بێی تەبایی سیاسی کێشەکانی ھەرێم لەگەل دەوروبەر چارەسەر ناکرێن و چاکسازییش لە ھەرێم بەکردەیی جێبەجێ ناکرێت، و تەنیا بە چاکسازیی ئیداریی و ئابووری و سیاسیش سەقامگیریی و خۆبەڕێوەبردنی ھەرێم دەپارێزرێن!
ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان گەورەترین دەسکەوتی ھەموو گەلی ھەرێمە، چونکە مایەی پاراستنی گیان و ژیان و ماڵ و مولک و پێکەوەژیان و ئارامیی رەوشی ھەموو خەلکی ھەرێمی کوردستانە،
بۆیە پاراستنی ئەم سەقامگیرییە پڕبەھایە چەند بەرپرسیارییەتی حکومەتی ھەرێم و دەزگا ئەمنی و ھێزە چەکدارەکانیەتی (پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش)، ئەو ھەندەش ئەرکی حزبە پەرلەمانییەکان بەتاێبەتی و ھی ھەموو ھاولاتیانی ھەرێمە بەگشتی، لەبەر ئەوەی ھەمووان پێکەوە لە سایەی دا لە گشت ھەڕەشەیەکی ئاسایشیی و تەندروستی ناوخۆیی و لە ھەموو پیلانێکی دوژمنانی دەرەکیی دەپارێزرێن.
سەبارەت بە تەبایی حزبە پەرلەمانییەکانیش، ئەزموون و بەلگەی مێژویی سەلماندوویانە، کە سەرکەوتن تەنیا لە مایەی تەبایی و یەک ھەلوێستی سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و تەنگژە مەترسیدارەکان بەدەستھاتوون، نموونەش بەرگریی و خۆڕاگریی ڕاپەڕینەکەی سالی ١٩٩١ بەرامبەر ھێرشیی دڕندانەی رژێمی بەعس، و تێکشکاندنی ھێرشی دڕندانەی داعشن بۆ سەر ھەرێم (بەپشتیوانیی ھاوپەیمانان)؛ ناتەبایی و دووبەرەکیش ھەمیشە مایەی شکست و زەرەر و نەھامەتی بووە، روونترین نموونەش سێ زنجیرە شەڕی شومی ناوخۆی حزبەکان و زیانە جەرگبڕەکانی بوون، لە ناوەندی شەستەکان و ناوەندی حەفتاکان و ناوەندی نەوەتەکان!
چاکسازی ئیداری و ئابووری و سیاسیش لە ھەرێمی کوردستان پێویستییەکی ژیاریی و مەرجی سەرەکی سەرکەوتنە، و بەدینەھێنانیشی ھۆکاری سەرەکی گەورەترین شکست و بەزەبرترین گورز دەبێت لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان؛ بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمانی ھەرێم و سەرکردایەتی حزبە پەرلەمانییەکان لە ئاستی بەرپرسیارییەتی مێژویی بن و ئەرکی سەرشانیان لەم رەوشە ئالۆزە و لەم رۆژگارە دژوارە دا بە دروستی جێبەجێ بکەن. جا یان بەتەبایی و یەک ھەلوێستیی سەردەکەون یان بە نەیاریی و دووبەرەکیی تووشی شکست و نەھامەتییەکی یەکجار گەورە دەبنەوە.
Check Also
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟
تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …