پێویستە حزبە سیاسییەکانی کوردی کوردستان-تورکیا و کوردستان-ئیران واز لە شەڕ بھێنن و دەبێت ھەموو حزبە سیاسییە کوردستانییەکان ئیدی سیاسەتی واقیعی دروست و سوودبەخش پیادە بکەن!
تا وابکەن کە خەلک و خاکی ھەردوو پارچەکان و ھەرێمی کوردستان-عیراق بپارێزرێن، نەک شەڕ ببێتە ھۆکاری ئەوەی گوندنشینانی سەر سنوورەکانی ھەرێم لەلایەن فڕۆکە و تۆپی ڕژێمەکانی تورکیا وئیرانیش بکوژرێن و خاکیشی لە لایەن ئەوانیشەوە بسوتێندرێت و کاول بکرێت! ھەرچەندە گشت کوردستان نیشتمانی نەتەوەیی کورد و مالی ھەموو خەلکەکەیەتی بە کورد و گشت کەمینە نەتەوەییەکانی سەدان سالە پێکەوە دەژین، بەلام دەبێت سياسەتوانانی کورد – ئی ھەر چوار پارچەی کوردستانی دابەشکراو بەسەر چوار دەولەتی ھەرێمی – باش لەوە تێبگەن کە ڕاستە نیشتمانی نەتەوەیی پیرۆزە و خۆشەویستە و واری ھەمووانە، بەلام یەکگرتوو نییە، و ھێشتا پارچەیەکیشی نەبووەتە دەولەتێکی سەربەخۆ! ھێشتا کورد دەولەت نەتەوەی خۆی نییە، ھێشتا لەلایەن کۆمەلگەی نێودەولەتی و ڕێکخراوی (دەولەت)نەتەوە یەکگرتووەکان حیسابی دەولەت و مافەکانی دەولەتی بۆ ناکرێت. کوردستانی نێشتمانی نەتەوەیی کورد ھێشتا چوار ژوورە لە چوار ماڵی سەر بە چوار دەسەلاتی ستەمکار و بێ ویژدان و بێ بەزەیی. ھەروەھا دەبێت لەمەش تێبگەن کە دەولەتانی جیھان بە تایبەتی زلھێزەکان، بەرژەوەندییەکی زۆر زۆر گەورەتر لە بەرژەوەندیان لەگەل گەلی کوردی چەوساوە و بێ دەولەت، لەگەل دەولەتە دابەشکەرەکانی کوردوکوردستان ھەیە، و دەیان ڕێکەوتن لە چوارچێوەی پەیوەندی نێودەولەتی بە فەرمی پێکەوەیان دەبەستێتەوە. بۆیە دەبێت سەرکردایەتی گشت حزبە کوردستانییەکان پێش ھەموو شتێک، بەلای کەم لە ئێستاوە واقیعی بن، ئیدی سیاسەتی (Realpolitik)
پەیڕەو و پیادە بکەن.
ھەرێمی کوردستان نیمچە کیانێکی سێ زۆنی نیوە داگیرکراو و لاوازە، و نیشتمان و پەناگەی کوردی ھەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانی دابەشکراوە، و گەلی خۆڕاگری کوردستانی باشوور (عیراق) ھێشتا لە ژێر ھەرەشەی حکومەتەکانی ھەر چوار دەولەتی دابەشکەری کوردستانە، بۆیە مەعقول نییە حزبە سیاسییەکانی کوردی باکوور و ڕۆژھەلات (تورکیا و ئیران)دوو بەرەی جەنگی دیکەش لە سەر دوو سنووری نێودەولەتی (با دەستکرد و ناڕەواش بن) لە دژی دوو دەولەتی زلھێزی ھەرێمی بکەنەوە! بەپێی یاسای نێودەولەتیش ھەموو ولاتێک بەرپرسە لەوەی کە نابێت لە پشت سنوورەکانی ھیچ ھێرشێک بکرێتە سەر خەلک و خاکی ولاتانی دراوسێی و ھیچ ھەڕەشەیەک لە ئاسایشیان بکرێت، بۆیە پێویستە حزبە کوردییەکانی ھەردوو دەولەتی ئیران و تورکیا لەم ڕاستییە بگەن و ئیدی لەمرۆوە واقیعی بن و سیاسەت بە دروستی بکەن و وانە و پەند لە ھەلوێستی ئازەر و بلوج و عەرەب لە ئیران و ھی عەرەب لە تورکیا وەربگرن. مرۆڤی عاقل کە تووشی مەترسی دوژمنێک بووەوە، ناچێت لە ھەمان کات تەحەددای دوو دوژمنی بە ھێزتر لە یەکەمیش بکات، نەخاسمە ڕاگەیاندن و پیادەکردنی جەنگ لە یەک کات دا دژی سێ دەولەت! بە ڕای من بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو ئەو مەترسیانە و ئەو ھەل و مەرجانەی بە واقیعی ھەن، دەبێت حزبە سیاسییەکانی کوردستان – عیراق، ئیدی بنەماکانی دیموکراتی بچەسپێنن و تەبایی سیاسی دروستبکەنەوە و متمانەی گەل بە حزبەکان و بە حکومەتی ھەرێم لە رێگەی چاکسازی و پاکسازییەکی کردەیی پەیدابکەنەوە. ھەروەھا دەبێت حزبە سیاسییەکانی کوردستان – تورکیا و کوردستان – ئیران، واز لە شەڕ بھێنن، چونکە لە ڕاستی دا تەنیا پاساوی خەلکی خۆ بە کوشتدان و نیشتمان کاولبوون، لە ئەنجامی خەباتی چەکداری دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆ و دادپەروەرە. ھیچ کام لە حیزبە سیاسییەکانی ئەو دوو پارچەیەی کوردستانیش دەولەتی سەربەخۆ ئامانجی ستراتیجییان نییە، بۆیە ھیچ بیانووی جەنگیان نییە لە گەل ڕژێمەکانی ئەو دوو دەولەتە، بەلگەی دیاریش لەم بارەیەوە نەکردنی شەڕ «خەباتی چەکداری»یە لە لایەن گەلانی ئازەر وبەلوج و عەرەب لە ئیران و گەلی عەرەب لە تورکیا، جگە لەمەش دەبێت حیسابی کاردانەوەی خراپ و ترسناکی ئەو دوو ڕژێمە توندوتیژە و بارودۆخی دژواری خەلکی گوندەکانی سەر سنوور و ڕەوشی نالەباری ھەرێمی کوردستان بکەن، و پێویستە لەسەریان تەرکیز لەسەر تەبایی نێوخۆیان لە ھەر پارچەیەک و ھەولی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ھەر پارچەیەک لە ھەردوو دەولەتی ناوبراو بە شێوەیەکی واقیعی واتە سیاسی و ئاشتیخوازانە – بە ھاوکاری و ناوبژیکاری ھەرێمی کوردستان – بکەن، ئەگەر نەیانەوێت قوڕەکە بۆ ھەموو کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان خەستتر بکەن.
Check Also
کەی کۆڕی زانیاری کوردی دادەمەزرێندرێتەوە؟
# تا بگەین بە زمانی نووسینی یەکگرتووی (ستانداردی) کوردیی # تا بۆ نموونە: یەک وشەی …