ئەگەر حزبە سیاسییە کوردستانییەکان پشتگیری کاندیدی ھەر کوتلەیەک بۆ سەرۆک حکومەتی عیراقی داھاتوو بکەن(عەید بێت یان زەید)، پێویستە بە پێی پێنج داواکاری بۆ گەل و نیشتمان (مەرجی یەکجار گرنگ بۆ ھەموو خەلک و خاکی کوردستانی باشوور ) ئەوە بکەن؛
واتە دەبێت پالپشتی کاندیدی ئەو کوتلەیە بکەن کە لەسەر داوای واتە مەرجەکانی ھیۆرکردنەوە و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئالۆز ولابردنی ستەم ڕێکدەکەوێت:
١- حکومەتی داھاتوو، ھەرکێ سەرۆکی حکومەت بێت، بە زەمانەتی نوێنەری UN، ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عیراقی تایبەت بە چارەسەری یاسایی و ئاشتیخوازانەی گرفتی ناوچە دابڕێندراوە کێشەلەسەرەکان لە ماوەی یەک ساڵ لە رۆژی دەستبەکاربوونی حکومەتی داھاتوو جێبەجێ بکات. چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە خاکی نیشتمان و لە ھەموو پۆست و پایە و بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بۆ بەرپرسان لە بەغداد گرنگتر و بەھادارترە، بە پۆستی تەشریفی سەرۆک کۆماریشەوە. و.ی.ئەمریکاش لەگەل ئەم ڕێکارەیە، ھەروەک لە ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی لە ٢٠ /١٠ /٢٠١٧ دەردەکەوێت – وێنەکەی لە خوارەوە ھاوپێچ کراوە.
یەکەم ھەنگاویش لەسەر ئەم ڕێگەیە پێکەوە بەڕێوەبردنی ئیداری و لەشکریی و ئاسایشی گشت ناوچە کێشە لەسەرەکان، و ھەلکردنی ئالای فەرمی ھەرێمی کوردستان لە تەنیشت ئالای کۆماری عیراقە، ئەمە پیاوەتی و خێر نییە، بەلکو مافێکی ڕەوا و دەستوورییە، دادگای ئیتیحادی بالاش لە بەغداد دانی بەم ڕاستییە ناوە – بە بڕیارێکی تایبەت. بە پێی یاسای نێودەولەتیش دەبێت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ئالا و رەمزی فەرمی ھەردوو لایەنی کێشەکە ھەبن تا کێشەکە یەکلا دەکرێتەوە.
٢- پێویستە ٣ رۆژ پاش دەستبەکاربوونی حکومەت: ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بارەگای خۆی لە کەرکوک بە ئامادەبوونی ھەموو فراکسیۆنەکان و نوێنەری UN کۆببێتەوە و پارێزگارێکی نوێ لە کورد و جێگرێکی لە عەرەب و سەرۆکێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە تورکمان ھەلببژێرن، بەپێی ئیستحقاقی ھەلبژاردنی پێشان و ھەروەک پێشتر تەوافوقی لەسەر کراوە.
٣- پێویستە ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەل ھێزی پۆلیس و سوپای عیراقی (بە بێ حەشدی شەعبی) پێکەوە وەک ھێزێکی پاراستنی ھاوبەش خەلک و دامەزراوەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بپارێزن.
٤- پێویستە پارێزگای کەرکوک و قەزاکانی خانەقین و شەنگال و مەخمور و دوزخورماتو دەزگایەکی فەرمی و ھاوبەشی ئاسایشیان ھەبێت، کەسەر بە ئیدارەکانەوە بن و کارمەندەکانیان شایستە بن و لە ھەموو پێکھاتەکان پێکبھێندرێن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکان بە شێوەیەکی چاک و پاک و جێگەی متمانە و دلنیایی ھەموو خەلکەکانیان بن.
٥- پێویستە بودجەی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە١٧٪ واتە وەک ئەوە بێت کە تەوافوقی لەسەرکراوە تا سەرژمێرییەکی نوێ بە چاودێری UN دەکرێت،
ھەروەھا پێویستە مووچەی گشت کارمەند و مووچەوەرگرانی ھەرێم وەک خۆی واتە وەک ھی ناوچەکانی دیکەی دەولەتی عیراقی لێبێتەوە، لە بەرامبەریشی دەبێت ھەرێمیش ڕازی بێت کە نەفتی ھەموو عیراق- بەنەفتی ھەرێمیشەوە- (بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیی) تا یاسای نەفت و گاز لە بەغداد دەردەچێت، لەلایەن وەزارەتی نەفتی عیراق بفرۆشرێت.
Check Also
نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ ئەی وەزارەتی ناوخۆ!
نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ …