ئەمە پوختەی وانەیەکی بابەتی «ستراتیجیی»یە بە ناونیشانی (رۆلی سەرکردە و ستراتیجیی لە پرۆسەی بنیاتنانی دەولەت)، بۆ قۆناخی چوارەمی بەشی سیاسەت / کۆلێجی یاسا و سیاسەت / زانکۆی سەلاحەدین، کە چەند سالێک پێشکەشم کرد تا سالی ٢٠١٦، لەگەل دوو کورتە ڤیدیۆی تەلەفزیۆنێک و سایتێک بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە؛
دەکرێت ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە ببێتە نموونە بۆ ھەرێمی کوردستان لەبارودۆخی ئێستای دا، بەمەرجێک ھەمان ستراتیجیی و رێکار بگرێنەبەر لەلایەن بریاربەدەستی یەکەم، و ئەگەر حزبە سیاسییە پەرلەمانییەکانی ھەرێم پشتگیر بن، ھەروەھا ھەموو حزبە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لە ھەرێم دا دەژین و کاری سیاسی دەکەن و لەسەر سنوورە نێودەولەتییەکانی بارەگایان داناوە، ڕاچاوی ڕەوشی دژواری ھەرێم بکەن و واقیعی بن، بەشداریی بکەن لە پاراستنی خەلک و کیانی ھەرێم و ھاوکاری بن بۆ پێشخستنی واتە تێکرای سەرکردایەتی ھەموو حزبە کوردییەکانی: ھەرێم وار و پەناگەیانە لە ئاستی لێپرسینەوەی مێژویی ئەم ئەرکە گەورەیە بن لەم ساتە ھەستیارەدا.
(له سالی ١٩٦٥ حکومەتی ئیتیحادی مالیزیا بریاری دا دەستبەرداری ھەرێمی سنگاپووری ھەژار بێت و ھیچ پارەو شتێکیان بۆ نەنێرێت. ھەرچەندە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم «لی کوان یو» کەوتە دۆخێکی سەخت، بەلام بریاری دا شانی بخاتە ژیر باری بنیاتنانی دەولەت و خۆشگوزەران کردنی گەل؛ بۆیە لە گوتارێکی کورت لە تەلەفزیۆن داوای لەگەل کرد ھاوکاری بن و دەستیان بخەنە نێو دەستی وی.
ئەو وەعدی بە گەل دا کە حکومەتێکی بچووک دابنێت و کەسی شیاو لە گشت جومگە ھەستیارەکانی حکومەت دابنێت، لەسەر بنەڕەتی: شارەزایی و دەستپاکیی و بە رێگرتن لە فەساد؛ بە ھاوکاریی تیمێکی کارا لە بیرمەندان بۆ ڕاوێژی بالا و دانانی ستراتیجییەت بۆ دوو ئەگەر A و B، لەسەر دوو بنەمای ستراتیجی: گرنگی دان بە زانست و توێژینەوەی زانستی و دابینکردنی ھەلومەرجی چاک و شەفاف بۆ وەبەرھێنانی بیانیی – بە خۆشی لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەدوای جێبەجێکردنی ستراتیجیی دا دەچوو، لە فێرگە و نەخۆشخانە و فەرمانگە و کارخانە و وەزارەتەکان؛ داوای لە حزبەکانیش کرد کە خۆیان رێکبخەنەوە و بە خۆیان کاروباری ئیدارە و دارایی خۆیان دەستەبەربکەن و واز لە حکومەت بھێنن، تا حکومەت ئەرکی بنیاتنانی دەولەت بە باشی جێبەجێ بکات.
بەم شێوەیە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی سنگاپوور توانی لە ماوەی پازدە سال سنگاپوور لە ھەرێمێکی بچووکی ھەژار، بێ سامانی سروشتی و بێ خاکی کشتوکالی و بێ ئاوی شیرین بکاتە دەولەتێکی پێشکەوتوو.
ئەگەر ویست و ستراتیجیی ھەبێت:
دەکرێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پشتیوانی خەلکی خۆڕاگری ھەرێم و ھاوکاریی بیرمەندانی شارەزا و دەستپاک سوود لەم رەوشەی ھاتووەتە پێش وەربگرێت و ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە بکاتە پێشەنگ،؛ لە کاتێک دا ھەرێم خاوەنی سامان و خاک و ئاوی چاکە؛ پێویستە حزبە پەرلەمانییەکانی ھەرێمیش بۆخۆیان مشووری دارایی خۆیان بخۆن، و ئەرکی حزبە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی «سەر بە تورکیا و ئیران و سوریا»شە، کە ھەرێم پەناگە و جێگەی ژیان و کاری سیاسییانە، ببنە پشتیوانی خەلک و حکومەتی ھەرێم لەم ھەولە مێژووییە دا وڕاچاوی رەوشی دژواریی ھەرێم و ھەلومەرجی رزگاربوون لە تەنگژەکان و پرۆسەی بنیاتنانی کیان و پێشخستنی بکەن، و پشتی ھەرێم بگرن لە پاراستنی ئاسایش و لە ئەرکی بە پێی یاسای نێودەولەتیی سەبارەت بە پاراستنی سنووری نێودەولەتیی، بۆ ئەوەی ھەمووان بە یەک دەست و یەک دەنگ بەشدار بن لە سەرخستنی ئەزموونی بە: پشتبەخۆبەستن و پاراستنی و پێشخستنی و بەھێزترکردنی ھەرێم و پتر سەربەخۆکردنی ھەرێم و پتر سەرفرازکردنی ھەموو دانیشتووانی و پتەوکردنی پێگەی ھەرێم لە ناوچەکە و زیاتر کردنی سەنگی لە جیھان.
Check Also
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …