاوبووەوەکان (أخطاء شائعة) ڕاست بکاتەوە، وەک ئەم ھەلە زەقەی سەرەوە، کە زوربەی نووسەران و کارمەندانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و سیاسەتوانان رۆژانە بە زارەکی و به نووسین دەیکەن!!
بەداخەوە پێش زیاتر لە ٢٠ سال کۆڕ کرایە “ئەکادیمیای کوردی”! پێش ئەوەی کۆڕ ھێشتا ھەنگاوە سەرەتاییەکانی پێشخستن و پاراستنی زمانی کوردی بھاوێت! بۆیە دەبێت کۆری زانیاری کوردی دابمەزرێندرێتەوە، و دەبێت ئەندامەکانیشی کارابن، واتە دەبێت زمانەوانی شارەزا و زمانناسی ئەکادیمی پسپۆر بن. ئەرکی سەرەکیشیان بریتییە لە:
١- پاک کردنەوەی ھەردوو زاری (لەھجەی) شانبەشانی یەکدی لە خوێندن و ئیدارە و ڕاگەیاندن بەکاردەھێنرێن (کرمانجی و سۆرانی) لە ھەلەی بلاوبووەوە (أخطاء شائعة) وەک: وشەی (بەروار) کە بەھەلە بە واتای (ڕێکەوت) یان (date) بەکاردەھێنرێت، یان سەربازی کە بە ھەلە بە واتای (عسکری -military) لە جیاتی (لەشکریی) بەکاردەھێنرێت، … ھتد.
٢- یەک وشەی دیاریکراو بۆ ھەندێک زاراوە دیاربکات، بۆ بەکارھێنان لە نووسین و ڕاگەیاندن وەک زمانەکانی جیھان، جگە لەو دوو وشە سیاسییە نالەبار و جیاوازی دروستکەرەی سەرەوە، بۆ نموونە (طقس – weather) ئێستا ٣ وشە بەکاردەھێنرێن: کەنالێکی تەلەفزیۆن دەنووسێت: (کەش و ھەوا)، یەکێکی دیکە دەلێت: (ئاو و ھەوا)، سێیەمیان وشەی (سەقا) بەکاردەھێنێت!!! یان بۆ (أخبار – news) کەنالێک دەنووسێت: (دەنگ و باس)، دووەم دەلێت: (ھەوالەکان)، سێیەمیش (نووچە) بەکاردەھێنێت!!!
٣- قامووس(فەرھەنگێک) لە ھەر پێنج زاری کوردی دابنێت، و زمانی عەرەبی و بەلای کەم زمانێکی دیکەی بیانیش لەخۆ بگرێت: بۆ بەراوردکاریی.
٤- بەتوێژینەوەی ئەکادیمی دیاری بکات کامە زار (Dialekt) کرمانجی یان سۆرانی گونجاوترە ببێتە بناخەی زمانی ستاندارد، و لەھەرچوار زارەکانی دیکەش وشە و دەستەواژەی رەسەن وەربگیرێن، چونکە ناکرێت زمانی ستاندارد لە تێکەل کردنی ھەر پێنج زار یان ھەردوو زاری ئێستا پێکەوە بەکاردەھێنرێن پێکبھێنرێت، لەبەر ئەوەی لە بواری رێزمان زۆر لە یەکدی دوور کەونووتەوە، ئەمە واقیعە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
٢٧ سالە حکومەتی ھەرێم لە کوردستانی ئازاد نەیتوانیوە لە رێگەی کۆرێکی زانیاری کوردی کردەیی و کارا ئەرکی پاک کردنەوەی زمانی کوردی لە ھەلەی بلابووەوە، و رێکخستنی زاراوە جۆراوجۆر بەکارھێنراوەکان، و ھێنانەدیی زمانی نووسینی یەکگرتووی کوردی (ستاندارد) جێبەجێ بکات!
جاران دەگوترا داگیرکەران: دەسەلاتدارانی عەرەب و تورک و فارس ناھێلن زمانی ستانداردی کوردی بچەسپێت، ئەدی ئەو ھەموو ماوەیەی کورد خۆی بەخۆی بەڕێوەدەبات کێ ناھێلێت یان کێ لەم کەمتەرخەمییە بەرچاو و زیانبەخشە بەرپرسە؟؟
کەی حکومەتی ھەرێم بە نیازە ئەم ئەرکە نەتەوەیی
و نیشتمانییە پیرۆزە جێبەجێ بکات؟؟
لە ڕاستی دا تا حزبایەتی لە کوردستان بەدروستی و بە واتای (political party) نەکرێت، زەمینەی خۆبەڕێوەبردنی دروست لە ھەرێم ناھێتەدی؛ دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی کۆتاییان ناھێت، بناخەی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان لە کوردستانی باشوور ناچەسپێت، کۆڕی زانیاری کارا و پێویستیش دانامەزرێت، لە کەرکوکیش ھەر بە (مدرسه)ی سەر بە زۆنی سەوز دەگوترێت (خوێندنگە) و بە (مدرسە)ی سەر بە زۆنی زەردیش دەگوترێت (قوتابخانە)، ھەرێمێش ئاوا ناتوانێت ببێتە کیانی دامەزراوەکان (دولة مؤسسات)، و مەحالە یاساش بەکردەیی لە سەرووی ھەموانەوە بێت، ئاستەنگە بەرھەلستی فەسادی ئیداری و داراییشی تێدا بە جیددی بکرێت.
بۆ ئەوەی ھەرێم لەم ئەلقە بۆشە زیانبەخشە دەربچێت، و بتوانێت بەھێز و پتەو بێت و بەرامبەر پیلانی گشت داگیرکەرانی کوردستانیش بوەستێتەوە، دەبێت چاکسازییەکی ڕیشەیی، سەرەتا لە بواری سیاسییەوە دەستپێبکات، پێش ھەموو رێکارێکیش سیستەم و کاری حزبایەتی و حوکمرانی بە کردەیی چاک بکرێنەوە و پاک بکرێنەوە، لە کەموکورتی و لە کەسانی لێنەھاتوو و فاسید. ئەمە دەرمانی دەردی ھەرێمی کوردستانە، زامنی پێشکەوتنی ھەرێم و تەبایی و خۆشگوزەرانی خەلکە قوربانیدەر و خۆڕاگرەکەیەتی؛ تۆپەکە ئێستا لە مەیدانی دەسەلاتدارانی سیاسی و حکومییە، ئینجا ھەروەک پێشینان گوتوویانە: “ئەمە ئەرز و ئەمەش گەز”، گەل و مێژوو چاوەروانن، و خوداش شایەدە.
Check Also
پێویستە حزبە سیاسییەکانی کوردی کوردستان-تورکیا و کوردستان-ئیران واز لە شەڕ بھێنن
پێویستە حزبە سیاسییەکانی کوردی کوردستان-تورکیا و کوردستان-ئیران واز لە شەڕ بھێنن و دەبێت ھەموو حزبە …