سەبارەت بە ھێرشی داعش بۆ سەر گوندی چەخماخە لە پارێزگای کەرکوک (ی دابڕێندراوی داگیرکراو)

دەبێت ھەردوو حزبی دەسەلاتدار لە ھەردووک زۆن و وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغداد باش بزانن، کە شێوازێکی خێرا و پەسەندی چارەسەرکردنی باری نائارامی ناوچە دابڕێندراوە «کێشە لەسەرەکان» لەسەر بنەمای ماددەی ١٤٠ دەستوور ، گرنگترین داواکاری کوردە لە ڕێزدار توفیق علاوی (یان ھەر کاندیدێکی دیکە) بۆ دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق. ئەم داوایە ڕەوایە کە پێداویستێەکی ھەنووکەیی چارەنووسسازە: گرنگترە لە پۆستی وەزاری بۆ نوێنەری حزبە کوردییەکان لە بەغداد – واباشە کە ئەمجارە ھەموو وەزیرەکانی کابینەکە کەسانی لێھاتوو و دەستپاک و نیشتمانپەروەری سەربەخۆ بن.
ئەم داوایە گرنگترە لە پەسەندکردنی بودجەش، ھەرچەندە پەسەندکردنی بودجە پەیوەستە بە گوزەرانی ھاولاتیان و زۆر گرنگە، بەلام چارەسەری گرفتی بودجە ئەرکی ھەردوو حکومەتی مەرکەزی و ھەرێمە، چونکە چارەسەری پرسی بودجە بەندە بە رێکەوتن سەبارەت بە دەرھێنان و فرۆشتنی نەفت، کە دەبێت ھەردوو لایەن واقیعی و جیددی بن لە جێبەجێ کردنی رێکەوتنەکەی لە گەل حکومەتی رێزدار عادل عبدالمھدی کراوە.
بێگومان پرسی چارەسەرکردنی ناوچە دابڕێندراوەکان لە پێشترین پرسە، واتە ئەولەوییەتی داواکانی گەلی کورد و خەلکی ھەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستانی بالا و لە پێناو سەقامگیریی بەشێکی گرنگی ولات، چارەسەرییەک کە وابکات گشت پێکھاتەکان پێکەوە بە سەلامەتی و ئارامی و لێبووردەیی وھاوکاریی بژین؛ چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە گیان و مومتەلەکات و کەرامەتی دانیشتووانی لێقەوماوی ئەو ناوچانە و پەیوەستە بە خاکی نیشتمان، و خالی سەرەکی و گرێ کوێرەی دۆزی کوردە لە عیراق.
ناچارم لێرەدا بنووسم: پێویستە سەرکردایەتی ھەردوو حزبی دەسەلاتدار (پارتی و یەکیەتی) لەم پرسی مان و نەمانە، لەم پرسی ژیان و کەڕامەتە ئیدی گوێ لە من و کەسانی دیکەی وەک من ڕاگرن، کە ڕابردووی سیاسی و ئەدای ئێستاکێ و کۆششی شەخسیان وەک رۆژ لە تاقی ئاسمانی ڕوون دیارە، و چەندین کتێب و توێژینەوەی ئەکادیمی و لێکۆلینەوە و گوتاری زانستی بە چەندین زمان و لە چەندین ئامرازی ڕاگەیاندن و لەناوە و دەرەوەی کوردستان بەلگە و شایەدن بۆ ئەم ڕاستییە و ڕەوایی ئەم داوایە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیی بالا.
