بۆ ئینگلیز پێش ١٠٠ سال پەشیمان بووەوە، لە دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان) لە سالی ١٩٢١؟

بۆ ئینگلیز پێش ١٠٠ سال پەشیمان بووەوە، لە دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان) لە سالی ١٩٢١؟
و چۆن کورد دەتوانن پاش ١٠٠ سال لەم ستەمە (ھەرێمی کوردستان) -کە کیانێکی نیمچە سەربەخۆیە – بپارێزن لە نوشوستیی وپێشیبخەن؟
پێش ١٠٠ سال، دانا و دیپلۆماتی کورد (شەریف پاشای خەندان)، بە پشتبەستن بە بەلێنی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا، لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانیی، بە داننان بە مافی چارەنووسی ھەموو گەلانی ناتورکی ژێر دەستی دەولەتی عوسمانی، توانی بە ژیریی خۆی: فەرەنسا و بەریتانیا و لایەنەکانی دیکەی «ھاوپەیمانان» ئیقناع بکات: کە پێویستە گەلی کوردیش، بەلای کەم لە بەشێکی گەورەی نیشتمانی باوک و باپیرانی بگاتە مافی بە خۆ دیاریکردنی ئاییندە (right of self-determination)، و دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان)؛ و لە سایەی کۆششی عەقلانی خۆی و لە ڕوانگەی سیاسەتی واقیعیی وای کرد کە ئەم مافە ڕەوایەی گەلی کوردیش لە ماددەکانی: ٦٢ و ٦٣ و٦٤ ی «پەیمانی ئاشتی سیڤەر (١٠ ئاب ١٩٢٠)» بچەسپێندرێن. (بڕوانە ناوەرۆکی ماددە ناوبراوەکانی پەیمانی سیڤەر)؛
بەلام لە بێ بەختیی گەلی کورد کۆمیساری سیڤیلی ئیدارەی ئینتیدابی ئینگلیزی داگیرکەر لە بەغداد (Arnold Welson) و مەندوبی سامی (Percy Cox) و خانمە کارگێری ئیدارەکە (Mss Gertrude Bell)، زۆر بە توندی دژی دامەزراندنی دەولەتی کوردستان وەستان، و رێگەیان نەدا کە نوێنەرانی کورد لە کوردستانی باکوور و کوردستانی باشوور بچن بۆ پاریس، و پلانی دابەشکردنی بەشی کوردستانی ژێر دەسەلاتی عوسمانیان بۆ ٣ پارچەی لکێندراو بە ٣ دەولەتی تازە دامەزرێندراوی تورکی و عەرەبی (تورکیا و عیراق و سوریا) داڕشت و توانیان حکومەتی بەریتانیای پێ ئیقناع بکەن، کە لە داننان بە مافی گەلی کورد لە دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان) بەتایبەتی و لە پەیمانی سیڤەر بە گشتی پەشیمان ببێتەوە؛ و ئینگلیزیش لایەنەکانی دیکەی ھاوپەیمانانی بەم بیرۆکە «نەکبەتییە» دژی کورد ئیقناع كرد؛ بۆ ئەم مەبەستەش بە نھێنی رێککەوتن لەگەل مەلیک فەیسەلی عەرەب و لەگەل جەنەرال مستەفا کەمالی تورک – کە ھەولی روخاندنی دەولەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەولەتێکی تازە لە پاشماوەی دەولەتی عوسمانی بەناوی (تورکیا) واتە «نیشتمانی تورکان»ی دەدا و لە کۆتایی ١٩٢٣ دا دروستی کرد.
بە پێی سەفقەیەکی سێقۆلی لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و جەنەرال مستەفا کەمال و مەلیک فەیسەلی حیجازی، کە ئینگلیزی داگیرکەر کردبووی بە مەلیکی دەولەتی تازە دامەزراوی (عیراق) لە ھەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغدادی ناسراو بە «عیراقی عەرەبی».
ناوەرۆکی ئەم رێکەوتنە نھێنییە لەسەر حیسابی مافی رەوای گەلی کورد و پاشەرۆژیی! کە پاش ٣٠ سال دەکرا ئاشکرا بکرێت بریتییە لە: ئینگلیز بەلێن دەدات بە جەنەرال مستەفا کەمال و مەلیک فەیسەل حسین، کە لە دامەزرانی دەولەتی کوردستان بەپێی پەیمانی سیڤەر پاشگەز دەبێتەوە، ئەگەر ئەو دەولەتەی مستەفا کەمال بە ناوی «تورکیا» دروستی دەکات، واز لە داواکردنەوەی ویلایەتی موسل بھێنێت -کە لەسەر نەخشەی دەولەتی عوسمانی بە کوردستان دادەنرێت – و بلکێندرێت بە دەولەتی عیراق، کە لە ١٩٢١ لە دوو ویلایەتە ناوبراوەکان لەسەرەوە دروست دەکرێت؛ بەمەرجی دووەمیش، کە مەملەکەتی عیراقیش رازی بێت بە دانی ئیمتیازی نەفتی ویلایەتەکە بە ئینگلیزو ھاوپەیمانانی فەرەنسی و ئەمریکی، ھەروەھا بە رازی بوونی مەلیک بە ماوەی ٢٥ سال ئینتیداب لەسەر دەولەتی عیراق. لە ئەنجامی ئەم رێکەوتنە نھێنییە سێقۆلییە و ئەم پیلانە ستەمکارانەی سێ کاربەدەستە ئینگلیزەکانی بەغداد، و بە سەرپەرشتی حکومەتی بەریتانیا، لە سالی ١٩٢٣ -بە چەند مانگێک پاش رازی بوونی مەلیک فەیسەل بە دانی ئیمتیازی نەفت بە بەریتانیا، و چەند مانگێک پێش دامەزراندنی دەولەتی تورکیا لە کۆتایی ١٩٢٣ لە لایەن مستەفا کەمال، پەیمانی لۆزان جێگەی پەیمانی سیڤەری گرتەوە (بڕوانە: وليد حمدي، الکرد وکردستان في الوثائق البريطانية، لندن، ١٩٩٢- بە pdf یش لە ئینتەرنێت ھەیە، و بڕوانە ناوەرۆکی پەیمانی لۆزان)؛ ئاواش نەک تەنیا مافی کورد لە دیاریکردنی ئاییندەی خۆی بەخۆی و دامەزراندنی دەولەتی کوردستان لە سالی ١٩٢١ پێشێل کرا، بەلکو ئەم پەیمانە نوێییەی کۆمەلەی نەتەوەکان (عصبة الامم) ھەر ناوی کورد و کوردستانیشی تێدا نییە!!! و چونکە سێ کەسە کاربەدەستە ئینگلیزەکانی بەغداد بۆ دەسەلاتدارانی بەریتانیایان ڕوون کردەوە، کە ئەگەر دەولەتی کوردستان بە پێی پەیمانی سیڤەر دابمەزرێت، و بەپێی پلانی شەریف پاشای خەندان بکرێتە دەولەتێکی مەدەنیی، ئەوا خاکەکەی و سەرچاوەکانی ئاوی ھەردوو روباری ستراتیجی دیجلە و فورات لە کوردستانی باکوور و سەرچاوەکانی نەفت و دەشتە کشتوکالییە بە پیتەکانی کوردستانی باشوور دەبنە مایەی ئەوەی دەولەمەندترین و بەھیزترین و جوانترین دەولەتی مەدەنی و مۆدێرن لە ناوچەکە بۆ گەلێکی جەنگاوەر و کۆمەلگەیەکی کراوە دروست ببێت؛ ئەمەش بەباوەڕی وان گەورەترین مەترسی و گورز دەبێت لە بەرژەوەندییە ئیستیعمارییەکانی بەریتانیا و ھیچ رۆلێکی گرنگیان لە ناوچەکە دا بۆ ناھێلێتەوە! ھەرچەندە کەسی چوارەمی ئینگلیز (مێجەر نوێل. Major Edward Noel) لەگەل ئەم بیرۆکە و پلانە دژی گەلی کورد نەبوو، و بە باشی نەدەزانی دۆزی کورد بەم شێوە چەوت و نادادپەروەرە مامەلەی لەگەل بکرێت، کە لە بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش نییە، بەلام سێ کەسە دژەکوردەکان لە بەغداد وایان کرد کە مێجەر نوێل بە یەکجاری لە کوردستان و لە عیراق بۆ بەریتانیا دوور بخرێتەوە! و ئەو کە لەسەرەتا وەک ڕاوێژکاری ئیداری (حوکمدار ) شێخ مەحمود دانرا، پاشتر کە مێجەر نوێلیان لادا، کۆنە جاسوسێکی خۆیان (مێجەر سۆن – Major Soane)، کە پێشتر بە چەندین سال ناردبوویانە کوردستانی باشوور، لەجێی وی کردیانە کەسی چوارەم و ڕاوێژکاری شێخ مەحمود، بەلام ئەو وەک حاکمی کردەیی مامەلە و ھەلسوکەوتی دەکرد لەو ناوچانەی لەژێر حوکمداریی شێخ مەحمود دا بوون، و بە پێی سیاسەتی ئیستیعماریی (دابەشکە و زاڵ بە – divide and rule) سەرۆک ھۆزەکانی کوردی دەڤەرەکەی لە دژی شێخ مەحمود ھان دەدا، بۆیە شێخ شۆرشی ھەلگیرساند.
ھەرچەندە چەرچل ( Winston Churchill) کە ئەوکاتە(١٩٢١) وەزیری موستەعمەرات بوو، لە کۆنگرەی قاھیرە رای وابوو، کە وەک بەدیل کوردستانی باشوور «Southern Kurdistan» -کە تا ١٩٢٥ پرسەکەی ھەلواسراو بوو و لە ھەموو نووسراوە فەرمییەکانی بەریتانیش بەم ناوە ناسراوە و مەبەستیش ھەموو ویلایەتی مووسلە -بکرێت بە دەولەتی کوردستان (لەو کاتە ئینگلیز ١٤ خێل و بنەمالەی لە کەنداوی «فارسی-عەرەبی» کرد بە دەولەت: آل سعود (سعوديه)، آل مبارک (کویت) … قەتەر، بەحرەین، ٧ خێلی پاشان ئیماراتیان پێکھێنا، عومان، حەزرەموت و یەمەن؛ بەلام سێ کەسە ئینگلیزە دژە کوردەکەی بەغداد لێنەگەڕان یەک پارچەی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی دیپلۆماتێکی دانا و رۆشنبیرێکی پێشکەوتنخوازیش (شەریف پاشا) ببێتە دەولەتێکی سەربەخۆ! وکە ٣ کاربەدەستە دژە کوردەکان لە بەغداد بۆیان ڕوون کردەوە، کە ئەمەش باش نییە بۆ بەرژەوەندی ئیستیعماریی دوورخایەنی وان، و بۆ وان ئەم ویلایەتە لە حالەتی لکاندنی بە دەولەتی عیراق، دەبێتە سەری عیراق لە بواری جیۆ سیاسی و لەشکریی، و سەرچاوەیەکی گەورەی کانزا، و سەبەتی دانەوێلەی عیراق، و سەنتەرێکی بازرگانی گرنگی ئەم عیراقە دەستکردەی خۆیان،کە بەنیازن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەک مانگایەکی شیردار بیدۆشن، مەسرەفی چەوساندنەوەی کوردیش لەوێ بخەنە سەر حکومەتی عیراق (بڕوانە: عزیز شریف، المسألة الكردية في العراق، ط٣، ستوكهولم، ١٩٨٧).
بۆیە ھەر کە مەلیک فەیسەل و مستەفا کەمال بە مەرجەکانی بەریتانیا رازی بوون، ئینگلیز دەستی کرد بەجێبەجێ کردنی پلانەکە و وای کرد کە کۆمەلەی نەتەوەکان لە ٢٥ ی دێسەمبەری ١٩٢٥، بریار بدات کە ویلایەتی موسل «کوردستانی باشوور»، بە مەملەکەتی عیراقەوە بلکێندرێت؛ و لەو کاتەشەوە ئینگلیز ٤٧٪‏ پشکی ئیمتیازی نەفتی لیواکانی کوردستانی باشوور «ویلایەتی مووسل» پێبڕاو، فەرەنسا و ئەمریکاش ھەریەکەی ٢٣،٥٪‏ و ٥٪‏ درا بە دەلالێکی ئەرمەنی دەولەتی عوسمانی روخاو (کۆلبەنکیان) لە کۆمپانیایەک بە ناوی «کۆمپانیای نەفتی عیراق- IPC» کە تا سالی ١٩٧٣ بەردەوام بوو.
لە پایزی ١٩٢٣ وە ئینگلیز بوو بە پشتیوانی دەولەتی تورکیای تازە دامەزراو (١٩٢٣)، لە لایەن جەنەرال مستەفا کەمال پاشای ناسراو لەوکاتەوە بە باوکی تورکان «ئەتا تورک».
بۆیە دەبێت پاش ١٠٠ سال، سیاسەتوانانی کورد تێبگەن، کە دەرفەتی دامەزراندنی دەولەتی کوردستان لە کوردستانی باشوور (کوردستان – عیراق)، کە لە ١٩٩٢ وە ھاتووەتە پێش، تەنیا بە زەمینە سازییەکی تەواو و بە دانایی سیاسیی، واتە بە خۆبەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی ھەرێم و دەستپاکییەکی دیار ، و چاکسازییەکی کردەیی ھەستپێکراو کە متمانەی گەلی خۆڕاگری ھەرێم بە حکومەتی ھەرێم مسۆگەر بکات – پێش ھەموو شتێک بە راوەستاندنی نەزیفی فەساد و بەرھەلستی کردنی بە کردار، و بە تەبایی سیاسیی ستراتیجی و راستی حزبە پەرلەمانییەکانی ھەرێم و ھاوکاریی و تێگەیشتنی حزبە کوردییەکانی تورکیا و ئیران بۆ رەوشی دژواری ھەرێم و وازھێنان لە کردەوەی لەشکریی (دژی ئەو دوو دەولەتە زلھێزە ناوچەییەی دراوسێ بە دوو سنووری نێودەولەتی درێژ لەگەل ھەرێمی کوردستان لە ھەرێمی کوردستانەوە!!)، و بە پارادیپلۆماسییەتێکی ژیر لەگەل دەولەتانی دراوسێی دابەشکەری کوردستان و سوپەرپاوری سیاسەتی نێودەولەتی و ولاتانی بەھێزی جیھان – لەوانە بەریتانیا، دەڕەخسێت و بەدی دەھێت.
——————————-
پوختەی دەرەنجام:
* بەرژەوەندی ئیستعماریی ئەو کاتەی بەریتانیا لە رۆژھەلاتی ناوەراست، ھۆی سەرەکیی پاشگەزبوونەوەی ئینگلیز بوو لە دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان) بە پێی پەیمانی نێودەولەتیی سیڤەر، نەک ھۆ و فاکتەری دیکە؛ چونکە ئینگلیز – و دەولەتانی زلھێز – بە پێی بەرژەوەندییە ژیاریی و تایبەتییەکانی خۆیان سیاسەتی دەرەوەیان پەیڕەو و پیادە دەکەن، نەک لە ڕوانگەی ڕک و کینەی کۆن یان بە ھۆکاری سۆزیی ئایینیی؛ بۆیە بابەتی جەنگی سەلاحەددین دژی خاچپەرستان و پرسی شۆرشی شێخ مەحمودی بەرزنجەیی و شێخ سەعیدی پیران کە پیاوی ئایینی بوون، ھیچ پەیوەندییەکی نەبوو، بە ھەلوێستی ئیستیعماریی بەرژەوەندی پەرستیی ئەو کاتەی ئینگلیز ، لە دژی دامەزراندنی (دەولەتی کوردستان).

Check Also

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

تەنگژەی دارایی ئەم جارەی ھەرێم چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ و دەبێت حکومەتی ھەرێم چۆن چارەسەریی بکات؟ …