بەلێ لێرە بە ڕاشکاوی دەلێم لە بارەی ئەم پرسە چارەنووسسازە ئەمجارە گوێ لە من ڕابگرن، چونکە ئەگەر لە کار و پرۆسەکانی پەیوەندیدار بەم پرسە گوێ لە من ڕاگیرابووایە، بێگومان ئەنجام بەم شێوەیە دژوارە نەدەبوو؛ بەلێ ئەگەر ڕاوێژە خۆبەخشەکانی من بەھەند وەرگیرابوان: کە لە ھاوینی ٢٠٠٥ بانگ کرام بۆ پیرمام بۆ ڕاوێژ سەبارەت بە دەستووری عیراق، و کە لە کۆتایی ٢٠٠٧ بانگ کرام بۆ پەرلەمان سەبارەت بە وەی چ بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠، و کە لە بەھاری ٢٠٠٨ بانگ کرام بۆ وەزارەتی کاروباری ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ ڕاوێژ سەبارەت بە ناوچە عەرەبییە شیعە نشینەکانی چوار چێوەی ماددەی ١٤٠، و کە لە مایسی ٢٠١٢ بانگ کرام بۆ سیمینار بۆ نوێنەرانی سەرۆکایەتی ھەرێم وحکومەت بۆ پوختەی ئەو توێژینەوەی بە شەش مانگ لە زانکۆی ئێرفۆرت – ئەلمانیا ئەنجامم دا لەبارەی (ناوچە دابرێندراوکێشەلەسەرەکان)، و کە لە مایسی ٢٠١٧ بانگ کرام بۆ مەسیف بۆ ڕاوێژ سەبارەت بە پڕۆسەی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی، بێگومانم لەوەی زۆر شتی زەرەرمەند بۆ ھەرێم و خەلکی ناوچە دابڕێندراو کێشەلەسەرەکان کە ڕوویان دا، دەکرا خۆی لێ لابدرێت، و ئاکام بەم شێوە دژوارەی ئێستا نەدەبوو.
بەھەرحال ئەگەر دەسەلاتدارانی سیاسی ھەرێم و حکومەتی ھەرێم ئەم جارە بەجیددی بیانەوێت ئەم گرفتە چارەنووسسازە بە شێوەیەکی دروست و بە راوێژی کەسانی شارەزا و دلسۆز بۆ گەل و نیشتمان چارەسەر بکرێت، دەبێت شانازیی بە راوێژیان بکەن، و بایەخ بە راوێژەکانیان بدەن، چونکە ڕاوێژی بێ بەرامبەری پسپۆر و شارەزای پاکی کورد زۆر گرنگتر و بەسوودترە لە ڕاوێژی گرانبەھای کەسایەتی مەدەنی و لەشکریی خانەنشینی بیانی کە ھیچ کارتێکردنێکیان لە بریاری سیاسی دەولەتەکانیان نییە و ئاگایان لە ھەلومەرجی واقیعی ناوچەکە نییە.
تەنیا پاداشی ڕاوێژکاری شارەزای پاکی خۆبەخشی کورد، دەیانەوێت: شانازیی بەشداریکردنە لە چارەسەری گرفتە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە لەبەر کەموکورتی لە ئەدای سیاسی و حکومی و لەبەر بوونی کەسانی لێنەھاتوو و ناشایستە لە جومگە ھەستیارە سیاسی و حکومییەکان، و لەبەر بایەخ نەدانی بەرپرسانی بالای ھەرێمە بە ڕاوێژ و ئامۆژگاریی بێ بەرامبەری پسپۆر و شارەزایانی نیشتمانپەروەری سەربەخۆی جرئ.
لەکۆتایی دا ئەم داوایەی من لێرە: ھەم داوایە لە پێناوی چارەسەرکردنێکی دروستی سەرەکیترین و گرنگترین گرفت لە نێوان حکومەتی ئیتیحادیی (مەرکەزی) عیراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، و ھەم زەنگێکی دیکەیە سەبارەت بە ئاسۆی ئاییندەی ھەرێمی کوردستان.

Check Also

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ ئەی وەزارەتی ناوخۆ!

نە “پێشبرکێی ڕاگەیاندنیی” وا دەبێت؛ ئەی پەیامنێری تەلەفزیۆن! و نە “دوکانی چەک فرۆشتن” بەم شێوەیەیە؛ …